Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 139:13-18

13 چونکە تۆ ناخی منت دروستکردووە،
    لەناو سکی دایکم منت چنیوە.
14 ستایشت دەکەم، چونکە بە سامناکی دروستکراوم، سەرسوڕهێنەرم،
    کارەکانت سەرسوڕهێنەرن،
    لە ناخمەوە باش ئەمە دەزانم.
15 ئێسقانم لە تۆ شاراوە نەبوو،
    کاتێک لە پەنهانی دروستکرام،
    لەناو سکی زەوی نەخشێنرام.
16 هێشتا لە سکی دایکم بووم، ئەندامەکانی لەشمت بینی.
    هەموو ئەو ڕۆژانە کە بۆ من شێوەیان کێشرا،
لە پەڕتووکەکەتدا نووسراون،
    پێش ئەوەی هیچ کامێکیان هەبن.
17 ئەی خودایە، بیرۆکەکانت بەلای منەوە چەند گرانبەهایە!
    کۆی ژمارەیان چەندە مەزنە!
18 ئەگەر بیانژمێرم، لە لم زیاترن.
    کە بەئاگادێمەوە هێشتا لەگەڵ تۆم.

پەیدابوون 35:16-29

مردنی ڕاحێل و ئیسحاق

16 ئینجا لە بێت‌ئێلەوە بەڕێکەوتن. کاتێک ماوەیەکی کەمیان مابوو بگەنە ئەفرات، ڕاحێل کەوتە سەر منداڵبوون، منداڵبوونێکی دژوار. 17 ئەوە بوو لە کاتی منداڵبوونەکەی، مامانەکە پێی گوت: «مەترسە، چونکە ئەمەش کوڕێکی دیکەتە.» 18 ئەوە بوو لەگەڵ دواهەناسەی، لەبەر ئەوەی دەمرد، کوڕەکەی ناونا بەن‌ئۆنی[a]. بەڵام باوکی ناوی لێنا بنیامین[b].

19 ئیتر ڕاحێل مرد و لە ڕێی ئەفرات نێژرا کە بێت‌لەحمە. 20 یاقوب ستوونێکی لەسەر گۆڕەکەی ڕاگیر کرد، کە هەتا ئەمڕۆش ئەوە ستوونی گۆڕەکەی ڕاحێلە.

21 ئیسرائیل بەڕێکەوتەوە و چادرەکەی لە پشت مگدەل عێدەرەوە هەڵدا. 22 کاتێک ئیسرائیل لەو ناوچەیەدا دەژیا، ڕەئوبێن چوو لەگەڵ بیلهەی کەنیزەی باوکی نوست. ئەمەش بەرگوێی ئیسرائیل کەوتەوە.

یاقوب دوازدە کوڕی هەبوو:

23 کوڕەکانی لێئە:

ڕەئوبێن، نۆبەرەکەی یاقوب.

شیمۆن، لێڤی، یەهودا، یەساخار و زەبولون.

24 کوڕەکانی ڕاحێل:

یوسف و بنیامین

25 کوڕەکانی بیلهەی کەنیزەی ڕاحێل:

دان و نەفتالی.

26 کوڕەکانی زیلپەی کەنیزەی لێئە:

گاد و ئاشێر.

ئەمانە کوڕەکانی یاقوبن، کە لە پەدان ئارام لەدایک بوون.

27 یاقوب هاتە مەمرێ بۆ لای ئیسحاقی باوکی لە نزیک قیریەت ئەربەع، کە حەبرۆنە، کە لەوێ ئیبراهیم و ئیسحاق ئاوارە بوون. 28 تەمەنی ئیسحاق سەد و هەشتا ساڵ بوو. 29 ئینجا دواهەناسەی دا و مرد، چووەوە پاڵ گەلەکەی خۆی، بە پیری و تێر لە ژیان خواردوو. هەردوو کوڕەکەی خۆی، عیسۆ و یاقوب، ناشتیان.

مەتا 12:15-21

بەندەی هەڵبژێردراوی خودا

15 عیساش بەمەی زانی، لەوێ ڕۆیشت و خەڵکێکی زۆر دوای کەوتن، ئەویش هەموویانی چاککردەوە و 16 ئاگاداری کردنەوە ئاشکرای نەکەن، 17 تاکو ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەر ئیشایا گوتراوە بێتە دی کە دەڵێت:

18 [ئەوەتا خزمەتکارەکەم، ئەوەی هەڵمبژاردووە،
    خۆشەویستم کە پێی دڵشادم،
ڕۆحی خۆمی دەخەمە سەر،
    جاڕی دادپەروەری بۆ نەتەوەکان دەدات.
19 شەڕ ناکات و هاوار ناکات،
    کەسیش لە شەقامدا دەنگی نابیستێت.
20 قامیشێکی کوتراو ناشکێنێت،
    پڵیتەیەکی پرتەپرتکەر ناکوژێنێتەوە،
تاکو دادپەروەری بە سەرکەوتن دەگەیەنێت.
21     نەتەوەکان هیوایان بە ناوی ئەو دەبێت.][a]

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.