Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
نوێژێکی داود.
17 ئەی یەزدان، گوێ لە داواکاری ڕاستودروستی من بگرە،
بایەخ بە هاوارم بدە،
گوێ لە نوێژەکەم بگرە،
لە زاری بێ فێڵمەوە دەردەچێ.
2 ئەستۆپاکی من لەلای تۆوە دێت،
چاوەکانت ڕاست و ڕێکی دەبینێت.
3 ئەگەر دڵم بپشکنیت و لە شەودا چاودێریم بکەیت،
ئەگەر تاقیم بکەیتەوە، هیچ خراپەیەکم تێدا نابینیت،
پێداگری دەکەم کە دەمم سنوور نەبەزێنێت.
4 سەبارەت بە کاری خەڵک، بە فەرمایشتی سەر لێوی تۆ،
خۆم لە ڕێگای توندوتیژی پاراستووە.
5 هەنگاوم بە ڕێڕەوی تۆوە جێگیر بوو،
پێم نەخلیسکاوە.
6 ئەی خودایە، لێت دەپاڕێمەوە، چونکە تۆ بە دەنگمەوە دێیت،
گوێ بۆ پاڕانەوەکەم شل بکە و ببیستە.
7 جوانی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەربخە،
ئەی ئەوەی بە دەستە ڕاستت ئەوانە ڕزگار دەکەیت
کە لەبەر دوژمنەکانیان پەنات بۆ دەهێنن.
15 بەڵام من بێتاوان دەبم و ڕووی تۆ دەبینم،
کە بەئاگادێم تێر دەبم لە بینینی شێوەت.
لابان دوای یاقوب دەکەوێت
22 ڕۆژی سێیەم بە لابان ڕاگەیەنرا کە یاقوب هەڵاتووە. 23 ئەویش پیاوەکانی لەگەڵ خۆی برد و بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ دوای کەوت، هەتا لە ناوچە شاخاوییەکانی گلعاد پێی گەیشتەوە. 24 خودا لە شەودا هاتە خەوی لابانی ئارامی و پێی گوت: «وریابە! نە بە چاک و نە بە خراپ هیچ بە یاقوب نەڵێیت.»
25 کاتێک لابان گەیشتە یاقوب، یاقوب لە چیاکە چادرەکەی هەڵدابوو، لابانیش لەگەڵ پیاوەکانی لە ناوچە شاخاوییەکانی گلعاد چادریان هەڵدا. 26 لابان بە یاقوبی گوت: «ئەمە چییە کردووتە؟ هەڵتخەڵەتاندووم و کچەکانی منیشت وەک ڕاپێچکراو داوەتە پێش خۆت. 27 بۆچی بەدزییەوە ڕات کرد و هەڵتخەڵەتاندم؟ بۆچی ئاگادارت نەکردمەوە بۆ ئەوەی بە شادی و گۆرانییەوە، بە دەف و بە قیسارەوە بەڕێت بکەم؟ 28 تەنانەت بوارت نەدام کوڕ و کچەکانم ماچ بکەم. تۆ ڕەفتارێکی گێلانەت کرد. 29 لە دەسەڵاتمدایە خراپتان پێ بکەم، بەڵام خودای باوکتان دوێنێ پێی گوتم: ”وریابە! نە بە چاک و نە بە خراپ هیچ بە یاقوب نەڵێیت.“ 30 ئێستاش وا ڕۆیشتی، چونکە تامەزرۆی بۆ ماڵی باوکت، بەڵام بۆچی بتەکانی منت دزی؟»
31 یاقوبیش وەڵامی دایەوە و بە لابانی گوت: «چونکە ترسام نەوەک بە زۆرەملێ کچەکانتم لێ بستێنیتەوە. 32 ئەوەش کە بتەکانتی لەلا دەبینیتەوە، نابێت بژیێت. لەبەردەم کەسوکاریشماندا ببینە چی تۆم لەلایە، بیبە بۆ خۆت.» بەڵام یاقوب نەیدەزانی کە ڕاحێل دزیویەتی.
33 ئیتر لابان چووە ناو چادرەکەی یاقوب و چادرەکەی لێئە و چادری هەردوو کەنیزەکەوە، بەڵام هیچی نەدۆزییەوە. ئینجا لە چادرەکەی لێئە هاتە دەرەوە و چووە ناو چادرەکەی ڕاحێل. 34 ڕاحێل بتەکانی بردبوو، خستبوویە ناو کورتانی وشترەکەوە و لەسەریان دانیشتبوو. لابانیش هەموو ناو چادرەکە گەڕا بەڵام هیچی نەدۆزییەوە.
35 بە باوکی گوت: «گەورەم تووڕە مەبە، ناتوانم لەبەردەمت هەستم، چونکە خوێنلێچوونی ژنان و سووڕی مانگانەم هەیە.» ئەویش پشکنینی خۆی کرد، بەڵام بتەکانی نەدۆزییەوە.
36 بۆ یاقوب ناخۆش بوو، بەگژ لاباندا چوو، یاقوب بە لابانی گوت: «تاوانم چییە؟ گوناهم چییە، وا گڕت گرت بەدوامدا هاتیت؟ 37 ئەوا هەموو شتەکانم گەڕایت، چ شتێکی ماڵەکەی خۆتت تێدا دۆزییەوە؟ ئا لێرە بیخەرە بەردەم پیاوەکانم و پیاوەکانت، با ئەوان دادوەری نێوان هەردووکمان بکەن.
38 «ئەوە بیست ساڵە من لەگەڵ تۆم، نە مەڕەکانت بەریان خست، نە بزنەکانیشت، نە منیش لە بەرانی مێگەلەکەی تۆم خوارد. 39 ئەوانەی دەبوونە نێچیری ئاژەڵ بۆم نەدەهێنایتەوە، بەڵکو لەسەر من دەکەوتن. لە منت داوا دەکردەوە، ئەگەر بە ڕۆژ بدزرابوونایە یان بە شەو. 40 بە ڕۆژ گەرما دەیخواردم و بە شەویش سەرما. خەویش لە چاوم بڕابوو. 41 ئەوا بیست ساڵە لە ماڵەکەی تۆم، چواردە ساڵ لەبری دوو کچەکەت خزمەتم بۆ کردیت و شەش ساڵیش لەبری مەڕەکانت، دە جاریش کرێیەکەی منت گۆڕی. 42 ئەگەر خوداکەی باوکم، خودای ئیبراهیم و ئەوەی ئیسحاق لێی دەترسا لەگەڵ من نەبووایە، ئەوا ئێستا بە دەستی بەتاڵ بەڕێت دەکردم. بەڵام خودا ڕوانییە ڕەنجکێشیم و ماندووبوونی دەستم، دوێنێ شەو سەرزەنشتی کردیت.»
ئارەزووی دیدەنی ڕۆما
8 سەرەتا، لە پێناوی هەمووتان بەهۆی عیسای مەسیحەوە سوپاسی خودام دەکەم، چونکە باوەڕتان لە هەموو جیهاندا بڵاو دەکرێتەوە. 9 خودا، ئەوەی بە ڕۆحم خزمەتی دەکەم لە جاڕدانی مزگێنی کوڕەکەیدا، شایەتی منە کە چۆن بێ بڕانەوە یادتان دەکەم و 10 بەردەوام لە نوێژەکانم دەپاڕێمەوە کە هیچ نەبێت ئێستا بە خواستی خودا بۆم ڕێک بکەوێت بێمە لاتان.
11 تامەزرۆی بینینی ئێوەم تاکو بۆ جێگیربوونتان بەهرەی ڕۆحیتان بدەمێ، 12 هەموومان پێکەوە یەکتری هانبدەین، ئێوە بە باوەڕی من و منیش بە باوەڕی ئێوە. 13 ئەی خوشک و برایان، نامەوێ لەلاتان شاراوە بێت، زۆر جار بەتەمابووم بێمە لاتان، تاکو لەنێو ئێوەشدا بەرهەمم هەبێت، وەک لەنێو نەتەوەکانی دیکەدا، بەڵام هەتا ئێستا ڕێم لێ گیرابوو.
14 من قەرزاری یۆنانی و بەربەریم[a]، دانا و نەزان. 15 بۆیە بە پەرۆشم مزگێنی بدەمە ئێوەی دانیشتووانی ڕۆما.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.