Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
پەیدابوون 37:1-4

خەونەکانی یوسف

37 یاقوب لە خاکی ئاوارەیی باوکی، لە خاکی کەنعان نیشتەجێ بوو.

ئەمە چیڕۆکی نەوەکانی یاقوبە.

یوسف کە هەرزەکارێکی تەمەن حەڤدە ساڵان بوو، لەگەڵ براکانی شوانایەتی مەڕەکانی دەکرد، کوڕەکانی بیلهە و زیلپەی دوو ژنەکەی باوکی. یوسف بوختانە خراپەکانی ئەمانی بە باوکی ڕاگەیاند.

ئیسرائیلیش یوسفی لە هەموو کوڕەکانی دیکەی خۆشتر دەویست، چونکە ئەو منداڵەی لە پیریدا ببوو، کەوایەکی درێژی ڕەنگاوڕەنگیشی بۆ دروستکرد. کە براکانی بینییان باوکیان ئەوی لە هەموو براکانی خۆشتر دەوێت، ڕقیان لێی بووەوە و سڵاویان لێی نەدەکرد.

پەیدابوون 37:12-28

فرۆشتنی یوسف لەلایەن براکانییەوە

12 براکانی چوون بۆ لەوەڕاندنی مەڕەکانی باوکیان لە دەوروبەری شەخەم. 13 ئیسرائیلیش بە یوسفی گوت: «تۆ دەزانیت کە براکانت لە دەوروبەری شەخەم خەریکی لەوەڕاندنن. وەرە با بتنێرمە لایان.»

ئەویش گوتی: «باشە.»

14 ئینجا پێی گوت: «بڕۆ سەیر بکە بزانە براکانت سەلامەتن و مەڕەکانیش سەلامەتن، وەرەوە و هەواڵم بدەرێ.» ئیتر یوسفی لە دۆڵی حەبرۆنەوە نارد.

کە یوسف چوو بۆ شەخەم، 15 پیاوێک بینییەوە و بینی وا لە چۆڵەوانی ون بووە، پرسیاری لێکرد: «ئەوە بەدوای چیدا دەگەڕێیت؟»

16 ئەویش گوتی: «بەدوای براکانمدا دەگەڕێم. پێم بڵێ لەکوێ خەریکی لەوەراندنن؟»

17 پیاوەکەش گوتی: «لێرە ڕۆیشتن، چونکە گوێم لێیان بوو گوتیان: ”با بچینە دوسان[a].“»

یوسفیش بەدوای براکانیدا چوو، ئەوانی لە دوسان بینییەوە. 18 بەڵام لە دوورەوە بینییان و پێش ئەوەی لێیان نزیک بێتەوە، پیلانیان بۆی دانا هەتا بیکوژن.

19 ئیتر بە یەکتریان گوت: «وا خاوەنی خەونەکان دێت! 20 دەی با ئێستا بیکوژین و فڕێیبدەینە یەکێک لەم ئەمباراوانە، دەشڵێین گیاندارێکی دڕندە یوسفی خوارد. ئینجا با ببینین خەونەکانی چییان لێدێت.»

21 کە ڕەئوبێن گوێی لەمە بوو، هەوڵی دا لە دەستیان ڕزگاری بکات، گوتی: «با گیانێک نەکوژین!» 22 ئینجا ڕەئوبێن پێی گوتن: «خوێن مەڕێژن. فڕێیبدەنە ناو ئەم ئەمباراوە کە لە چۆڵەوانییە بەڵام دەستی بۆ درێژ مەکەن.» ڕەئوبێن ئەمەی گوت بۆ ئەوەی لە دەستیان فریای بکەوێت و بیگەڕێنێتەوە لای باوکی.

23 ئیتر کە یوسف هاتە لای براکانی، کەواکەیان لەبەری دادڕاند، کەوا درێژە ڕەنگینەکەی لەبەری بوو، 24 ئینجا بردیان و فڕێیاندایە ناو ئەمباراوەکە، ئەمباراوەکەش بەتاڵ بوو، ئاوی تێدا نەبوو.

25 دوای ئەوە دانیشتن بۆ نانخواردن، کە چاویان هەڵبڕی بینییان وا کاروانی ئیسماعیلییەکان لە گلعادەوە دێت، وشترەکانیان بارکراون بە بەهارات و هەتووان[b] و موڕ[c]، بەرەو میسر دەڕۆن.

26 ئینجا یەهودا بە براکانی گوت: «چ سوودێکی هەیە براکەی خۆمان بکوژین و خوێنەکەی بشارینەوە؟ 27 وەرن با بە ئیسماعیلییەکانی بفرۆشین و دەستی خۆمانی بۆ درێژ نەکەین، چونکە برامانە و لە گۆشت و خوێنمانە.» براکانیشی بە قسەیان کرد.

28 کاتێک بازرگانە میدیانییەکان گەیشتن، براکانی یوسفیان لە ئەمباراوەکە ڕاکێشا، بە بیست شاقل زیو[d] بە ئیسماعیلییەکانیان فرۆشت، ئەوانیش یوسفیان هێنایە میسر.

زەبوورەکان 105:1-6

105 ستایشی یەزدان بکەن و بە ناوی ئەوەوە نوێژ بکەن،
    کردارەکانی بە گەلان بناسێنن.
گۆرانی بۆ بڵێن، ستایشی بکەن،
    هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانی ڕابگەیەنن،
شانازی بە ناوی پیرۆزیەوە بکەن،
    با دڵی ئەوانە خۆش بێت کە ڕوو لە یەزدان دەکەن.
پشت بە یەزدان و هێزەکەی ببەستن،
    بەردەوام ڕووتان لەو بکەن.

باسی ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانە بکەن کە کردوونی،
    پەرجوو و حوکمەکانی دەمی،
ئەی نەوەی ئیبراهیمی بەندەی ئەو،
    ئەی کوڕانی یاقوب، هەڵبژاردەکانی.

زەبوورەکان 105:16-22

16 قاتوقڕی ناردە سەر زەوی،
    هەموو نانێکی لە زەوی بڕی.
17 کەسێکی لەپێشیانەوە نارد،
    یوسف بە کۆیلەیەتی فرۆشرا،
18 بە کۆت ئازاری پێیان دا،
    زنجیری ئاسنیان لە ملی کرد.
19 هەتا کاتی هاتنەدی قسەکەی،
    پەیامی یەزدان ڕاستگۆیی ئەوی چەسپاند.
20 پاشا ناردی کۆتەکەیان کردەوە،
    فەرمانڕەوای گەلان ئازادی کرد.
21 کردی بە گەورەی ماڵی خۆی،
    کردی بە دەسەڵاتدار لەسەر هەموو موڵکی خۆی،
22 بۆ ئەوەی بە دڵی خۆی میرەکانی ڕێنمایی بکات،
    پیرەکانی فێری دانایی بکات.

زەبوورەکان 105:45

45 بۆ ئەوەی فەرزەکانی بەجێبهێنن،
    فێرکردنی جێبەجێ بکەن.

هەلیلویا.

ڕۆما 10:5-15

ڕزگاری بۆ هەمووان

موسا لەبارەی ئەو ڕاستودروستییەی بەپێی تەوراتە دەنووسێت: [ئەو کەسەی پەیڕەویان بکات، بە هۆیانەوە دەژیێت.][a] بەڵام ئەم ڕاستودروستییەی بە باوەڕە ئاوا دەفەرموێ: [لە دڵی خۆتاندا مەڵێن، «کێ سەردەکەوێتە ئاسمان؟»][b] (واتە مەسیح بهێنێتە خوارەوە،) [یان «کێ دادەبەزێتە ناو بیری بێ بن؟»][c] (واتە مەسیح لەناو مردووان سەربخات.) بەڵام چی دەفەرموێ؟ [پەیامەکە لێت نزیکە، لەسەر زمانتە و لە دڵتدایە،][d] ئەمەش پەیامی ئەو باوەڕەیە کە ڕایدەگەیەنین: ئەگەر بە دەمت دانت پێدا نا کە عیسا پەروەردگارە و بە دڵ باوەڕت کرد کە خودا لەناو مردووان هەڵیستاندەوە، ڕزگار دەبیت. 10 لەبەر ئەوەی بە دڵ باوەڕهێنان ئەنجامەکەی بێتاوانبوونە، بە دەم دانپێدانان ئەنجامەکەی ڕزگارییە. 11 هەروەک چۆن نووسراوە پیرۆزەکە دەفەرموێ: [هەرکەسێک پشتی پێ ببەستێت، شەرمەزار نابێت.][e] 12 جیاوازی لەنێوان جولەکە و ناجولەکە نییە، لەبەر ئەوەی هەمان پەروەردگارە بۆ هەمووان، دەوڵەمەندە بۆ هەموو ئەوانەی لێی دەپاڕێنەوە، 13 چونکە [هەرکەسێک بە ناوی یەزدانەوە بپاڕێتەوە ڕزگاری دەبێت.][f]

14 ئیتر چۆن لە یەکێک دەپاڕێنەوە کە باوەڕیان پێی نەهێنابێت؟ چۆن باوەڕ بە یەکێک دەهێنن ئەگەر نەیانبیستبێت؟ چۆنیش دەیبیستن بێ ئەوەی یەکێک پێیان ڕابگەیەنێت؟ 15 هەروەها چۆن ڕادەگەیەنن ئەگەر نەنێردرابن؟ وەک نووسراوە: [چەند جوانە پێیەکانی ئەوانەی مزگێنی خۆشی دەدەن!][g]

مەتا 14:22-33

عیسا بەسەر ئاودا دەڕوات

22 دەستبەجێ قوتابییەکانی ناچار کرد سواری بەلەمەکە بن و پێش خۆی بڕۆنە ئەوبەر، تاکو خەڵکەکە بەڕێ دەکات. 23 کاتێک خەڵکەکەی بەڕێکرد، بە تەنها چووە سەر شاخ تاکو نوێژ بکات. کە ئێوارە داهات بە تەنها لەوێ بوو، 24 بەلەمەکەش ماوەیەکی زۆر لە وشکانییەوە دوور کەوتبووەوە، شەپۆلەکانیش پێیاندا دەکێشا، چونکە بایەکە پێچەوانە بوو. 25 پێش خۆرهەڵاتن عیسا هاتە لایان و بەسەر دەریاچەکەدا دەڕۆیشت. 26 کاتێک قوتابییەکان بینییان لەسەر دەریاچەکە دەڕوات، شێوان و گوتیان: «ئەمە دێوەزمەیە!» لە ترسانیشدا هاواریان کرد.

27 دەستبەجێ عیسا قسەی لەگەڵ کردن: «ورەتان بەرز بێ! منم. مەترسن.»

28 پەترۆس وەڵامی دایەوە: «گەورەم، ئەگەر تۆی، فەرمانم پێبدە بەسەر ئاوەکەدا بێمە لات.»

29 فەرمووی: «وەرە.» پەترۆس لە بەلەمەکە دابەزی و بەسەر ئاوەکەدا ڕۆیشت و بەرەو لای عیسا بەڕێکەوت. 30 بەڵام کاتێک بینی ڕەشەبایە، ترسا و خەریک بوو نوقوم دەبوو، هاواری کرد: «گەورەم، ڕزگارم بکە!»

31 عیساش یەکسەر دەستی درێژکرد و گرتییەوە و پێی فەرموو: «کەم باوەڕ، بۆچی گومانت کرد؟»

32 کە سەرکەوتنە ناو بەلەمەکە، بایەکە وەستا. 33 ئەوانەی لەناو بەلەمەکەدا بوون، کڕنۆشیان بۆ برد و گوتیان: «بەڕاستی تۆ کوڕی خودای.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.