Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
کۆکراوەی بەشی چوارەم
زەبوورەکانی 90–106
نوێژێکی موسای پیاوی خودا.
90 ئەی پەروەردگار، نەوە دوای نەوە
تۆ پەناگامان بوویت.
2 بەر لەوەی چیاکان پەیدا ببن،
یان زەوی و جیهان دروستببن،
لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە، تۆ خودایت.
3 تۆ مرۆڤ دەکەیتەوە بە تۆز،
دەفەرموویت: «ئادەمیزادینە، بگەڕێنەوە بۆ تۆز.»
4 چونکە لەلای تۆ، هەزار ساڵ
وەک دوێنێ وایە کە تێپەڕیوە،
وەک بەشێکی شەو وایە.
5 مرۆڤ وەک خەون ڕادەماڵیت،
وەک ئەو گیایەی سەر لە بەیانی نوێ دەبێتەوە،
6 سەر لە بەیانی دەبووژێتەوە و نوێ دەبێتەوە،
بۆ ئێوارە سیس دەبێت و دەفەوتێت.
13 ئەی یەزدان، تووڕەییەکەی دابمرکێنەوە! هەتا کەی؟
لەگەڵ خزمەتکارەکانت میهرەبان بە.
14 سەر لە بەیانی لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت تێرمان بکە،
هەتا هەموو ڕۆژانی ژیانمان هەلهەلە لێبدەین و دڵشاد ببین.
15 دڵشادمان بکە ئەوەندەی بۆ ئەو ڕۆژانەی تووشی ناخۆشیت کردین،
ئەو ساڵانەی کە خراپەمان بینی.
16 کردەوە مەزنەکانت بۆ خزمەتکارەکانت دەربخە،
شکۆمەندیت بەسەر منداڵەکانیان.
17 با نیعمەتی خودای پەروەردگارمان بەسەرمانەوە بێت،
کردەوەکانی دەستمان بۆ بچەسپێنە،
بەڵێ، کردەوەکانی دەستمان بچەسپێنە.
پێشبینی یاخیبوونی ئیسرائیل
14 یەزدان بە موسای فەرموو: «وا تەمەنت لە مردن نزیک بووەتەوە، یەشوع بانگ بکە و لەناو چادری چاوپێکەوتن بوەستن بۆ ئەوەی ئەرکی پێ بسپێرم.» ئیتر موسا و یەشوع چوون و لەناو چادری چاوپێکەوتن ڕاوەستان.
15 ئینجا یەزدان لە ستوونی هەورێک دەرکەوت و ستوونی هەورەکە لە دەروازەی چادرەکە وەستا. 16 یەزدان بە موسای فەرموو: «ئەوەتا تۆ لەگەڵ باوباپیرانت سەردەنێیتەوە، جا ئەم گەلە هەڵدەستن و لەشفرۆشی[a] دەکەن لەگەڵ خوداوەندە بێگانەکان لەو خاکەی ئەوان دەچنە ناوی لەنێویان و وازم لێ دەهێنن و ئەو پەیمانەم دەشکێنن کە لەگەڵیان بەستوومە. 17 ئیتر لەو ڕۆژەدا تووڕەییم بەسەریاندا گڕ دەگرێت و وازیان لێ دەهێنم و ڕووی خۆم لێیان دەشارمەوە و دەبنە نێچیر و تووشی زۆر ناخۆشی و بەڵا دەبن، هەتا ئەوەی لەو ڕۆژەدا دەڵێن: ”ئایا لەبەر ئەوە تووشی ئەو بەڵایانە بووین چونکە خودا لەگەڵمان نییە؟“ 18 منیش لەو ڕۆژەدا ڕووی خۆم دەشارمەوە لەبەر هەموو ئەو خراپەیەی کە کردیان و کە دوای خودای دیکە کەوتن.
19 «ئێستاش ئەم سروودە بۆ خۆتان بنووسن و نەوەی ئیسرائیلیشی پێ فێر بکەن، بیخەنە دەمیانەوە هەتا بۆ من ببێتە شایەت بەسەر نەوەی ئیسرائیلەوە، 20 چونکە من دەیانبەمە ناو ئەو خاکەی سوێندم بۆ باوباپیرانیان خوارد، ئەوەی شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت، جا دەخۆن و تێر دەبن و قەڵەو دەبن و ئینجا دوای خودای دیکە دەکەون و دەیپەرستن و پشتم لێ دەکەن و پەیمانەکەم دەشکێنن. 21 جا کاتێک تووشی بەڵا و ناخۆشی دەبن، ئەم سروودە وەک شایەت وەڵامیان دەداتەوە، چونکە لە دەمی نەوەکەیان لەبیر ناکرێت، من دەزانم ئەوان ئەمڕۆ بیر لە چی دەکەنەوە، بەر لەوەی بیانبەمە ناو ئەو خاکەوە وەک سوێندم بۆ خواردن.» 22 جا موسا لەو ڕۆژەدا ئەم سروودەی نووسی و نەوەی ئیسرائیلیشی پێ فێرکرد.
ڕاسپاردەی دانانی پیران
5 لەبەر ئەمە تۆم لە دوورگەی کریت[a] بەجێهێشت، تاکو ئەو شتانەی ماونەتەوە ڕێکیان بخەیت و لە هەموو شارێکدا پیران دابنێیت، وەک ڕامسپاردوویت، 6 پیر دەبێت گلەیی لەسەر نەبێت، مێردی یەک ژن بێت، منداڵەکانی باوەڕدار بن و کەس لەسەر بەڕەڵایی و یاخیبوون سکاڵایان لێ نەکات. 7 لەبەر ئەوەی چاودێر سەرکاری خودایە، پێویستە گلەیی لەسەر نەبێت، خۆسەپێن و تووڕە و سەرخۆش و شەڕفرۆش نەبێت، چاوی لە دەستکەوتی ناڕەوا نەبێت، 8 بەڵکو میوان دۆست بێت، حەز لە چاکە بکات، ژیر بێت، ڕاستودروست و پیرۆز و خۆڕاگر بێت. 9 دەست بە پەیامی متمانەوە بگرێت کە بەگوێرەی فێرکردنە، تاکو بتوانێت بە فێرکردنی دروست خەڵک هانبدات، سەرزەنشتی بەرهەڵستکاران بکات.
دژایەتی مامۆستا درۆزنەکان
10 لەبەر ئەمەیە کە وا دەڵێم چونکە خەڵکی یاخی زۆرن، فێڵبازن و قسەی پووچ دەکەن، بە تایبەتی لەو تاقمەی کە دەڵێن دەبێ باوەڕدار خەتەنە بکرێت. 11 دەبێت دەمی ئەمانە دابخرێت، چونکە بۆ دەستکەوتی ناڕەوا، بە فێرکردنە ناپەسەندەکانیان تەواوی خێزانەکان هەڵدەگەڕێننەوە. 12 یەکێک لە پێغەمبەرانی دوورگەی کریت گوتوویەتی: «کریتییەکان هەمیشە درۆ دەکەن، دەعبای بەدکارن، نەوسنی تەمبەڵن.» 13 ئەم شایەتییە ڕاستە. لەبەر ئەوە بە توندی سەرزەنشتیان بکە، تاکو لە باوەڕدا دروست بن و 14 سەرنج مەدەنە ئەفسانەی جولەکە و ڕاسپاردەی ئەو کەسانەی کە لە ڕاستی هەڵدەگەڕێنەوە. 15 بۆ پاک هەموو شتێک پاکە، بەڵام بۆ گڵاو و بێباوەڕان هیچ شتێک پاک نییە. لەڕاستیدا، بیر و ویژدانیشیان گڵاو بووە. 16 بانگەشەی ئەوە دەکەن کە خودا دەناسن بەڵام بە کردەوە نکۆڵی لێ دەکەن. ئەوانە قێزەونن، گوێڕایەڵ نین، بەکەڵکی هیچ چاکەکارییەک نایەن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.