Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 19

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود.

19 ئاسمان باسی شکۆی خودا دەکات،
    گەردوون کارەکانی دەستی ڕادەگەیەنێت.
ڕۆژ لەدوای ڕۆژ وتەی بەرز دەبارێنن،
    شەو لەدوای شەو زانین ڕادەگەیەنن.
هیچ قسە و زمانێکیان نییە،
    دەنگیان نابیسترێت،
بەڵام پەیامیان دەگاتە هەموو زەوی،
    وتەکانیان بەوپەڕی جیهان.
لە ئاسمان چادری بۆ خۆر هەڵداوە،
    کە وەک زاوایەکە لە ژوورەکەی بێتە دەرەوە،
    وەک پاڵەوانێکە کە شادە بە ڕاکردن لە گۆڕەپان.
لەو سەری ئاسمانەوە هەڵدێت و
    دەسووڕێتەوە هەتا ئەو سەری،
    هیچ شتێک لەبەر گەرماییەکەی ناشاردرێتەوە.

فێرکردنی یەزدان تەواوە،
    دەروون دەبووژێنێتەوە.
شەریعەتی[a] یەزدان جێی متمانەیە،
    ساویلکە دەکەنە دانا.
ڕێنمایی یەزدان دروستە،
    دڵ خۆش دەکات.
ڕاسپاردەی یەزدان پاکە،
    چاو ڕۆشن دەکات.
لەخواترسی بێگەردە،
    هەتاهەتایە سەقامگیرە.
حوکمی یەزدان ڕاستە،
    بە تەواوی ڕاستودروستە.

10 ئەوانە لە زێڕ دڵگیرترن،
    لە زێڕی بێگەردی زۆر،
لە هەنگوین شیرینترن،
    لە دڵۆپی شانەی هەنگوین.
11 خزمەتکارەکەت بەوانە ئاگادار کراوەتەوە،
    پەیڕەوکردنیان پاداشتی زۆرە.
12 کێ لە هەڵەکانی خۆی تێدەگات؟
    گوناهە شاراوەکانم ببەخشە.
13 خزمەتکارەکەت لە گوناهی یاخیبوون بپارێزە،
    وا مەکە بەسەرمدا زاڵبێت.
ئیتر بێ کەموکوڕی دەبم،
    لە گوناهی گەورە بێبەری دەبم.

14 با قسەی دەم و لێکدانەوەی دڵم
    جێی ڕەزامەندی تۆ بێت،
    ئەی یەزدان، تاشەبەردی من و ڕزگارکەرم[b].

دەرچوون 23:1-9

یاسای دادوەری و بەزەیی

23 «هەواڵی درۆ بڵاو مەکەرەوە، دەست لەگەڵ بەدکار تێکەڵ مەکە بۆ ئەوەی ببیتە شایەتی زۆرداری.

«دوای کۆمەڵ مەکەوە بۆ کاری خراپ و لە سکاڵاکردندا بە خواری شایەتی مەدە. لایەنگری بۆ هەژار دەرمەخە لە سکاڵاکەی.

«ئەگەر تووشی گا یان گوێدرێژی دوژمنەکەت بووی کە بەڕەڵا بووبێت، بۆی بگەڕێنەرەوە. ئەگەر گوێدرێژی ناحەزەکەتت بینی لەژێر بارەکەیدا کەوتووە، بەجێی مەهێڵە، بەڵکو پەلە بکە بۆ یارمەتیدانی.

«مافی هەژار ڕەت مەکەرەوە لە سکاڵاکەی. لە قسەی درۆ دوور بکەوە. بێتاوان و ڕاستودروست مەکوژە، چونکە تاوانبار بێتاوان ناکەم.

«بەرتیل وەرمەگرە، چونکە بەرتیل چاوساغان کوێر دەکات و قسەی ڕاستودروستان خوار دەکات.

«نامۆ مەچەوسێنەوە، دەروونی نامۆ دەناسن، چونکە خۆشتان لە خاکی میسر نامۆ بوون.

کۆلۆسی 2:16-23

16 بۆیە با کەس لە خواردن و خواردنەوە یان لەبارەی جەژن یان ئاهەنگی دەستپێکی مانگ یان شەممە حوکمتان نەدات. 17 ئەمانە سێبەری داهاتوون، بەڵام ڕاستییەکە لە مەسیحدایە. 18 مەهێڵن ئەوانەی کە حەز دەکەن خۆیان بە درۆ نزم بکەنەوە و فریشتەکان بپەرستن لە خەڵاتەکە بێبەشتان بکەن. ئەو جۆرە کەسانە زۆر بە وردی باسی ئەو شتانە دەکەن کە بینیویانە، لەخۆبایی بوون بەو بیرۆکە پووچە دنیاییانەی کە لە مێشکیاندایە. 19 ئەم جۆرە کەسانە دەست بە مەسیحەوە ناگرن، ئەوەی کە سەری تەواوی جەستەیە و بەهۆیەوە هەموو جەستەکە هێز وەردەگرێت، لە ڕێگەی جومگە و بەستەرەکانەوە بە یەکتر بەستراونەتەوە، بەو شێوەیەی کە خودا دەیەوێت گەشە دەکات.

20 ئەگەر سەبارەت بە بنەماکانی جیهان لەگەڵ مەسیحدا مردن، بۆچی وەک ئەوەی لە جیهاندا بژین، ملکەچی ئەم ئەرکانە دەبن: 21 «مەیگرە! تامی مەکە! دەستی لێ مەدە!»؟ 22 ئەمانە هەموویان ئەرکی تایبەتن بەو شتانەی کە لەناودەچن، تەنها چەند یاسا و فێرکردنێکن کە خەڵک دایناون. 23 بە ڕواڵەت شێوەی داناییان هەیە، لە پەرستنی هەڵبەستراو[a] و خۆدەرخستن بە بێفیزی و توندوتیژی جەستە، بەڵام ئەوانە لە دامرکاندنەوەی هەوەسەکانی جەستە کاریگەرییان نییە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.