Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
پەیدابوون 29:15-28

15 لابان پێی گوت: «هەر لەبەر ئەوەی کەسی خۆمیت، ئایا ئیتر بەخۆڕایی کارم بۆ دەکەیت؟ پێم بڵێ ئاخۆ کرێیەکەت چی بێت؟»

16 لابان دوو کچی هەبوو، گەورەکەیان ناوی لێئە بوو، بچووکەکەشیان ناوی ڕاحێل بوو. 17 چاوەکانی لێئە کز بوون، بەڵام ڕاحێل ناسک و جوان بوو. 18 یاقوب ڕاحێلی خۆشدەویست، گوتی: «حەوت ساڵ کارت بۆ دەکەم بەرامبەر ڕاحێلی کچە بچووکەکەت.»

19 لابانیش گوتی: «بیدەمە تۆ باشترە لەوەی بیدەمە پیاوێکی دیکە. لێرە لەلای خۆم بمێنەوە.» 20 ئیتر یاقوب لەبەر ڕاحێل حەوت ساڵ کاری کرد، بەڵام لەلای ئەو وەک چەند ڕۆژێکی کەم وابوو، لەبەر خۆشەویستییەکەی بەرامبەر بە ڕاحێل.

21 ئینجا یاقوب بە لابانی گوت: «ژنەکەم بدەرێ، چونکە ماوەی خۆم تەواو بوو، دەشمەوێت بیگوازمەوە.»

22 لابانیش خەڵکی شوێنەکەی کۆکردەوە و ئاهەنگێکی ساز کرد. 23 بەڵام کاتێک ئێوارە داهات، پەلی لێئەی کچی گرت و هێنای بۆ یاقوب. ئەویش لەگەڵی نوست. 24 هەروەها لابان زیلپەی کەنیزەی خۆی کردە کەنیزەی لێئەی کچی.

25 کە ڕۆژ بووەوە، لێئە لەوێ بوو! یاقوبیش بە لابانی گوت: «ئەمە چییە بە منت کرد؟ مەگەر بۆ ڕاحێل نەبوو کە کارم بۆ کردیت؟ ئەی بۆچی فێڵت لێکردم؟»

26 لابانیش گوتی: «ئەوە دابونەریتی ئێمە نییە، لێرە کچە بچووکەکە پێش گەورەکە بە شوو بدەین. 27 هەفتەی بووکێنی ئەم تەواو بکە، ئەوی دیکەشیانت دەدەینێ بەرامبەر بە حەوت ساڵی دیکەی کار، کە بۆ منی دەکەیت.»

28 یاقوبیش بەم جۆرەی کرد. حەوت ڕۆژەکەی لەگەڵ لێئە تەواو کرد، لابانیش ڕاحێلی کچی پێدا هەتا ببێتە ژنی.

زەبوورەکان 105:1-11

105 ستایشی یەزدان بکەن و بە ناوی ئەوەوە نوێژ بکەن،
    کردارەکانی بە گەلان بناسێنن.
گۆرانی بۆ بڵێن، ستایشی بکەن،
    هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانی ڕابگەیەنن،
شانازی بە ناوی پیرۆزیەوە بکەن،
    با دڵی ئەوانە خۆش بێت کە ڕوو لە یەزدان دەکەن.
پشت بە یەزدان و هێزەکەی ببەستن،
    بەردەوام ڕووتان لەو بکەن.

باسی ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانە بکەن کە کردوونی،
    پەرجوو و حوکمەکانی دەمی،
ئەی نەوەی ئیبراهیمی بەندەی ئەو،
    ئەی کوڕانی یاقوب، هەڵبژاردەکانی.
ئەو یەزدانی پەروەردگارمانە،
    حوکمەکانیشی لە سەراپای زەوییە.

بۆ هەتاهەتایە پەیمانەکەی لە یادە،
    ئەو بەڵێنەی دەیدات بۆ هەزار پشتە،
ئەو پەیمانەی لەگەڵ ئیبراهیم بەستی،
    ئەو سوێندەی بۆ ئیسحاقی خوارد.
10 وەک فەرز بۆ یاقوب چەسپاندی،
    وەک پەیمانێکی هەمیشەیی بۆ ئیسرائیل.
11 فەرموویەتی: «خاکی کەنعان[a] دەدەمە تۆ،
    بەشە میراتی خۆتانە.»

زەبوورەکان 105:45

45 بۆ ئەوەی فەرزەکانی بەجێبهێنن،
    فێرکردنی جێبەجێ بکەن.

هەلیلویا.

زەبوورەکان 128

گۆرانی گەشتیاران.

128 خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی لە یەزدان بترسێت،
    ڕێگای ئەو بگرێتەبەر.
کە بەری ڕەنجی دەستی خۆت دەخۆیت،
    خۆزگەت پێ دەخوازرێت و چاکیشە بۆت.
ژنەکەت وەک دار مێوێکی بەردار دەبێت لەناو ماڵەکەت،
    کوڕەکانت وەک شەتڵە زەیتوون دەبن لە دەوری خوانەکەت.
ئەو کەسەی لە یەزدان بترسێت
    ئاوا بەرەکەتدار دەبێت.

یەزدان لە سییۆن بەرەکەتدارت بکات،
    چاکەی ئۆرشەلیم ببینیت
هەموو ڕۆژانی ژیانت و
    منداڵی منداڵەکانت ببینیت!
ئاشتی بۆ ئیسرائیل!

ڕۆما 8:26-39

26 بە هەمان شێوە ڕۆحی پیرۆز لە لاوازییەکانماندا یارمەتیمان دەدات. نازانین لە پێناوی چی نوێژ بکەین، بەڵام ڕۆحی پیرۆز خۆی بە ناڵەوە داکۆکیمان لێدەکات بە شێوەیەک کە باس ناکرێت. 27 ئەوەی دڵی مرۆڤ دەپشکنێت، دەزانێت ڕۆحی پیرۆز بایەخ بە چی دەدات، چونکە بەگوێرەی خواستی خودا داکۆکی لە گەلی پیرۆزی خودا دەکات.

28 ئێمە دەزانین خودا لە هەموو شتەکاندا کار دەکات بۆ چاکەی ئەوانەی ئەویان خۆشدەوێت، ئەوانەی بەگوێرەی مەبەستی ئەو بانگکراون، 29 چونکە ئەوانەی پێشتر ناسیبوونی، پێشتر دیاری کردن بۆ ئەوەی وەک وێنەی کوڕەکەی ئەویان لێ بێت، تاکو لەنێو زۆرێک لە خوشک و برایاندا ئەو ببێتە نۆبەرە. 30 ئەوانەی پێشتر دیاری کردن بانگیشی کردن، ئەوانەی بانگی کردن بێتاوانیشی کردن، ئەوانەی بێتاوانی کردن شکۆداریشی کردن.

سەرکەوتنی لە ڕادەبەدەر

31 ئیتر چی بەمانە بڵێین؟ ئەگەر خودا لەگەڵمان بێت، کێ دژمانە؟ 32 ئەوەی دەستی بە کوڕەکەی خۆیەوە نەگرت، بەڵکو لە پێناوی هەموومان پێشکەشی کرد، ئیتر چۆن لەگەڵ ئەو هەموو شتێکمان بەخۆڕایی ناداتێ؟ 33 کێ سکاڵا لە هەڵبژێردراوانی خودا دەکات؟ خودایە ئەوەی بێتاوان دەکات. 34 کێیە تاوانبار دەکات؟ کەس نییە. عیسای مەسیحە کە مرد، بەڵکو لەمەش زیاتر هەستێنرایەوە، هەر ئەویش لە دەستە ڕاستی خودایە و داکۆکیمان لێدەکات. 35 کێ لە خۆشەویستی مەسیح جیامان دەکاتەوە؟ ناخۆشی یان تەنگانە یان چەوسانەوە یان قاتوقڕی یان ڕووتی یان مەترسی یاخود شمشێر؟ 36 وەک نووسراوە:

[لە پێناوی تۆ بە درێژایی ڕۆژ ڕووبەڕووی مردن دەبینەوە،
    وەک مەڕ بۆ سەربڕین دادەنرێین.][a]

37 بەڵام لە هەموو ئەمانەدا لە ڕادەبەدەر سەرکەوتووین لە ڕێگەی ئەوەی کە خۆشی ویستووین، 38 چونکە دڵنیام نە مردن و نە ژیان، نە فریشتەکان و نە سەرۆکەکان، نە شتەکانی ئێستا و نە شتەکانی داهاتوو، نە هێزەکان، 39 نە بەرزی و نە قووڵی، نە بەدیهێنراوی دیکە، ناتوانێت لە خۆشەویستی خودا جیامان بکاتەوە کە لە ڕێگەی عیسای مەسیحی گەورەمانەوە بۆمان دێت.

مەتا 13:31-33

نموونەی دەنکە خەردەل

31 نموونەیەکی دیکەی بۆ هێنانەوە: «شانشینی ئاسمان وەک دەنکە خەردەل[a] وایە، کە یەکێک بیهێنێت و لە کێڵگەکەیدا بیچێنێ، 32 کە بچووکترین تۆوە، بەڵام کاتێک گەشە دەکات، گەورەترین ڕووەکە و دەبێتە درەخت، تەنانەت باڵندەی ئاسمانیش دێن و لەسەر لقەکانیدا هێلانە دەکەن.»

نموونەی هەویرترش

33 نموونەیەکی دیکەی بۆ هێنانەوە: «شانشینی ئاسمان لە هەویرترشێک[b] دەچێت، ئافرەتێک هێنای و کردییە ناو سێ پێوانە[c] ئاردەوە، هەتا هەمووی هەڵهات.»

مەتا 13:44-52

نموونەی گەنجینە و مرواری

44 «شانشینی ئاسمان لە گەنجینەیەک دەچێت لە کێڵگەیەکدا شاردرابێتەوە. یەکێک دۆزییەوە و شاردییەوە، لە خۆشیان دەچێت و هەرچی هەیە دەیفرۆشێت و ئەو کێڵگەیەی پێ دەکڕێت.

45 «هەروەها شانشینی ئاسمان لە بازرگانێک دەچێت بە شوێن مرواری نایابدا دەگەڕا. 46 کاتێک مروارییەکی گرانبەهای بینی، چوو هەرچیی هەبوو فرۆشتی و مروارییەکەی کڕی.

نموونەی تۆڕ

47 «هەروەها شانشینی ئاسمان لە تۆڕێک دەچێت فڕێدرابێتە دەریاچەوە، لە هەموو جۆرەکانی ماسی کۆدەکاتەوە. 48 کاتێک تۆڕەکە پڕ بوو، ماسیگرەکان ڕایانکێشایە کەنار، باشەکانیان لە سەبەتەدا کۆکردەوە و خراپەکانیشیان فڕێدا. 49 کۆتایی زەمانیش ئاوا دەبێت: فریشتەکان دێن و بەدکاران لەناو ڕاستودروستاندا دەردەهێنن و 50 فڕێیان دەدەنە ناو کوورەی ئاگرەوە. جا لەوێ دەگریێن و جیڕەی ددانیان دێت.»

51 عیسا لێی پرسین: «ئایا هەموو ئەمانە تێگەیشتن؟»

وەڵامیان دایەوە: «بەڵێ.»

52 جا پێی فەرموون: «لەبەر ئەوە هەر مامۆستایەکی تەورات کە دەبێت بە قوتابی لە شانشینی ئاسمان، لە خاوەن ماڵێک دەچێت لە گەنجینەکەیدا نوێ و کۆن دەربهێنێت.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.