Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
کۆکراوەی بەشی دووەم
زەبوورەکانی 42–72
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، هۆنراوەیەکی کوڕانی قۆرەح
42 چۆن ئاسک بە پەرۆشە بۆ ئاوی ڕووبار،
ئەی خودایە، گیانی منیش بە پەرۆشە بۆ تۆ.
2 گیانم تینووی خودایە، خودای زیندوو.
کەی دێم و بە دیداری خودا شاد دەبم[a]؟
3 بە شەو و ڕۆژ فرمێسکەکانم بوون بە خۆراکم،
لە کاتێکدا بە درێژایی ڕۆژ پێم دەڵێن: «کوا خوداکەت؟»
4 هەناوم دەتوێتەوە ئەو کاتەی دێتەوە یادم:
چۆن لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکدا دەڕۆیشتین،
بەرەو ماڵی خودا پێشڕەویانم دەکرد،
بە هەلهەلە و ستایشکردنەوە لەناو کۆمەڵی جەژنگێڕان.
5 ئەی گیانی من بۆچی خەمباریت؟
بۆ لە ناخمدا پەرێشانیت؟
ئومێدت بە خودا هەبێت،
چونکە هەر ستایشی ئەو دەکەم،
ئەو ڕزگارکەر و خودامە.
6 گیانم خەمبارە لە ناخم،
بۆیە یادت دەکەمەوە
لە لای ڕووباری ئوردون،
لە بەرزاییەکانی حەرمۆنەوە[b]، لە کێوی میچعارەوە.
7 قووڵایی بانگی قووڵایی دەکات،
بە دەم خوڕەی تاڤگەکانتەوە،
هەموو شەپۆلەکانت و تەوژمەکانت بەسەرمدا کەوتوون.
8 بە ڕۆژ یەزدان خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی ئاراستە دەکات،
بە شەویش سروودی ئەو لەسەر لێومە،
نوێژێکە بۆ خودای ژیانم.
9 خودا، کە تاشەبەردی منە، پێی دەڵێم:
«بۆچی لە یادت کردووم؟
بۆچی دەبێت بناڵێنم،
بچەوسێمەوە بە دەست دوژمنانم؟»
10 بە تێکشکانی ئێسقانەکانم
ناحەزانم توانجم تێدەگرن،
بە درێژایی ڕۆژ پێم دەڵێن: «کوا خوداکەت؟»
11 ئەی گیانی من بۆچی خەمباریت؟
بۆ لە ناخمەوە پەرێشانیت؟
ئومێدت بە خودا هەبێت،
چونکە من هەر ستایشی ئەو دەکەم،
ئەو ڕزگارکەر و خودامە.
13 ئەوە بوو بەیانی موسا دانیشت بۆ ئەوەی دادوەری بۆ گەل بکات، ئیتر گەل لە بەیانییەوە هەتا ئێوارە لەلای موسا ڕاوەستان. 14 کاتێک خەزووری موسا هەموو ئەو شتانەی بینی کە موسا بۆ گەل دەیکات، لێی پرسی: «ئەم شتە چییە تۆ بۆ گەل دەکەیت؟ لەبەرچی بە تەنها دانیشتوویت و لە بەیانییەوە هەتا ئێوارە هەموو گەل لەلات ڕاوەستاون؟»
15 موساش وەڵامی خەزووری دایەوە: «چونکە گەل دێنە لام هەتا خواستی خودا بزانن. 16 هەروەها کاتێک کێشەیەکیان هەبێت دێنە لام، منیش دادوەری نێوان پیاو و برادەرەکەی دەکەم و فەرز و فێرکردنی خودایان پێ دەناسێنم.»
17 خەزووری موساش پێی گوت: «ئەوەی تۆ دەیکەیت باش نییە. 18 خۆت و ئەم گەلەش ماندوو دەکەیت کە لەگەڵتن، چونکە کارەکە لە تۆ مەزنترە، ناتوانیت بە تەنها بیکەیت. 19 ئێستاش گوێم لێ بگرە و ئامۆژگاریت دەکەم، با خودات لەگەڵ بێت، تۆ نوێنەری گەل بە لە بەرامبەر خودا و داواکارییەکانیان پێشکەش بە خودا بکە. 20 فێری فەرز و فێرکردنیان بکە و ئەو ڕێگایەیان پێ بناسێنە کە دەبێت بیگرنەبەر و ئەو ئەرکانەی کە دەبێت بیانکەن. 21 بەڵام لەناو هەموو گەلدا پیاوی بە توانا و لەخواترس هەڵدەبژێریت، پیاوانی دڵسۆز کە ڕقیان لە دەستکەوتی ناڕەوایە، دەیانکەیتە کاربەدەست بەسەر هەزاران و سەدان و پەنجایان و دەیان. 22 هەموو کاتێک دادوەری بۆ گەل دەکەن و هەر داوایەکی گەورە هەبێت دەیهێننە لای تۆ، هەر داوایەکیش بچووک بێت خۆیان دادوەری تێدا دەکەن. ئیتر باری خۆت سووک بکە، ئەوان لەگەڵت هەڵدەگرن. 23 ئەگەر ئەم کارەت کرد و خوداش فەرمانی پێ کردیت، ئەوا دەتوانیت خۆت ڕابگریت و هەروەها هەموو ئەم گەلەش بە ڕەزامەندی دەگەنە شوێنی خۆیان.»
24 موساش گوێی لە قسەکانی خەزووری گرت و هەموو ئەو شتانەشی کرد کە گوتی. 25 موسا پیاوی بە توانای لە هەموو ئیسرائیل هەڵبژارد و کردنی بە ڕابەر بۆ گەل، کاربەدەست بەسەر هەزاران و سەدان و پەنجایان و دەیان. 26 ئیتر هەموو کاتێک دادوەریان بۆ گەل دەکرد و داوای گرانیشیان دەهێنایە لای موسا. بەڵام هەموو داوایەکی بچووک خۆیان دادوەریان تێدا دەکرد.
27 ئینجا موسا خەزووری بەڕێکرد و یەترۆیش گەڕایەوە خاکی خۆی.
15 بێگومان هەندێک لەبەر ئیرەیی و ناکۆکی مزگێنی مەسیح ڕادەگەیەنن، بەڵام هەندێکی دیکە بە خواستێکی باش. 16 ئەوانەی لەبەر خۆشەویستی مزگێنی دەدەن، دەزانن لەبەر بەرگریکردنم لە پەیامی ئینجیل خراومەتە زیندان. 17 ئەوانەی دیکە کە لە خۆپەرستییەوە مەسیح ڕادەگەیەنن، دڵسۆز نین، مەزەندە دەکەن بە کۆت و زنجیرەکەم حاڵم ناخۆشتر دەکەن. 18 ئیتر چی؟ بەهەرحاڵ، بە ڕواڵەت بێت یان بە ڕاستی بێت، مەسیح ڕادەگەیەنرێت، بەمەش دڵشادم.
بەڵێ، زیاتریش دڵشاد دەبم، 19 چونکە دەزانم لە ڕێگەی پاڕانەوەکانتان و پشتگیری ڕۆحی عیسای مەسیح ئەمە دەبێتە هۆی ئازادکردنم[a]. 20 بە پەرۆشەوە چاوەڕوانم و ئومێدەوارم کە لە هیچ شتێکدا شەرمەزار نەبم، بەڵام ورەبەرز دەبم بۆ ئەوەی ئێستاش وەکو هەمیشە مەسیح لە جەستەمدا پایەدار بێت، ئەگەر بە ژیان بێت یان بە مردن، 21 چونکە بۆ من ژیان مەسیحە، مردنیش قازانج.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.