Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 139:1-12

بۆ گەورەی گۆرانیبێژان، زەبوورێکی داود.

139 ئەی یەزدان، تۆ منت پشکنی و
    منت ناسی.
هەستان و دانیشتنی منت زانیوە،
    لە دوورەوە لە بیرکردنەوەم گەیشتووی.
ڕێڕەو و جێی ڕاکشانی منت پێواوە،
    شارەزای هەموو ڕێگاکانی منیت.
ئەی یەزدان، بەر لەوەی وشەیەک لەسەر زمانم هەبێت،
    تۆ بە تەواوی دەیزانی.
لەپێش و لە پشتەوە دەورت داوم،
    دەستت دەخەیتە سەرم.
ئەم زانینەی تۆم بەلاوە زۆر سەیرە،
    لە سەرووی منەوەیە، ناتوانم بەدەستی بهێنم.

بۆ کوێ بچم لە ڕۆحی تۆ؟
    بۆ کوێ هەڵبێم لە ڕوخسارت؟
ئەگەر سەربکەوم بۆ ئاسمان، ئەوەتا تۆ لەوێی،
    ئەگەر لەناو جیهانی مردووان ڕاکشێم، ئەوەتا تۆ لەوێی.
ئەگەر دەست بە باڵی بەرەبەیانەوە بگرم،
    ئەگەر لەوپەڕی دەریا[a] نیشتەجێ بم،
10 لەوێش دەستی تۆ ڕێنماییم دەکات،
    دەستە ڕاستەت بە خۆیەوە دەمگرێت.
11 ئەگەر گوتم: «بێگومان تاریکی دامدەپۆشێت،
    ڕووناکیش دەبێتە شەوی دەورم،»
12 ئەوا لە تاریکیشدا لەلای تۆ تاریک دانایەت،
    شەو وەک ڕۆژ ڕووناکی دەبەخشێت،
    تاریکیش وەک ڕووناکی وایە.

زەبوورەکان 139:23-24

23 خودایە، بمپشکنە و بزانە دڵم چی تێدایە!
    تاقیم بکەوە و بزانە خولیای چیم.
24 سەیر بکە ئاخۆ هیچ ڕێگایەکی خراپەم تێدایە،
    ڕێنماییم بکە لە ڕێگای هەتاهەتایی.

دەرچوون 14:9-25

میسرییەکان دوایان کەوتن. هەموو ئەسپ و گالیسکەکانی فیرعەون و سوارەکانی و سوپاکەی دوایان کەوتن و پێیان گەیشتن، کاتێک لەلای دەریا چادریان هەڵدابوو، لەلای پی‌هەحیرۆت بەرامبەر بەعل‌چیفۆن.

10 کاتێک فیرعەون نزیک بووەوە، نەوەی ئیسرائیل چاویان هەڵبڕی و بینییان میسرییەکان بەدوایانەوەن، زۆر ترسان و نەوەی ئیسرائیل هاواریان بۆ یەزدان کرد. 11 بە موسایان گوت: «ئایا لەبەر ئەوەی لە میسر گۆڕ نییە بۆ مردن وا ئێمەت هێنایە چۆڵەوانی؟ ئەمە چی بوو پێت کردین هەتا وامان لێ بکەیت لە میسر بێنە دەرەوە؟ 12 ئەمە ئەو قسەیە نییە کە لە میسر پێمان گوتی: ”لێمانگەڕێ با خزمەتی میسرییەکان بکەین،“ چونکە بۆ ئێمە باشترە خزمەتی میسرییەکان بکەین وەک لەوەی لە چۆڵەوانی بمرین؟»

13 موساش وەڵامی گەلی دایەوە: «مەترسن، چەسپاو بن و بڕواننە ڕزگاریی یەزدان کە ئەمڕۆ بۆ ئێوەی دەکات، چونکە وەک ئەوەی ئەمڕۆ میسرییەکانتان بینی، ئیتر هەتاهەتایە نایانبیننەوە. 14 یەزدان بۆتان دەجەنگێت و ئێوەش بێدەنگ دەبن.»

15 یەزدان بە موسای فەرموو: «چییە هاوارم بۆ دەکەیت؟ بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ با کۆچ بکەن. 16 تۆش گۆچانەکەت بەرز بکەرەوە و دەستت بۆ سەر دەریاکە درێژ بکە و لێکی بکەرەوە، ئیتر نەوەی ئیسرائیل دەچنە ناوەڕاستی دەریاکە بۆ سەر وشکانی ژێرەوەی. 17 ئەوەتا منیش دڵی میسرییەکان ڕەق دەکەم، ئەوانیش بەدوایاندا دێن، منیش شکۆمەند دەبم بۆ فیرعەون و بۆ هەموو سوپاکەی و گالیسکە و سوارەکانی. 18 میسرییەکانیش دەزانن کە من یەزدانم، کاتێک شکۆمەند دەبم بۆ فیرعەون و گالیسکە و سوارەکانی.»

19 ئینجا فریشتەکەی خودا کە لەپێش سوپای ئیسرائیلییەکانەوە دەڕۆیشت شوێنەکەی گواستەوە و لە دوایانەوە ڕۆیشت، ستوونە هەورەکەش لەپێشیانەوە گواستییەوە و لە دواوەیان وەستا. 20 هاتە نێوان لەشکری میسرییەکان و سوپای ئیسرائیلییەکان، ئیتر هەورەکە بە درێژایی شەو تاریکی بۆ لایەک هێنا و ڕووناکی بۆ لایەکی دیکە. بۆیە بە درێژایی شەو هیچیان نزیکی یەکتر نەبوونەوە.

21 موساش دەستی بۆ سەر دەریاکە درێژکرد، یەزدان بە درێژایی شەو بە بایەکی ڕۆژهەڵاتی توند دەریاکەی ڕاماڵی، دەریاکەی کردە زەوی وشک و ئاوەکە شەق بوو. 22 ئیتر نەوەی ئیسرائیل چوونە ناو دەریاکە بۆ سەر وشکانی ژێرەوەی، ئاو بووە دیوار بۆیان لە ڕاست و چەپیانەوە.

23 میسرییەکانیش دوایان کەوتن، هەموو ئەسپەکانی فیرعەون و گالیسکە و سوارەکانی لە دوایان هاتنە ناوەندی دەریاکە. 24 ئەوە بوو لە چاوەڕوانی بەرەبەیان، یەزدان لە ستوونی ئاگر و هەورەوە بەرەو خوار تەماشای لەشکری میسرییەکانی کرد و سەری لە لەشکری میسرییەکان شێواند. 25 چەرخەی گالیسکەکانیانی لێک ترازاند لەبەر ئەوە بە قورسی لێیاندەخوڕی. میسرییەکان گوتیان: «با لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل هەڵبێین، چونکە یەزدان بۆیان دەجەنگێت لە دژی میسرییەکان.»

مەتا 7:15-20

ناسین بە بەرهەم

15 «ئاگاداری پێغەمبەرانی درۆزن بن کە لە پێستی مەڕدا بۆ لاتان دێن، بەڵام لەناوەوە گورگی دڕندەن. 16 بە بەرهەمیان دەیانناسنەوە. ئایا ترێ لە دڕک دەڕنن یان هەنجیر لە چقڵ؟ 17 بەم شێوەیە هەموو دارێکی باش بەری باش دەدات، داری خراپیش بەری خراپ. 18 داری چاک ناتوانێت بەری خراپ بدات و داری خراپیش ناتوانێت بەری باش بدات. 19 هەر دارێک بەری باش نەدات دەبڕدرێتەوە و فڕێدەدرێتە ناو ئاگر. 20 کەواتە بە بەرهەمیان دەیانناسنەوە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.