Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
هۆنراوەیەکی داود کە لە ئەشکەوت بوو. نوێژ.
142 پڕ بە دەنگم هاوار بۆ یەزدان دەکەم،
بە دەنگی بەرز لە یەزدان دەپاڕێمەوە.
2 سکاڵای خۆمی لەبەردەم هەڵدەڕێژم،
لەبەردەمی باسی تەنگانەکانی خۆم دەکەم.
3 لە کاتی ورەبەردانی ڕۆحم،
تۆ شارەزای ڕێڕەوی منی.
لەو ڕێگایەی پێیدا دەڕۆم،
خەڵک تەڵەیان بۆم ناوەتەوە.
4 ئاوڕ بەلای ڕاستدا بدەوە و ببینە،
کوا ناسیاوی من؟
پەناگا بۆ من قڕبووە،
کوا پرسیارکەر لە ئەحواڵی من؟
5 ئەی یەزدان، هاوارم بۆ تۆ کرد،
گوتم: «تۆ پەناگای منی،
لە خاکی زیندووان تۆ بەشی منی.»
6 بە وردی گوێ لە لاوانەوەم بگرە،
چونکە زۆر زەلیلم،
لە دەست ڕاونەرانم دەربازم بکە،
چونکە لە من بەهێزترن.
7 گیانم لە بەندیخانە دەربهێنە،
بۆ ئەوەی ستایشی ناوت بکەم.
ئینجا ڕاستودروستان دەورم دەگرن،
چونکە چاکەم لەگەڵ دەکەیت.
15 «ڕۆژی یەزدان[a] بۆ هەموو گەلان نزیکە.
هەروەک ئەوەی کردت ئاوات پێ دەکرێتەوە،
کردەوەکانت بەسەر خۆت دێتەوە.
16 هەروەک لەسەر کێوی پیرۆزم خواردتانەوە،
هەموو گەلان بەردەوام جامی سزا دەخۆنەوە؛
دەخۆنەوە و دەخۆنەوە و
وەک ئەوەیان لێدێت کە هەرگیز نەبووبن.
17 بەڵام دەربازبوون لەسەر کێوی سییۆن دەبێت،
پیرۆز دەبێت،
بنەماڵەی یاقوبیش بەشە میراتی خۆیان وەردەگرن.
18 بنەماڵەی یاقوب دەبێتە ئاگر و
بنەماڵەی یوسف دەبێتە گڕ؛
بنەماڵەی عیسۆش دەبێتە پووش،
جا گڕیان تێبەردەدەن و دەیانخۆن.
بنەماڵەی عیسۆ کەسیان لێ دەرباز نابێت.»
ئەمە فەرمایشتی یەزدانە.
19 خەڵکی نەقەب
چیای عیسۆ داگیر دەکەن،
خەڵکی زوورگەکانیش
خاکی فەلەستییەکان.
دەبنە خاوەنی کێڵگەکانی ئەفرایم و سامیرە،
بنیامینیش دەبێتە خاوەنی گلعاد.
20 ئەو کۆمەڵەی ڕاپێچکراوانی ئیسرائیل کە لە کەنعانن
هەتا سەرەفەند دەست بەسەر خاکەکەدا دەگرن؛
ڕاپێچکراوانی ئۆرشەلیمیش کە لە سفارەدن
دەست بەسەر شارۆچکەکانی نەقەبدا دەگرن.
21 ڕزگارکەرانی خاکەکەش سەردەکەونە سەر کێوی سییۆن
بۆ فەرمانڕەوایەتی لەسەر چیای عیسۆ.
پاشایەتیش بۆ یەزدان دەبێت.
بۆچی عیسا بە نموونە دەدوێت؟
10 قوتابییەکان هاتن و لێیان پرسی: «بۆچی بە نموونە قسەیان بۆ دەکەیت؟»
11 وەڵامی دانەوە: «لەبەر ئەوەی بە ئێوە دراوە نهێنی شانشینی ئاسمان بزانن، بەڵام بەوان نەدراوە، 12 چونکە ئەوەی هەیەتی، پێی دەدرێت و لێی دەڕژێ، بەڵام ئەوەی نییەتی، تەنانەت ئەوەی هەشیەتی لێی دەسەنرێتەوە. 13 لەبەر ئەوە بە نموونە قسەیان بۆ دەکەم:
«چونکە سەیر دەکەن، بەڵام نابینن،
گوێ دەگرن، بەڵام نابیستن و تێناگەن.
14 پێشبینییەکەی ئیشایا لەواندا هاتە دی، کە دەفەرموێ:
[ئێوە هەمیشە دەبیستن بەڵام هەرگیز تێناگەن،
ئێوە هەمیشە سەیر دەکەن بەڵام هەرگیز نابینن.
15 چونکە دڵی ئەم گەلە ڕەق بووە و
گوێیان قورس بووە،
چاویان نوقاندووە،
نەوەک بە چاویان ببینن و
بە گوێیان ببیستن،
بە دڵیان تێبگەن و بگەڕێنەوە،
منیش چاکیان بکەمەوە.][a]
16 بەڵام ئێوە، خۆزگە دەخوازرێت بە چاوتان، چونکە دەبینن، بە گوێتان، چونکە دەبیستن. 17 ڕاستیتان پێ دەڵێم: زۆر پێغەمبەر و پیاوچاک بە ئاواتەوە بوون ئەوە ببینن کە ئێوە دەیبینن بەڵام نەیانبینی، ئەوەش ببیستن کە ئێوە دەیبیستن، بەڵام نەیانبیست.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.