Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
گۆرانی گەشتیاران.
130 ئەی یەزدان، لە ناخی قووڵاییەکانەوە هاوار بۆ تۆ دەکەم!
2 ئەی پەروەردگار، گوێ لە دەنگم بگرە!
با گوێیەکانت سووک بن بۆ دەنگی پاڕانەوەم.
3 ئەی یەزدان، ئەگەر گوناهەکان تۆمار بکەیت،
ئەی پەروەردگار، کێ دەوەستێت؟
4 بەڵام لێخۆشبوون لەلای تۆیە،
بۆ ئەوەی لێت بترسین.
5 چاوەڕێی یەزدان دەکەم، گیانم چاوەڕێی دەکات،
هیوام بە بەڵێنەکانییەتی.
6 گیانم چاوەڕێی پەروەردگار دەکات،
زیاتر لە ئێشکگر بۆ بەرەبەیان،
زیاتر لە ئێشکگر بۆ بەرەبەیان.
7 ئەی ئیسرائیل، هیوات بە یەزدان هەبێت،
چونکە خۆشەویستی نەگۆڕ لەلای یەزدانە،
توانایەکی زۆریشی هەیە بۆ کڕینەوە.
8 هەر ئەوە ئیسرائیل دەکڕێتەوە
لە هەموو گوناهەکانی.
16 هەواڵەکە لە ماڵی فیرعەون بیسترا و گوترا، «براکانی یوسف هاتوون،» فیرعەون و دەستوپێوەندەکەی پێیان باش بوو. 17 فیرعەون بە یوسفی گوت: «بە براکانت بڵێ: ”ئەمە بکەن: وڵاخەکانتان بار بکەن و بڕۆن بۆ خاکی کەنعان. 18 باوکتان و ماڵتان هەڵبگرن و وەرنە لام، منیش باشترین خاکی میسرتان دەدەمێ، لە چەوری زەوییەکە بخۆن.“
19 «هەروەها تۆ فەرمانت پێکراوە فەرمانیان پێبکە: ”ئەمە بکەن: لە خاکی میسرەوە عەرەبانە ببەن بۆ ژن و منداڵەکانتان، باوکیشتان سەربخەن و وەرن. 20 با چاویشتان لەدوای کەلوپەلەکانتان نەبێت، چونکە چاکی هەموو خاکی میسر بۆ ئێوە دەبێت.“»
21 کوڕەکانی ئیسرائیلیش بەم جۆرەیان کرد. یوسفیش لەسەر زاری فیرعەون، عەرەبانەی دانێ، هەروەها ئازووقەشی دانێ بۆ ڕێگا. 22 هەریەکەیان قاتێک جلی دانێ، بەڵام بۆ بنیامین سێ سەد شاقل زیو[a] و پێنج قات جلی دایێ. 23 ئەمانەشی بۆ باوکی نارد، دە گوێدرێژی بارکراو لە خێروبێری میسر، دە ماکەری بارکراو لە گەنم و نان و خۆراک بۆ ڕێگا بۆ باوکی. 24 ئینجا براکانی بەڕێ کرد و ڕۆیشتن، پێشی گوتن: «لە ڕێگا بەگژ یەکدا مەچن!»
25 ئەوانیش لە میسرەوە چوون و هاتنەوە خاکی کەنعان بۆ لای یاقوبی باوکیان. 26 پێیان ڕاگەیاند و گوتیان: «یوسف هێشتا زیندووە، خۆی فەرمانڕەوای هەموو خاکی میسرە!» یاقوبیش بوورایەوە، چونکە بڕوای پێ نەکردن. 27 بەڵام کاتێک هەموو ئەو قسانەی یوسفیان پێ گوت کە پێی گوتبوون، چاویشی بە عەرەبانەکان کەوت کە یوسف ناردبوونی بۆ ئەوەی بیهێننە میسر، بەوەش ڕۆحی یاقوبی باوکیان ژیایەوە. 28 ئیسرائیل گوتی: «بەسە! یوسفی کوڕم هێشتا ماوە، دەچم و پێش ئەوەی بمرم دەیبینم.»
پاکبوونەوەی نەخۆشی گولی
8 کاتێک عیسا لە چیاکە هاتە خوارەوە، خەڵکێکی زۆر دوای کەوت. 2 ئەوە بوو پیاوێک هات کە نەخۆشی گولی[a] هەبوو، کڕنۆشی بۆ برد و گوتی: «گەورەم، ئەگەر بتەوێت، دەتوانیت پاکم بکەیتەوە.»
3 عیساش دەستی بۆ درێژکرد و دەستی لێدا، فەرمووی: «دەمەوێت، پاک بەرەوە!» دەستبەجێ لە گولی پاک بووەوە. 4 ئینجا عیسا پێی فەرموو: «ئاگاداربە، بە کەس مەڵێ، بەڵام بڕۆ خۆت بە کاهین پیشان بدە و ئەو قوربانییەی موسا فەرمانی کردووە بیکە، وەک شایەتییەک بۆیان.»
باوەڕی سەرپەلێک
5 کاتێک عیسا چوو بۆ کەفەرناحوم، سەرپەلێک[b] هاتە لای، لێی پاڕایەوە 6 و گوتی: «گەورەم، خزمەتکارەکەم بە ئیفلیجی لە ماڵەوە کەوتووە و ئازارێکی زۆری هەیە.»
7 عیسا پێی فەرموو: «من دێم و چاکی دەکەمەوە.»
8 سەرپەلەکەش وەڵامی دایەوە: «گەورەم شایانی ئەوە نیم خۆت بێیتە ماڵەکەم، بەڵکو تەنها وشەیەک بفەرموو خزمەتکارەکەم چاکدەبێتەوە. 9 منیش مرۆڤێکم لەژێر دەسەڵاتدام، سەربازیشم لەژێر دەستدایە. بەمە دەڵێم: ”بڕۆ،“ دەڕوات؛ بەوی دیکەش دەڵێم: ”وەرە،“ دێت؛ بە کۆیلەکەشم دەڵێم: ”ئەمە بکە،“ دەیکات.»
10 کاتێک عیسا گوێی لەمە بوو، سەرسام بوو، بەوانەی فەرموو کە دوای دەکەوتن: «ڕاستیتان پێ دەڵێم، لە ئیسرائیلدا باوەڕێکی بەهێزی ئاوام نەدیوە. 11 پێتان دەڵێم کە خەڵکێکی زۆر لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواوە دێن و لەگەڵ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب لە شانشینی ئاسماندا لەسەر خوان دادەنیشن. 12 بەڵام ڕۆڵەکانی شانشین[c] فڕێدەدرێنە تاریکی دەرەوە، جا لەوێ دەگریێن و جیڕەی ددانیان دێت.»
13 ئینجا عیسا بە سەرپەلەکەی فەرموو: «بڕۆ! با هەروەک باوەڕت هێنا، بۆت ببێت.» جا لەو کاتەدا خزمەتکارەکەی چاک بووەوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.