Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 124

گۆرانی گەشتیاران، بۆ داود.

124 «ئەگەر یەزدان لایەنگرمان نەدەبوو،»
    با ئێستا ئیسرائیل بڵێت،
«ئەگەر یەزدان لایەنگرمان نەدەبوو،
    کاتێک خەڵک لێمان هەستان،
ئەوا بە زیندوویی قووتیان دەداین،
    کاتێک قینیان لە دژمان جۆشا،
ئەوا لافاو ڕایدەماڵین،
    لێشاو بەسەر گیانماندا تێدەپەڕی،
ئەوا ئاوی هەڵچوو
    بەسەر گیانماندا تێدەپەڕی.»

ستایش بۆ یەزدان،
    کە ئێمەی نەکردە نێچیری بەر کەڵبەیان.
گیانمان وەک چۆلەکە لە داوی ڕاوچی دەربازبوو،
    داوەکە پسا و ئێمە دەربازبووین.
هانامان بە ناوی یەزدانەوەیە،
    دروستکەری ئاسمان و زەوی.

پەیدابوون 50:15-26

دڵنەواییکردنی یوسف لە براکانی

15 کاتێک براکانی یوسف بینییان باوکیان مرد، گوتیان: «نەکات یوسف قینمان لێ هەڵبگرێت و هەموو ئەو خراپەیەی بەرامبەری کردوومانە بەسەرمانی بهێنێتەوە.» 16 ئیتر پەیامیان نارد بە یوسف بڵێن، «باوکت پێش مردنی خۆی ڕایسپاردووە و گوتوویەتی، 17 ”ئاوا بە یوسف دەڵێن: داواکارم لێت لە تاوانی براکانت و گوناهەکەیان ببووریت، چونکە خراپەیان لەگەڵت کرد.“ ئێستاش لە تاوانی بەندەکانی خودای باوکت خۆشبە.» کاتێک پەیامەکەیان گەیشت، یوسف دەستی بە گریان کرد.

18 دوای ئەوە براکانی هاتن و لەبەردەمیدا کەوتن و گوتیان: «ئەوەتاین، ئێمە کۆیلەی تۆین.»

19 بەڵام یوسف پێی گوتن: «مەترسن. ئایا من لە جێی خودام؟ 20 مەبەستی ئێوە خراپە بوو بۆم، بەڵام خودا بە مەبەستی چاکە گێڕای هەتا وەک ئەمڕۆ بکات، بۆ بە زیندوو هێشتنەوەی خەڵکێکی زۆر. 21 ئێستاش مەترسن. من خۆتان و منداڵەکانتان بەخێو دەکەم.» ئیتر دڵنەوایی کردن و قسەی دڵخۆشکەرەی بۆ کردن.

مردنی یوسف

22 یوسف خۆی و ماڵی باوکی لە میسر نیشتەجێ بوون. یوسف سەد و دە ساڵ ژیا، 23 منداڵەکانی ئەفرایمیشی بینی، نەوەی سێیەم. ئەوەندە ژیا کە منداڵەکانی ماکیری کوڕی مەنەشەی بینی ناوی ئەوی وەرگرتووە.

24 ئینجا یوسف بە براکانی گوت: «من دەمرم، بەڵام خودا خۆی بەسەرتان دەکاتەوە و لەم خاکەوە دەتانباتەوە ئەو خاکەی کە بە سوێند بەڵێنی داوە بیداتە ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب.» 25 ئیتر یوسف نەوەی ئیسرائیلی سوێند دا و گوتی: «بێگومان خودا بەسەرتان دەکاتەوە، دەبێت ئێوەش لێرەوە ئێسقانەکانم ببەنەوە.»

26 دوای ئەوە یوسف مرد، تەمەنی سەد و دە ساڵ بوو، ئیتر مۆمیایان کرد و لە میسر خرایە تابووتەوە.

مەتا 16:5-12

کاتێک قوتابییەکان گەیشتنە ئەوبەری دەریاچەکە، لەبیریان چووبوو لەگەڵ خۆیان نان ببەن. عیسا پێی فەرموون: «وریابن، ئاگاداری هەویرترشی فەریسی و سەدوقییەکان بن.»

لەناو خۆیاندا گفتوگۆیان کرد و گوتیان: «لەبەر ئەوەیە کە نانمان نەهێناوە.»

عیسا زانی و پێی فەرموون: «ئەی کەم باوەڕینە، بۆچی لەنێو خۆتان دەڵێن نانمان نییە؟ ئایا هێشتا تێنەگەیشتوون؟ نایەتە بیرتان پێنج نانەکەی پێنج هەزارەکە و چەند سەبەتەشتان هەڵگرتەوە؟ 10 یان حەوت نانەکەی چوار هەزارەکە و چەند سەبەتەشتان هەڵگرتەوە؟ 11 چۆن تێناگەن من باسی نانم بۆ نەکردن؟ لە هەویرترشی فەریسی و سەدوقییەکان ئاگاداربن!» 12 ئینجا تێگەیشتن کە ئەو لە هەویرترشی نان ئاگاداریان ناکاتەوە، بەڵکو لە فێرکردنی فەریسی و سەدوقییەکان.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.