Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود.
19 ئاسمان باسی شکۆی خودا دەکات،
گەردوون کارەکانی دەستی ڕادەگەیەنێت.
2 ڕۆژ لەدوای ڕۆژ وتەی بەرز دەبارێنن،
شەو لەدوای شەو زانین ڕادەگەیەنن.
3 هیچ قسە و زمانێکیان نییە،
دەنگیان نابیسترێت،
4 بەڵام پەیامیان دەگاتە هەموو زەوی،
وتەکانیان بەوپەڕی جیهان.
لە ئاسمان چادری بۆ خۆر هەڵداوە،
5 کە وەک زاوایەکە لە ژوورەکەی بێتە دەرەوە،
وەک پاڵەوانێکە کە شادە بە ڕاکردن لە گۆڕەپان.
6 لەو سەری ئاسمانەوە هەڵدێت و
دەسووڕێتەوە هەتا ئەو سەری،
هیچ شتێک لەبەر گەرماییەکەی ناشاردرێتەوە.
7 فێرکردنی یەزدان تەواوە،
دەروون دەبووژێنێتەوە.
شەریعەتی[a] یەزدان جێی متمانەیە،
ساویلکە دەکەنە دانا.
8 ڕێنمایی یەزدان دروستە،
دڵ خۆش دەکات.
ڕاسپاردەی یەزدان پاکە،
چاو ڕۆشن دەکات.
9 لەخواترسی بێگەردە،
هەتاهەتایە سەقامگیرە.
حوکمی یەزدان ڕاستە،
بە تەواوی ڕاستودروستە.
10 ئەوانە لە زێڕ دڵگیرترن،
لە زێڕی بێگەردی زۆر،
لە هەنگوین شیرینترن،
لە دڵۆپی شانەی هەنگوین.
11 خزمەتکارەکەت بەوانە ئاگادار کراوەتەوە،
پەیڕەوکردنیان پاداشتی زۆرە.
12 کێ لە هەڵەکانی خۆی تێدەگات؟
گوناهە شاراوەکانم ببەخشە.
13 خزمەتکارەکەت لە گوناهی یاخیبوون بپارێزە،
وا مەکە بەسەرمدا زاڵبێت.
ئیتر بێ کەموکوڕی دەبم،
لە گوناهی گەورە بێبەری دەبم.
14 با قسەی دەم و لێکدانەوەی دڵم
جێی ڕەزامەندی تۆ بێت،
ئەی یەزدان، تاشەبەردی من و ڕزگارکەرم[b].
سێ جەژنی ساڵانە
14 «سێ جار لە ساڵێکدا جەژنم بۆ دەگێڕیت.
15 «هەروەک فەرمانم پێکردن جەژنی فەتیرە بگێڕن، حەوت ڕۆژ نانی فەتیرە بخۆن. ئەم جەژنە لە کاتی خۆیدا بگێڕن، لە مانگی ئاڤیڤ، چونکە ئێوە لەو مانگەدا لە میسر هاتنە دەرەوە.
«نابێت بە دەستبەتاڵی لەبەردەمم ئامادە بن.
16 «هەروەها جەژنی دروێنە، یەکەمین بەرهەمی ڕەنجتان، ئەوەی لە کێڵگە دەیچێنن.
«هەروەها جەژنی کۆکردنەوە لە کۆتایی ساڵدا کاتێک ڕەنجەکەتان لە کێڵگە کۆدەکەنەوە.
17 «سێ جار لە ساڵێکدا هەموو نێرینەکانتان لەبەردەم یەزدانی باڵادەست ئامادە دەبن.
18 «خوێنی قوربانیم لەگەڵ شتی بە هەویرترش پێشکەش مەکەن.
«پیوی[a] قوربانی جەژنم هەتا بەیانی نەمێنێتەوە.
19 «باشترینی یەکەمین بەرهەمی زەوییەکەتان بۆ ماڵی یەزدانی پەروەردگارتان بهێنن. هیچ کاریلەیەک بە شیری دایکی لێمەنێن.
14 هەموو شتێک بێ بۆڵەبۆڵ و شەڕەقسە بکەن، 15 تاکو بێ گلەیی و پاک بن، منداڵانی خودا لەناو نەوەیەکی چەوت و خواردا بێ لەکەن، لەنێو ئەواندا وەک ئەستێرە لە گەردووندا دەدرەوشێنەوە، 16 کاتێک دەست بە وشەی ژیانەوە بگرن. ئیتر لە ڕۆژی مەسیحدا دەتوانم شانازی بکەم کە بێهوودە غارم نەداوە و ڕەنجم نەکێشاوە. 17 بەڵام ئەگەر بمرم و خوێنم وەک شەرابی پێشکەشکراو بەسەر قوربانی و خزمەتی باوەڕتاندا بڕژێم،[a] ئەوا دڵشاد و دڵخۆشم لەگەڵتان. 18 جا ئێوەش ئاوا دڵشاد بن و لەگەڵم دڵخۆش بن.
بێتاوان بوون بەهۆی باوەڕ
3 لە کۆتاییدا، خوشکان، برایان، دڵشاد بن بە مەسیحی خاوەن شکۆ! نووسینەوەی هەمان ئەم شتانە ماندووم ناکات، بەڵکو بۆ پاراستنی[a] ئێوەیە.
2 چاوببڕنە سەگەکان، چاوببڕنە بەدکاران، چاوببڕنە جەستەبڕەکان[b]. 3 لەبەر ئەوەی ئێمە بە ڕاستی خەتەنەکراوین[c]، کە بە ڕۆحی پیرۆز خودا دەپەرستین و شانازی بە عیسای مەسیحەوە دەکەین، پشت بە جەستە نابەستین. 4 هەرچەندە منیش هۆکارم هەیە پشت بە جەستە ببەستم.
ئەگەر یەکێک وابزانێت هۆی هەیە پشت بە جەستە ببەستێت، من لەپێشترم:
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.