Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 17:1-7

نوێژێکی داود.

17 ئەی یەزدان، گوێ لە داواکاری ڕاستودروستی من بگرە،
    بایەخ بە هاوارم بدە،
گوێ لە نوێژەکەم بگرە،
    لە زاری بێ فێڵمەوە دەردەچێ.
ئەستۆپاکی من لەلای تۆوە دێت،
    چاوەکانت ڕاست و ڕێکی دەبینێت.

ئەگەر دڵم بپشکنیت و لە شەودا چاودێریم بکەیت،
    ئەگەر تاقیم بکەیتەوە، هیچ خراپەیەکم تێدا نابینیت،
    پێداگری دەکەم کە دەمم سنوور نەبەزێنێت.
سەبارەت بە کاری خەڵک، بە فەرمایشتی سەر لێوی تۆ،
    خۆم لە ڕێگای توندوتیژی پاراستووە.
هەنگاوم بە ڕێڕەوی تۆوە جێگیر بوو،
    پێم نەخلیسکاوە.

ئەی خودایە، لێت دەپاڕێمەوە، چونکە تۆ بە دەنگمەوە دێیت،
    گوێ بۆ پاڕانەوەکەم شل بکە و ببیستە.
جوانی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دەربخە،
    ئەی ئەوەی بە دەستە ڕاستت ئەوانە ڕزگار دەکەیت
    کە لەبەر دوژمنەکانیان پەنات بۆ دەهێنن.

زەبوورەکان 17:15

15 بەڵام من بێتاوان دەبم و ڕووی تۆ دەبینم،
    کە بەئاگادێم تێر دەبم لە بینینی شێوەت.

پەیدابوون 31:1-21

ڕاکردنی یاقوب لەلای لابان

31 یاقوب گوێی لە قسەکانی کوڕەکانی لابان بوو کە گوتبوویان، «هەموو ئەوەی هی باوکمان بوو، یاقوب بردی، لەوەی هی باوکمان بوو هەموو ئەم سامانەی دروستکرد.» هەروەها یاقوب سەیری لابانی کرد و بینی کە بەرامبەری گۆڕاوە و وەک جاران نەماوە.

یەزدان بە یاقوبی فەرموو: «بگەڕێوە بۆ خاکی باوکانت و بۆ لای کەسوکارەکەت، منیش لەگەڵت دەبم.»

یاقوبیش بەدوای ڕاحێل و لێئەدا ناردی بێنە لای لەو لەوەڕگایەی مەڕوماڵاتەکەی لێیە. پێی گوتن: «دەبینم باوکتان بەرامبەر بە من گۆڕاوە و وەک جاران نەماوە، بەڵام خودای باوکم لەگەڵ من بووە. خۆتان دەزانن کە من بە هەموو توانامەوە خزمەتی باوکتانم کردووە، کەچی باوکتان هەڵیخەڵەتاندم و دە جار کرێیەکەی منی گۆڕی. بەڵام خودا ڕێی پێنەدا کە خراپەم لەگەڵ بکات. کاتێک دەیگوت: ”بزنە خاڵدارەکان کرێی تۆ دەبن،“ ئەوا هەموو بزنەکان کاریلەی خاڵداریان دەبوو. بەڵام کاتێک ڕای خۆی دەگۆڕی و دەیگوت: ”بزنە خەتدارەکان کرێی تۆ دەبن،“ ئەوا هەموو بزنەکان کاریلەی خەتداریان دەبوو. خودا مەڕوماڵاتی باوکتانی برد و دایە من.

10 «لە کاتی پەڕینی ئاژەڵ، چاوم هەڵبڕی و لە خەوندا بینیم، وا تەگەکان کە لەگەڵ بزنەکان دەپەڕن خەتدار و خاڵدار و بەڵەکن. 11 فریشتەی خوداش لە خەونەکە پێی فەرمووم: ”یاقوب.“ منیش گوتم: ”ئەوەتام.“ 12 ئەویش فەرمووی: ”چاو هەڵبڕە و بڕوانە، وا هەموو ئەو تەگانەی لەگەڵ بزنەکان جووت دەبن خەتدار و خاڵدار و بەڵەکن. هەموو ئەوەم بینیوە کە لابان بە تۆی کردووە. 13 من خودای بێت‌ئێلم، ئەو شوێنەی تێیدا بەردێکت بە ستوونی ڕاگیر کرد و زەیتت بەسەریدا کرد، لەوێ نەزرت بۆ کردم. ئێستاش هەستە و لەم خاکە بڕۆ دەرەوە و بگەڕێوە بۆ خاکی لەدایکبوونەکەت.“»

14 ئینجا ڕاحێل و لێئە وەڵامیان دایەوە و پێیان گوت: «ئایا لە ماڵی باوکمان بەش و میراتمان هەیە؟ 15 مەگەر لای ئەو بە بێگانە دانەنراوین؟ چونکە ئێمەی فرۆشت و ئەو نرخەی پێشمان درابوو خواردی. 16 هەموو ئەو سامانەی خودا لە باوکمانی برد بۆ ئێمە و منداڵەکانمانە. ئێستاش هەرچی خودا پێی فەرموویت بیکە.»

17 ئیتر یاقوب هەستا و منداڵەکانی و ژنەکانی سواری وشترەکان کرد. 18 هەموو مەڕوماڵات و ئەو دەستکەوتانەی دەستی کەوتبوو دایە پێش خۆی، ئەوەی هەیبوو و لە پەدان ئارام پەیدای کردبوو، بۆ لای ئیسحاقی باوکی چوو لە خاکی کەنعان.

19 لابان بۆ بڕینەوەی مەڕەکانی چووبوو، ڕاحێلیش بتەکانی[a] باوکی دزی. 20 هەروەها یاقوبیش لابانی ئارامی هەڵخەڵەتاند، چونکە پێی ڕانەگەیاند کە ڕادەکات. 21 ئیتر بە هەموو ئەو شتانەوە کە هەیبوو هەڵات، لە ڕووباری فورات پەڕییەوە و ڕووی کردە ناوچە شاخاوییەکانی گلعاد.

مەتا 7:7-11

داوا بکەن، پێتان دەدرێ

«داوا بکەن، پێتان دەدرێت. بگەڕێن، دەدۆزنەوە. لە دەرگا بدەن، لێتان دەکرێتەوە، چونکە هەرکەسێک داوا بکات، وەردەگرێت. ئەوەی بگەڕێت، دەدۆزێتەوە. ئەوەش لە دەرگا دەدات، لێی دەکرێتەوە.

«ئەگینا کێ لە ئێوە ئەگەر کوڕەکەی داوای نانی لێ بکات، بەردی دەداتێ؟ 10 یان داوای ماسی لێ بکات، ماری دەداتێ؟ 11 جا ئێوە کە خراپن، بزانن شتی باش بدەنە منداڵەکانتان، باوکتان لە ئاسمان چەند زیاتر شتی باش دەداتە ئەوانەی داوای لێدەکەن!

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.