Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
105 ستایشی یەزدان بکەن و بە ناوی ئەوەوە نوێژ بکەن،
کردارەکانی بە گەلان بناسێنن.
2 گۆرانی بۆ بڵێن، ستایشی بکەن،
هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانی ڕابگەیەنن،
3 شانازی بە ناوی پیرۆزیەوە بکەن،
با دڵی ئەوانە خۆش بێت کە ڕوو لە یەزدان دەکەن.
4 پشت بە یەزدان و هێزەکەی ببەستن،
بەردەوام ڕووتان لەو بکەن.
5 باسی ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانە بکەن کە کردوونی،
پەرجوو و حوکمەکانی دەمی،
6 ئەی نەوەی ئیبراهیمی بەندەی ئەو،
ئەی کوڕانی یاقوب، هەڵبژاردەکانی.
37 بە زێڕ و زیوەوە دەریکردن،
لەنێو هۆزەکانیان کەسی پەککەوتە نەبوو.
38 میسر بە چوونەدەرەوەیان دڵخۆش بوو،
چونکە ترسی ئەوان چووبووە دڵیانەوە.
39 هەورێکی هێنا بۆ داپۆشین،
ئاگرێک بۆ ڕووناککردنەوەی شەو.
40 داوایان کرد، سوێسکەی[a] هێنا،
نانی ئاسمانی تێری کردن.
41 بەردی شەقکرد و ئاوی لێ هەڵقوڵا،
وەک ڕووبار بەناو بیاباندا ڕۆیی.
42 چونکە بەڵێنی پیرۆزی خۆی یادکردەوە،
بۆ ئیبراهیمی بەندەی.
43 گەلەکەی بە شادییەوە هێنایە دەرەوە،
هەڵبژاردەکانی بە هەلهەلەوە.
44 خاکی نەتەوەکانی پێ بەخشین،
بەری ماندووبوونی گەلانیان بە میرات بۆ مایەوە،
45 بۆ ئەوەی فەرزەکانی بەجێبهێنن،
فێرکردنی جێبەجێ بکەن.
هەلیلویا.
22 ئەوە بوو لە ڕۆژی شەشەمدا دوو ئەوەندە نانیان هەڵگرتەوە، دوو ئۆمر[a] بۆ هەر یەکێک، ئیتر هەموو ڕابەرەکانی کۆمەڵ هاتن و بە موسایان ڕاگەیاند. 23 ئەویش پێی گوتن: «ئەمە ئەوەیە کە یەزدان فەرموویەتی: ”بەیانی پشوودانە[b]، شەممەی پیرۆزە بۆ یەزدان، ئەوەی دەیکەن بە نان بیکەن و ئەوەی لێی دەنێن لێی بنێن، هەرچی دەمێنێتەوەش لەلای خۆتانی دابنێن هەتا بۆ بەیانی هەڵبگیردرێت.“»
24 جا دایاننا بۆ بەیانی هەروەک موسا فەرمانی دا، ئیتر نە کەڕووی کرد و نە کرم تێدا پەیدابوو. 25 موسا گوتی: «ئەمڕۆ بیخۆن، چونکە ئەمڕۆ شەممەیە بۆ یەزدان، لە دەشتودەر نایدۆزنەوە. 26 شەش ڕۆژ هەڵیدەگرنەوە، بەڵام لە ڕۆژی حەوتەم شەممەیە و تێیدا نییە.»
27 ئەوە بوو لە ڕۆژی حەوتەم هەندێک لە خەڵکەکە چوونە دەرەوە بۆ ئەوەی هەڵیبگرنەوە، بەڵام نەیاندۆزییەوە. 28 یەزدانیش بە موسای فەرموو: «هەتا کەی ئێوە ڕەتی دەکەنەوە فەرمان و فێرکردنەکەم بپارێزن؟ 29 بڕوانن، یەزدان شەممەی پێداون، بۆیە لە ڕۆژی شەشەمدا نانی دوو ڕۆژتان پێدەدات، با هەریەکە لە شوێنی خۆی دابنیشێت، با کەس لە ڕۆژی حەوتەم شوێنی خۆی بەجێنەهێڵێت.» 30 ئیتر گەل لە ڕۆژی حەوتەم پشوویان دا.
23 عیساش بە قوتابییەکانی فەرموو: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: دەوڵەمەند بە سەختی دەچێتە ناو شانشینی ئاسمانەوە. 24 دیسان پێتان دەڵێم: ئاسانترە وشترێک بە کونی دەرزییەکەوە بچێت لەوەی دەوڵەمەندێک بچێتە ناو شانشینی خوداوە.»
25 قوتابییەکان کە گوێیان لەمە بوو زۆر سەرسام بوون، گوتیان: «کەواتە کێ دەتوانێت ڕزگاری بێت؟»
26 عیساش سەیری کردن و فەرمووی: «ئەمە بۆ مرۆڤ مەحاڵە، بەڵام لەلای خودا هەموو شتێک دەبێت.»
27 ئینجا پەترۆس وەڵامی دایەوە و پێی گوت: «ئەوەتا ئێمە وازمان لە هەموو شتێک هێناوە و دوات کەوتووین، ئێمە چیمان بۆ دەبێت؟»
28 عیساش پێی فەرموون: «ڕاستیتان پێ دەڵێم، لە نوێبوونەوەدا[a]، کاتێک کوڕی مرۆڤ لەسەر تەختی شکۆی خۆی دادەنیشێت، ئێوەش کە دوام کەوتوون لەسەر دوازدە تەخت دادەنیشن و دوازدە هۆزەکەی ئیسرائیل حوکم دەدەن. 29 هەرکەسێکیش لەبەر ناوی من، ماڵ یان برا یان خوشک یان دایک یان باوک یان منداڵ یان کێڵگەی بەجێهێشتووە، سەد ئەوەندە وەردەگرێتەوە و ژیانی هەتاهەتاییش بە میرات وەردەگرێت. 30 بەڵام زۆر لە یەکەمینەکان دەبنە دواهەمین و دواهەمینەکانیش دەبنە یەکەمین.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.