Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
خەونی یاقوب لە بێتئێل
10 یاقوب بیری شابەعی بەجێهێشت و بەرەو حەڕان ڕۆیشت. 11 ئیتر ڕێی کەوتە شوێنێک و لەوێ مایەوە، چونکە خۆر ئاواببوو. بەردێکیشی لە بەردەکانی ئەو شوێنە هێنا و خستییە ژێر سەری، لەو شوێنەدا ڕاکشا. 12 خەونێکی بینی، لەم خەونە پێپلیکانەیەک لەسەر زەوی ڕاگیراوە و سەریشی لە ئاسمان دەدات. بینی فریشتەکانی خوداش پێیدا سەردەکەون و دێنە خوارەوە. 13 وا یەزدان وەستاوە و دەفەرموێت: «من یەزدانم، خودای ئیبراهیمی باوکت و خودای ئیسحاق. ئەو زەوییەی لەسەری ڕاکشاویت دەیدەمە خۆت و نەوەکەت. 14 نەوەکەت وەک خۆڵی زەوی دەبێت، بەرەو ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و باکوور و باشوور بڵاو دەبیتەوە. هەموو هۆزەکانی زەویش لە ڕێگەی تۆ و نەوەی تۆوە بەرەکەتدار دەبن. 15 من لەگەڵتدام و بۆ هەر لایەک بچیت دەتپارێزم، دەشتگەڕێنمەوە بۆ ئەم خاکە، چونکە وازت لێ ناهێنم هەتا ئەوە ئەنجام نەدەم کە پێم فەرموویت.»
16 یاقوب لە خەونەکەی بەئاگا هات، گوتی: «بێگومان یەزدان لەم شوێنەیە، منیش نەمزانی!» 17 ترسیش دایگرت و گوتی: «ئەم شوێنە چەند ترسناکە! ئەمە هیچی دیکە نییە ماڵی خودا نەبێت، ئەمەش دەروازەی ئاسمانە.»
18 یاقوب بەیانی زوو لە خەو هەستا و ئەو بەردەی هێنا کە لەژێر سەری خۆی داینابوو بە ستوونی ڕاگیری کرد و زەیتی بەسەردا کرد. 19 ئەو شوێنەشی ناونا بێتئێل[a]. بەڵام پێشتر شارەکە ناوی لوز بوو.
بۆ گەورەی گۆرانیبێژان، زەبوورێکی داود.
139 ئەی یەزدان، تۆ منت پشکنی و
منت ناسی.
2 هەستان و دانیشتنی منت زانیوە،
لە دوورەوە لە بیرکردنەوەم گەیشتووی.
3 ڕێڕەو و جێی ڕاکشانی منت پێواوە،
شارەزای هەموو ڕێگاکانی منیت.
4 ئەی یەزدان، بەر لەوەی وشەیەک لەسەر زمانم هەبێت،
تۆ بە تەواوی دەیزانی.
5 لەپێش و لە پشتەوە دەورت داوم،
دەستت دەخەیتە سەرم.
6 ئەم زانینەی تۆم بەلاوە زۆر سەیرە،
لە سەرووی منەوەیە، ناتوانم بەدەستی بهێنم.
7 بۆ کوێ بچم لە ڕۆحی تۆ؟
بۆ کوێ هەڵبێم لە ڕوخسارت؟
8 ئەگەر سەربکەوم بۆ ئاسمان، ئەوەتا تۆ لەوێی،
ئەگەر لەناو جیهانی مردووان ڕاکشێم، ئەوەتا تۆ لەوێی.
9 ئەگەر دەست بە باڵی بەرەبەیانەوە بگرم،
ئەگەر لەوپەڕی دەریا[a] نیشتەجێ بم،
10 لەوێش دەستی تۆ ڕێنماییم دەکات،
دەستە ڕاستەت بە خۆیەوە دەمگرێت.
11 ئەگەر گوتم: «بێگومان تاریکی دامدەپۆشێت،
ڕووناکیش دەبێتە شەوی دەورم،»
12 ئەوا لە تاریکیشدا لەلای تۆ تاریک دانایەت،
شەو وەک ڕۆژ ڕووناکی دەبەخشێت،
تاریکیش وەک ڕووناکی وایە.
23 خودایە، بمپشکنە و بزانە دڵم چی تێدایە!
تاقیم بکەوە و بزانە خولیای چیم.
24 سەیر بکە ئاخۆ هیچ ڕێگایەکی خراپەم تێدایە،
ڕێنماییم بکە لە ڕێگای هەتاهەتایی.
12 بۆیە ئەی خوشک و برایان، ئێمە قەرزارین، بەڵام قەرزاری سروشتی دنیایی نین، تاکو بەگوێرەی ئەو بژین. 13 ئەگەر بێتو ئێوە بەگوێرەی سروشتی دنیایی بژین دەمرن، بەڵام ئەگەر بە ڕۆحی پیرۆز کردارەکانی سروشتی دنیاییتان مراند، ئەوا دەژین، 14 چونکە هەموو ئەوانەی ڕۆحی خودا بەڕێوەیان دەبات، ڕۆڵەی خودان. 15 ئێوە ڕۆحی کۆیلەییتان وەرنەگرتووە تاکو بۆ ترس بتانگەڕێنێتەوە، بەڵکو ڕۆحی لەخۆگرتنەوەتان[a] وەرگرتووە، بەهۆیەوە هاوار دەکەین: «بابە! باوکە!» 16 ڕۆحی پیرۆز خۆی شایەتی بۆ ڕۆحمان دەدات کە منداڵی خوداین. 17 ئەگەر منداڵی بین، میراتگریشین، میراتگری خودا و هاومیراتی مەسیح، ئەگەر لە ڕاستیدا لەگەڵ ئەو ئازار بچێژین، بۆ ئەوەی تاکو لەگەڵ ئەو شکۆدار بین.
ئازارەکانی ئێستا و شکۆی داهاتوو
18 پێم وایە ئازارەکانی ئێستا لەگەڵ شکۆی داهاتوو کە تیاماندا ئاشکرا دەکرێت بەراورد ناکرێت، 19 چونکە بەدیهێنراو بە پەرۆشەوە چاوەڕێ دەکات ڕۆڵەکانی خودا ئاشکرا بکرێن. 20 بەدیهێنراو ملکەچی بێنرخبوون بوو، نەک بە ویستی خۆی، بەڵکو بە ویستی ئەوەی کە ملکەچی کرد[b]، بە هیوای ئەوەی 21 کە خودی بەدیهێنراو لە کۆیلایەتی گەندەڵی ئازاد بکرێت تاکو هاوبەش بێت لە سەربەستی شکۆمەندی منداڵانی خودا.
22 دەزانین هەموو بەدیهێنراوان هەتا ئێستا بەیەکەوە دەناڵێنن و ژانیان گرتووە. 23 تەنها ئەمە نا، بەڵکو ئێمە کە یەکەمین بەرهەمی ڕۆحی پیرۆزمان وەرگرت، لە ناخماندا دەناڵێنین و بە پەرۆشەوە چاوەڕێی لەخۆگرتنەوەین، واتە ڕزگاریی جەستەمان، 24 چونکە بە هیواوە ڕزگارمان بوو. بەڵام هیوای بینراو هیوا نییە. ئەوەی دەیبینی هیوای چی پێ دەخوازیت؟ 25 بەڵام ئەگەر هیوای شتێک بخوازین کە بینراو نییە، ئەوا بە دانبەخۆداگرتنەوە چاوەڕێی دەکەین.
نموونەی گەنم و زیزان
24 نموونەیەکی دیکەی بۆ هێنانەوە: «شانشینی ئاسمان لە مرۆڤێک دەچێت، تۆوی چاک لە کێڵگەکەی بچێنێت. 25 بەڵام کاتێک خەڵک نوستبوون، دوژمنەکەی هات و لەناو گەنمەکەدا زیزانی چاند و ڕۆیشت. 26 کاتێک گەنمەکە ڕوا و گوڵی دەرکرد، زیزانەکەش دەرکەوت.
27 «کۆیلەی خاوەن ماڵ هاتن و پێیان گوت: ”گەورەم، ئایا لە کێڵگەکەتدا تۆوی چاکت تۆو نەکرد؟ ئیتر ئەم زیزانە لەکوێوە هات؟“
28 «ئەویش وەڵامی دانەوە: ”دوژمن ئەمەی کردووە.“ کۆیلەکانیش پێیان گوت: ”دەتەوێ بچین زیزانەکان بژار بکەین؟“»
29 گوتی: «”نەخێر، نەوەک لەگەڵ بژارکردنی زیزان، گەنمیش هەڵبکێشن. 30 هەتا کاتی دروێنە لێگەڕێن با بەیەکەوە پێبگەن، جا لە کاتی دروێنەدا بە سەپانەکان دەڵێم، یەکەم جار زیزانەکە بژار بکەن و بیانکەنە مەڵۆ[a] بۆ ئەوەی بسووتێنرێن، بەڵام گەنمەکە لە ئەمبارەکەم کۆبکەنەوە.“»
ڕوونکردنەوەی نموونەی زیزان
36 ئینجا خەڵکەکەی بەڕێکرد و گەڕایەوە بۆ ماڵ. قوتابییەکانی هاتنە لای و گوتیان: «نموونەی زیزانی ناو کێڵگەکەمان بۆ لێکبدەوە.»
37 وەڵامی دایەوە: «ئەوەی تۆوە چاکەکەی چاند، کوڕی مرۆڤە. 38 کێڵگەکەش جیهانە، تۆوە چاکەکەش ڕۆڵەکانی شانشینن، زیزانەکەش ڕۆڵەکانی شەیتانن، 39 دوژمنەکەش کە تۆوی کردن ئیبلیسە، دروێنەکەش کۆتایی زەمانە[a]، سەپانەکانیش فریشتەکانن.
40 «هەروەک چۆن زیزانەکە بژارکرا و بە ئاگر سووتێنرا، لە کۆتایی زەمانیشدا وا دەبێت. 41 کوڕی مرۆڤ فریشتەکانی دەنێرێت، هەموو کۆسپ و سەرپێچیکاران لە شانشینییەکەی کۆدەکەنەوە و 42 فڕێیان دەدەنە ناو کوورەی ئاگرەوە، جا لەوێ دەگریێن و جیڕەی ددانیان دێت. 43 ئەوسا ڕاستودروستان لە شانشینی باوکیاندا وەک ڕۆژ دەدرەوشێنەوە. ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت!
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.