Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 105:1-11

105 ستایشی یەزدان بکەن و بە ناوی ئەوەوە نوێژ بکەن،
    کردارەکانی بە گەلان بناسێنن.
گۆرانی بۆ بڵێن، ستایشی بکەن،
    هەموو کارە سەرسوڕهێنەرەکانی ڕابگەیەنن،
شانازی بە ناوی پیرۆزیەوە بکەن،
    با دڵی ئەوانە خۆش بێت کە ڕوو لە یەزدان دەکەن.
پشت بە یەزدان و هێزەکەی ببەستن،
    بەردەوام ڕووتان لەو بکەن.

باسی ئەو کارە سەرسوڕهێنەرانە بکەن کە کردوونی،
    پەرجوو و حوکمەکانی دەمی،
ئەی نەوەی ئیبراهیمی بەندەی ئەو،
    ئەی کوڕانی یاقوب، هەڵبژاردەکانی.
ئەو یەزدانی پەروەردگارمانە،
    حوکمەکانیشی لە سەراپای زەوییە.

بۆ هەتاهەتایە پەیمانەکەی لە یادە،
    ئەو بەڵێنەی دەیدات بۆ هەزار پشتە،
ئەو پەیمانەی لەگەڵ ئیبراهیم بەستی،
    ئەو سوێندەی بۆ ئیسحاقی خوارد.
10 وەک فەرز بۆ یاقوب چەسپاندی،
    وەک پەیمانێکی هەمیشەیی بۆ ئیسرائیل.
11 فەرموویەتی: «خاکی کەنعان[a] دەدەمە تۆ،
    بەشە میراتی خۆتانە.»

زەبوورەکان 105:45

45 بۆ ئەوەی فەرزەکانی بەجێبهێنن،
    فێرکردنی جێبەجێ بکەن.

هەلیلویا.

پەیدابوون 29:31-30:24

منداڵەکانی یاقوب

31 یەزدان بینی کە لێئە خۆشەویست نییە، ئیتر منداڵدانی کردەوە. بەڵام ڕاحێل نەزۆک بوو. 32 لێئە سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو ناوی لێنا ڕەئوبێن[a]، لەبەر ئەوەی گوتی: «یەزدان نەگبەتی منی بەدی کردووە، بێگومان ئێستا مێردەکەم منی خۆشدەوێ.»

33 دیسان سکی پڕ بوو، کوڕێکی دیکەی بوو، گوتی: «یەزدان بیستوویەتی خۆشەویست نیم. ئیتر ئەمەشی دامێ.» ناوی لێنا شیمۆن.

34 جارێکی دیکەش سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو، گوتی: «وا ئەم جارە ئیتر مێردەکەم پێمەوە پەیوەست دەبێت، چونکە سێ کوڕم بۆی بووە.» لەبەر ئەوە ناوی لێنا لێڤی[b].

35 دیسان سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو، گوتی: «ئەم جارە ستایشی یەزدان دەکەم.» لەبەر ئەوە ناوی لێنا یەهودا[c]. ئیتر لە سککردن وەستا.

30 کاتێک ڕاحێل بینی هیچ منداڵێکی بۆ یاقوب نەبوو، بەغیلی بە خوشکەکەی خۆی برد، بە یاقوبی گوت: «منداڵم پێبدە، ئەگینا دەمرم!»

تووڕەیی یاقوب لە ڕاحێل جۆشا، گوتی: «ئایا من لە جێی خودام کە لە بەرهەمی سک بێبەشی کردوویت؟»

ئەویش گوتی: «ئەوەتا بیلهەی کەنیزەم. لەگەڵی بنوو هەتا لەسەر چۆکم منداڵی ببێت، ئیتر لەوەوە منیش کوڕم دەبێت.»

جا بیلهەی کەنیزەی خۆی دایێ هەتا ببێتە ژنی. یاقوبیش لەگەڵی نوست. بیلهەش سکی پڕ بوو، کوڕێکی بۆ یاقوب بوو. ڕاحێل گوتی: «خودا پشتگیری لێکردم و گوێی لە داواکەم گرت، هەروەها گوێی لە دەنگم بوو، کوڕێکی دامێ.» لەبەر ئەوە ناوی لێنا دان[d].

دیسان بیلهە، کەنیزەکەی ڕاحێل سکی کرد و کوڕی دووەمی بۆ یاقوب بوو. ئینجا ڕاحێل گوتی: «بە زۆرانبازی خودا، زۆرانبازیم لەگەڵ خوشکەکەم کرد و بردیشمەوە.» لەبەر ئەوە ناوی لێنا نەفتالی.

کاتێک لێئە بینی وا لە سککردن وەستاوە، پەلی زیلپەی کەنیزەکەی خۆی گرت و دایە یاقوب هەتا ببێتە ژنی. 10 زیلپەی کەنیزەی لێئە کوڕێکی بۆ یاقوب بوو. 11 لێئە گوتی: «بە بەختەوەری!» ئیتر ناوی لێنا گاد.

12 زیلپەی کەنیزەی لێئە کوڕی دووەمی بۆ یاقوب بوو. 13 لێئەش گوتی: «بە خۆزگە پێخوازراویم! چونکە کچان خۆزگەم پێ دەخوازن.» ئیتر ناوی لێنا ئاشێر[e].

14 لە ڕۆژانی دروێنەی گەنمدا، ڕەئوبێن چوو هەندێک گیائادەمەی[f] لە کێڵگە بینییەوە و بۆ لێئەی دایکی هێنایەوە. ڕاحێلیش بە لێئەی گوت: «هەندێک لە گیائادەمەی کوڕەکەتم بدەرێ.»

15 بەڵام لێئە گوتی: «بە لاتەوە کەمە مێردەکەت بردووم؟ گیائادەمەی کوڕەکەشم دەبەیت؟»

ڕاحێلیش گوتی: «دەی باشە با لە جیاتی گیائادەمەی کوڕەکەت ئەمشەو لەگەڵ تۆ بنووێت.»

16 کاتێک یاقوب دەمەو ئێوارە لە کێڵگە گەڕایەوە، لێئە بۆ پێشوازیکردنی چووە دەرەوە و گوتی: «دێیتە لای خۆم، چونکە بە گیائادەمەی کوڕەکەم بە کرێم گرتوویت.» ئەویش ئەو شەوە لەگەڵی نوست.

17 خودا گوێی لە لێئە بوو، ئیتر سکی پڕ بوو، کوڕی پێنجەمی بۆ یاقوب بوو. 18 ئینجا لێئە گوتی: «خودا پاداشتی ئەوەی دامەوە کە کەنیزەکەی خۆمم دایە پیاوەکەم.» ئیتر ناوی لێنا یەساخار[g].

19 دیسان لێئە سکی کرد و کوڕی شەشەمینی بۆ یاقوب بوو. 20 ئینجا لێئە گوتی: «خودا بە خەڵاتێکی باش خەڵاتی کردم. ئێستا مێردەکەم گوزەرانم لەگەڵ دەکات، چونکە شەش کوڕم بۆی بوو.» ناوی لە کوڕەکەش نا زەبولون.

21 دوای ئەمە کچێکیشی بوو، ناوی لێنا دینە.

22 خودا ڕاحێلی هاتەوە یاد[h]، خودا گوێی لە دەنگی بوو، منداڵدانی کردەوە. 23 ئیتر سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو، گوتی: «خودا سووکایەتییەکەی لەسەر لابردم.» 24 ناوی لێنا یوسف، چونکە گوتی: «یەزدان کوڕێکی دیکەشم بۆ زیاد دەکات.»

مەتا 12:38-42

نیشانەی یونسی پێغەمبەر

38 ئینجا هەندێک مامۆستای تەورات و فەریسی وەڵامیان دایەوە و گوتیان: «مامۆستا، دەمانەوێ نیشانەیەکت لێ ببینین.»

39 کەچی وەڵامی دانەوە: «نەوەیەکی بەدکار و داوێنپیس[a] داوای نیشانە دەکات، بەڵام نیشانەی نادرێتێ، جگە لە نیشانەی یونسی پێغەمبەر. 40 هەروەک چۆن یونس سێ شەو و سێ ڕۆژ لەناو سکی ماسییەکی گەورەدا بوو، ئاواش کوڕی مرۆڤ سێ شەو و سێ ڕۆژ لە ناخی زەویدا دەمێنێتەوە. 41 خەڵکی نەینەوا لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا، لەگەڵ ئەم نەوەیە لە مردن هەڵدەستنەوە و تاوانباری دەکەن، چونکە تۆبەیان کرد کاتێک یونس پەیامی خودای ڕاگەیاند. ئەوەتا لە یونس مەزنتر لێرەیە. 42 شاژنی باشوور[b] لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا لەگەڵ ئەم نەوەیە لە مردن هەڵدەستێتەوە و تاوانباری دەکات، چونکە لەوپەڕی زەوییەوە هات بۆ گوێگرتن لە دانایی سلێمان. ئەوەتا لە سلێمان مەزنتر لێرەیە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.