Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ گەورەی گۆرانیبێژان، زەبوورێکی داود.
139 ئەی یەزدان، تۆ منت پشکنی و
منت ناسی.
2 هەستان و دانیشتنی منت زانیوە،
لە دوورەوە لە بیرکردنەوەم گەیشتووی.
3 ڕێڕەو و جێی ڕاکشانی منت پێواوە،
شارەزای هەموو ڕێگاکانی منیت.
4 ئەی یەزدان، بەر لەوەی وشەیەک لەسەر زمانم هەبێت،
تۆ بە تەواوی دەیزانی.
5 لەپێش و لە پشتەوە دەورت داوم،
دەستت دەخەیتە سەرم.
6 ئەم زانینەی تۆم بەلاوە زۆر سەیرە،
لە سەرووی منەوەیە، ناتوانم بەدەستی بهێنم.
7 بۆ کوێ بچم لە ڕۆحی تۆ؟
بۆ کوێ هەڵبێم لە ڕوخسارت؟
8 ئەگەر سەربکەوم بۆ ئاسمان، ئەوەتا تۆ لەوێی،
ئەگەر لەناو جیهانی مردووان ڕاکشێم، ئەوەتا تۆ لەوێی.
9 ئەگەر دەست بە باڵی بەرەبەیانەوە بگرم،
ئەگەر لەوپەڕی دەریا[a] نیشتەجێ بم،
10 لەوێش دەستی تۆ ڕێنماییم دەکات،
دەستە ڕاستەت بە خۆیەوە دەمگرێت.
11 ئەگەر گوتم: «بێگومان تاریکی دامدەپۆشێت،
ڕووناکیش دەبێتە شەوی دەورم،»
12 ئەوا لە تاریکیشدا لەلای تۆ تاریک دانایەت،
شەو وەک ڕۆژ ڕووناکی دەبەخشێت،
تاریکیش وەک ڕووناکی وایە.
23 خودایە، بمپشکنە و بزانە دڵم چی تێدایە!
تاقیم بکەوە و بزانە خولیای چیم.
24 سەیر بکە ئاخۆ هیچ ڕێگایەکی خراپەم تێدایە،
ڕێنماییم بکە لە ڕێگای هەتاهەتایی.
ئیسرائیلی هەڵبژێردراو
44 «ئێستا یاقوبی بەندەم،
ئیسرائیلی هەڵبژاردەم، گوێ بگرە.
2 دروستکەر، یارمەتیدەرت،
شێوەکێشت لە سکی دایکەوە،
یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
مەترسە یاقوبی بەندەم،
یەشوروونی[a] هەڵبژاردەم،
3 چونکە ئاو بەسەر خاکە تینووەکەدا دەڕێژم و
لافاو بەسەر زەوییە وشکەکەدا،
ڕۆحی خۆم بەسەر نەوەکانتدا دەڕێژم و
بەرەکەتم بەسەر توخمت.
4 جا لەنێو سەوزەگیا سەرهەڵدەدەن
وەک شۆڕەبی ڕۆخ جۆگەکان.
5 ئەمەیان دەڵێت: ”من سەر بە یەزدانم،“
ئەویان بە ناوی یاقوب بانگ دەکرێت،
ئەمیان لەسەر دەستی دەنووسێت: ”بۆ یەزدانە“ و
بە ناوی ئیسرائیلەوە نازناوی لێ دەنرێت.
پشتگوێ نەخستنی ڕزگاری
2 لەبەر ئەمە دەبێ وریاتر بین لەوەی بیستمان، نەوەک لێی لابدەین، 2 چونکە ئەگەر پابەند بوون بەو پەیامەی کە لە ڕێگەی فریشتەکانەوە گوترا، کە هەموو دەستدرێژی و سەرپێچییەک سزای دادپەروەرانەی وەرگرتووە، 3 ئەوا ئێمە چۆن دەتوانین لەو سزایە هەڵبێین، کە ڕزگارییەکی ئەوەندە گەورەی وەک ئەمە پشتگوێ بخەین؟ ئەوەی یەکەم جار بەهۆی مەسیحی خاوەن شکۆوە گوترا و لەلایەن ئەوانەی بیستیان بۆمان پشتڕاست کرایەوە، 4 خوداش بە نیشانە و کاری مەزن و پەرجووی جۆراوجۆر شایەتی بۆ ئەم ڕزگارییە دا، هەروەها بەو بەهرانەی ڕۆحی پیرۆز کە بەگوێرەی خواستی خۆی دابەشی کردوون.
عیسا وەک براکانیەتی
5 ئەو جیهانەی کە دێت و باسی دەکەین، ملکەچی فریشتەکانی نەکردووە. 6 بەڵام لە شوێنێکدا کەسێک شایەتی داوە:
[مرۆڤ چییە تاکو بیری لێ بکەیتەوە؟
کوڕی مرۆڤ چییە تاکو بایەخی پێبدەیت؟
7 بۆ ماوەیەکی کەم ئەوت لە فریشتەکانت بە کەمتر دانا و
تاجی شکۆ و ڕێزت خستە سەری،
8 هەروەها هەموو شتێکت خستووەتە ژێر پێی ئەو.][a]
کاتێک خودا هەموو شتێکی ملکەچ کردووە، هیچ شتێکی نەهێشتەوە ملکەچی نەکات. هەرچەندە ئێستا نابینین هەموو شتێک ملکەچی کرابێت. 9 بەڵکو عیسا دەبینین، ئەوەی بۆ ماوەیەکی کورت لە فریشتەکان کەمتر دانرا، لەبەر ئازاری مردن تاجی شکۆ و ڕێزی خراوەتە سەر، تاکو بە نیعمەتی خودا لە جیاتی هەر یەکێک مردن بچێژێ.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.