Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 119:49-56

ז (زاین)

49 پەیمانی خۆت لەبیر بێت بۆ خزمەتکارەکەت،
    چونکە هیوات پێم داوە.
50 لە کاتی تەنگانەمدا دڵنەوایی من ئەمەیە:
    بەڵێنەکەت منی ژیاندەوە.
51 لووتبەرزەکان زۆر گاڵتەم پێ دەکەن،
    بەڵام من لە فێرکردنی تۆ لام نەداوە.
52 ئەی یەزدان، حوکمە لەمێژینەکانی تۆم هاتەوە یاد،
    دڵنەواییم هاتەوە.
53 لەبەر بەدکاران تووڕەییم جۆشا،
    ئەوانەی وازیان لە فێرکردنی تۆ هێناوە.
54 فەرزەکانت بوونە بابەت گۆرانییەکانم،
    لە ماڵی ئاوارەییم.
55 ئەی یەزدان، بە شەو یادی ناوی تۆ دەکەمەوە و
    گوێڕایەڵی فێرکردنت دەبم.
56 ئەم نەریتە بۆ من بوو:
    ڕێنماییەکانی تۆم پەیڕەو کرد.

دواوتار 5:1-21

دە ڕاسپاردەکە

موسا هەموو ئیسرائیلی بانگکرد و پێی گوتن:

ئەی نەوەی ئیسرائیل، گوێ لەو فەرز و یاسایانە بگرن کە ئەمڕۆ دەیخوێنمەوە و گوێتان لێیە و فێری بن و ئاگاداربن هەتا کاری پێ بکەن. یەزدانی پەروەردگارمان پەیمانێکی لە حۆرێڤ لەگەڵ بەستین، ئەو پەیمانەی لەگەڵ باوباپیرانمان نەبەست، بەڵکو لەگەڵ ئێمە کە ئەمڕۆ لێرەین و هەموومان زیندووین. یەزدان ڕووبەڕوو لە کێوەکە لەنێو ئاگرەوە لەگەڵتاندا دوا، لەو کاتەدا من لەنێوان یەزدان و ئێوەدا ڕاوەستا بووم هەتا فەرمایشتی یەزدانتان پێ ڕابگەیەنم، چونکە لەبەر ئاگرەکە ترسان و سەرنەکەوتن بۆ کێوەکە، فەرمووی:

«من یەزدانی پەروەردگارتانم کە لە خاکی میسرەوە دەرمهێنان، لە خاکی کۆیلایەتییەوە.

«هیچ کەسێکتان خودای دیکەی بێجگە لە منتان نەبێت.

«پەیکەر[a] بۆ خۆتان دروستمەکەن، نە لە هیچ شێوەیەکی ئەوانەی لە ئاسمانن لە سەرەوە، نە ئەوانەی لەسەر زەوین لە خوارەوە، نە ئەوانەی لەناو ئاون لەژێر زەوییەوە. کڕنۆشیان بۆ مەبەن و مەیانپەرستن، چونکە منی یەزدانی پەروەردگارتان خودایەکی ئیرەدارم، لە جیاتی گوناهی باوکان سزای منداڵان دەدەم، هەتا نەوەی سێیەم و چوارەمی ناحەزەکانم، 10 بەڵام خۆشەویستی نەگۆڕ بۆ هەزاران لە خۆشەویستانم دەردەخەم، ئەوانەی گوێڕایەڵی ڕاسپاردەکانم دەبن.

11 «ناوی یەزدانی پەروەردگارتان بۆ شتی پووچ مەهێنن، چونکە ئەو کەسانە لەلای یەزدان ئەستۆ پاک نابن کە بۆ شتی پوچەڵ ناوی دەهێنن.

12 «ڕۆژی شەممە[b] بپارێزن، تاکو بە پیرۆزی ڕایبگرن، هەروەک یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی پێ کردن. 13 شەش ڕۆژ ئیش دەکەن و هەموو کارەکەتان دەکەن، 14 بەڵام ڕۆژی حەوتەم شەممەیە بۆ یەزدانی پەروەردگارتان، هیچ کارێک مەکەن، خۆتان و کوڕ و کچ و خزمەتکار و کارەکەر و گا و مانگ و گوێدرێژ و هەر ئاژەڵێکتان و ئەو نامۆیەی لەناو دەروازەی شارەکەتانە هیچ کارێک مەکەن، بۆ ئەوەی خزمەتکار و کارەکەرەکەشتان وەک ئێوە بحەسێنەوە. 15 لە یادتان بێت کە ئێوەش کۆیلە بوون لە خاکی میسر و یەزدانی پەروەردگارتان بە دەستێکی پۆڵایین و بازووێکی بەهێز لەوێ دەریهێنان، لەبەر ئەوە یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی پێ کردن ڕۆژی شەممە بپارێزن.

16 «ڕێزی دایک و باوکتان بگرن هەروەک یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی پێ کردن، بۆ ئەوەی تەمەن درێژ بن و چاکە بێتە ڕێتان لەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێتان دەدات.

17 «مەکوژن[c].

18 «داوێنپیسی مەکەن.

19 «دزی مەکەن.

20 «بە درۆ شایەتی لەسەر کەس مەدەن.

21 «چاو مەبڕنە ژنی کەس. چاو مەبڕنە ماڵ و کێڵگە و خزمەتکار و کارەکەر و گا و مانگا و گوێدرێژی هیچ کەسێک و هەر شتێک کە هی کەسێکی دیکە بێت.»

یەکەم پەترۆس 2:4-10

ئەوەی ئێوە دێنە لای، بەردە زیندووەکەیە، لەلایەن خەڵکەوە ڕەتکراوەتەوە، بەڵام لەلایەن خوداوە هەڵبژێردراوە و گرانبەهایە، ئێوەش وەک بەردی زیندوو لە خانووێکی ڕۆحی بنیادنراون، بۆ کاهینیێتی پیرۆز، بۆ کردنی قوربانییە ڕۆحییە قبوڵکراوەکان بۆ خودا لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە، چونکە لە نووسراوە پیرۆزەکاندا هاتووە:

[ئەوەتا بەردێک لە سییۆن دادەنێم،
    گرنگترین بەردی بناغەی[a] هەڵبژێردراو و گرانبەها،
    ئەوەی پشتی پێ ببەستێت شەرمەزار نابێت.][b]

بۆیە بۆ ئێوە کە باوەڕتان هێناوە ئەم بەردە گرانبەهایە، بەڵام بۆ بێباوەڕان،

[ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە،
    بوو بە گرنگترین بەردی بناغە،][c]

هەروەها:

[دەبێتە بەردێک بۆ کۆسپ،
    تاشەبەردێکیش کە لێی بکەونە خوارەوە.][d]

ئەوانە ساتمە دەکەن و دەکەون چونکە گوێڕایەڵی وشەی خودا نین، هەر ئەمەشە چارەنووسیان.

بەڵام ئێوە گەلێکی هەڵبژێردراون، کاهینیێتی شاهانە، نەتەوەیەکی پیرۆز، گەلی تایبەتی خودان[e]، تاکو چاکییەکانی ئەوە ڕابگەیەنن کە بانگی کردوون لە تاریکییەوە بۆ ڕووناکییە سەیرەکەی. 10 پێشتر گەل نەبوون، بەڵام ئێستا گەلی خودان، پێشتر بەزەییتان وەرنەگرتبوو، بەڵام ئێستا بەزەییتان وەرگرت.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.