Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 90:1-6

کۆکراوەی بەشی چوارەم

زەبوورەکانی 90‏–106

نوێژێکی موسای پیاوی خودا.

90 ئەی پەروەردگار، نەوە دوای نەوە
    تۆ پەناگامان بوویت.
بەر لەوەی چیاکان پەیدا ببن،
    یان زەوی و جیهان دروستببن،
    لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە، تۆ خودایت.

تۆ مرۆڤ دەکەیتەوە بە تۆز،
    دەفەرموویت: «ئادەمیزادینە، بگەڕێنەوە بۆ تۆز.»
چونکە لەلای تۆ، هەزار ساڵ
    وەک دوێنێ وایە کە تێپەڕیوە،
    وەک بەشێکی شەو وایە.
مرۆڤ وەک خەون ڕادەماڵیت،
    وەک ئەو گیایەی سەر لە بەیانی نوێ دەبێتەوە،
سەر لە بەیانی دەبووژێتەوە و نوێ دەبێتەوە،
    بۆ ئێوارە سیس دەبێت و دەفەوتێت.

زەبوورەکان 90:13-17

13 ئەی یەزدان، تووڕەییەکەی دابمرکێنەوە! هەتا کەی؟
    لەگەڵ خزمەتکارەکانت میهرەبان بە.
14 سەر لە بەیانی لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت تێرمان بکە،
    هەتا هەموو ڕۆژانی ژیانمان هەلهەلە لێبدەین و دڵشاد ببین.
15 دڵشادمان بکە ئەوەندەی بۆ ئەو ڕۆژانەی تووشی ناخۆشیت کردین،
    ئەو ساڵانەی کە خراپەمان بینی.
16 کردەوە مەزنەکانت بۆ خزمەتکارەکانت دەربخە،
    شکۆمەندیت بەسەر منداڵەکانیان.

17 با نیعمەتی خودای پەروەردگارمان بەسەرمانەوە بێت،
    کردەوەکانی دەستمان بۆ بچەسپێنە،
    بەڵێ، کردەوەکانی دەستمان بچەسپێنە.

دواوتار 32:1-14

32 گوێ شل بکە ئەی ئاسمان، وا قسە دەکەم،
    با زەویش گوێ بگرێت لە وشەی دەمم.
فێرکردنم وەک باران دەبارێت،
    وشەم وەک شەونم دەتکێت،
وەک نمە باران بەسەر سەوزایی
    وەک ڕەهێڵ بەسەر گیا.

ناوی یەزدان ڕادەگەیەنم،
    مەزنایەتی بە خودامان ببەخشن.
خودا تاشەبەردە، کردارەکانی تەواوە،
    چونکە هەموو ڕێگاکانی دادپەروەرییە،
خودایەکی دڵسۆزە، ستەمکاری تێدا نییە،
    ئەو ڕاستودروست و دادپەروەرە.

لە ڕەفتاردا گەندەڵ بوون لە بەرامبەر ئەو
    چونکە لەکەدارن، کچ و کوڕی ئەو نین، کەموکوڕییان ئەوەیە،
    نەوەیەکی چەوت و خوارن.
ئایا بەم شێوەیە پاداشتی یەزدان دەدەنەوە،
    ئەی گەلی گێل و نادانا؟
ئایا ئەو باوک و دروستکەرتان نییە،
    ئەوەی دروستی کردن و پێکی هێنان؟

یادی ڕۆژانی دێرین بکەنەوە،
    لە ساڵانی نەوەکانی پێشوو وردبنەوە،
لە باوکتان بپرسن پێتان ڕادەگەیەنێت،
    لە پیرانتان بپرسن پێتان دەڵێن.
کاتێک خودای هەرەبەرز نەتەوەکانی بەش بەش کرد،
    کاتێک نەوەی ئادەمی دابەش کرد،
سنووری بۆ گەلان دانا،
    بەگوێرەی ژمارەی نەوەی ئیسرائیل.
بەشی یەزدان گەلەکەیەتی،
    یاقوب بەشی میراتەکەیەتی.

10 لە خاکێکی چۆڵ دۆزییەوە،
    لە چۆڵەوانییەکی ترسناک و وێراندا،
دەوری دا و بایەخی پێیدا،
    وەک گلێنەی چاوی پاراستی.
11 وەک هەڵۆ هێلانەی خۆی دەهەژێنێت،
    لەسەر بێچووەکانی باڵەفڕکێ دەکات،
باڵەکانی لێک دەکاتەوە و دەیبات،
    لەسەر شاپەڕەکانی هەڵیدەگرێت.
12 ئاوا یەزدان بە تەنها ڕابەرایەتی کرد،
    هیچ خوداوەندێکی بێگانەی لەگەڵ نەبوو.

13 سواری بەرزاییەکانی زەوی کرد،
    لە بەروبوومی دەشتودەری خوارد،
لە تاشەبەردەوە هەنگوینی دەرخوارد دا،
    زەیتیش لە بەردەئەستێوە.
14 دەڵەمە[a] و شیری مەڕوماڵات،
    لەگەڵ دوگی[b] بەرخ و
بەرانی باشان و تەگە[c]،
    لەگەڵ چەوری ناوکی گەنم.
تۆ لە خوێنی ترێ شەرابت خواردەوە.

دواوتار 32:18

18 ئەو تاشەبەردەی ئێوەی بوو وازتان لێ هێنا،
    ئەو خودایەی لەدایکبوونی پێداین لەبیرتان کرد.

تیتۆس 2:7-8

لە هەموو شتێکدا ببە بە نموونەیان بۆ چاکەکاری. لە فێرکردندا دروستی و دڵسۆزی پیشان بدە، با قسەت دروست بێت و ڕەخنەی لێ نەگیرێت، تاکو ناحەز شەرمەزار بێت چونکە هیچی خراپ نادۆزێتەوە لە دژتان بیڵێت.

تیتۆس 2:11-15

11 نیعمەتی خودا دەرکەوت و ڕزگاری پێشکەشی هەموو خەڵک دەکات. 12 ئەوەی فێرمان دەکات نکۆڵی لە خوانەناسی و هەوەسە دنیاییەکان بکەین، بە ژیری و ڕاستودروستی و لەخواترسی بژین لەم دنیایە، 13 لە چاوەڕوانی هیوای بەرەکەتدار، دەرکەوتنی شکۆی خودای گەورە و ڕزگارکەرمان، عیسای مەسیح، 14 ئەوەی بۆ ئێمە خۆی بەختکرد، تاکو لە هەموو سەرپێچییەک بمانکڕێتەوە و گەلێکی تایبەت بۆ خۆی پاک بکاتەوە، دڵگەرم بۆ چاکەکاری.

15 بەمانە بدوێ، هانبدە و بە هەموو دەسەڵاتێک سەرزەنشت بکە. کەس بە کەمت نەزانێت.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.