Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 45:10-17

10 ئەی کچ، گوێ بگرە، لەبەرچاوتی بگرە و گوێ شل بکە،
    گەلەکەت و بنەماڵەکەت لەبیر بکە.
11 پاشا تامەزرۆی جوانی تۆیە،
    کڕنۆشی بۆ ببە، چونکە گەورەی تۆیە.
12 دانیشتووانی شاری سور[a] بە دیارییەوە دێن،
    خاوەن سامانەکان ڕەزامەندی تۆیان دەوێت.
13 کچی پاشا لە ماڵی خۆی بە تەواوی شکۆدارە،
    جلوبەرگەکەی بە زێڕ چنراوە.
14 بە کراسێکی نەخشێنراوەوە بۆ لای پاشا دەیبەن،
    یاوەرە پاکیزەکانی بەدوایەوە بۆ لای تۆ[b] دێنن.
15 بە شادی و خۆشییەوە دەیانهێنن،
    دێنە ناو کۆشکی پاشا.

16 کوڕەکانت جێی باوکانیان دەگرنەوە،
    دەیانکەیتە میری سەرانسەری زەوی.

17 یادی ناوت دەکەمەوە نەوە دوای نەوە،
    بۆیە نەتەوەکان هەتاهەتایە ستایشت دەکەن.

پەیدابوون 27:18-29

18 یاقوب هاتە لای باوکی و گوتی: «باوکە.»

ئەویش گوتی: «ئەوەتام، تۆ کیێت کوڕم؟»

19 یاقوبیش بە باوکی گوت: «من عیسۆی نۆبەرەتم. ئەوەی پێت گوتم کردم. هەستە، دابنیشە و لە ڕاوەکەم بخۆ، بۆ ئەوەی داوای بەرەکەتم بۆ بکەیت.»

20 ئیسحاقیش بە کوڕەکەی گوت: «ئەوە چۆن وا خێرا پەیدات کرد، کوڕی خۆم؟»

ئەویش گوتی: «یەزدانی پەروەردگارت بۆی هێنام.»

21 ئینجا ئیسحاق بە یاقوبی گوت: «وەرە پێشەوە با دەستت لێ بدەم، کوڕی خۆم، بۆ ئەوەی بزانم ئایا تۆ عیسۆی کوڕی منیت یان نا.»

22 یاقوبیش لە ئیسحاقی باوکی چووە پێشەوە، ئەویش دەستی لێدا و گوتی: «دەنگەکە دەنگی یاقوبە، بەڵام دەستەکان دەستی عیسۆن.» 23 ئیتر نەیناسییەوە، چونکە دەستەکانی وەک دەستەکانی عیسۆی برای تووکن بوون، ئەویش داوای بەرەکەتی بۆ کرد. 24 پێی گوت: «ئایا تۆ عیسۆی کوڕی منی؟»

ئەویش گوتی: «منم.»

25 ئینجا گوتی: «بیهێنە پێشم با لە ڕاوی کوڕەکەم بخۆم، بۆ ئەوەی داوای بەرەکەتت بۆ بکەم.»

ئیتر یاقوب هێنایە پێشی و خواردی، شەرابی بۆ هێنا و خواردیەوە. 26 ئیسحاقی باوکی پێی گوت: «وەرە پێشەوە و ماچم بکە، کوڕی خۆم.»

27 ئەویش چووە پێشەوە و ماچی کرد. ئیتر ئیسحاق بۆنی جلەکانی کرد، داوای بەرەکەتی بۆ کرد و گوتی:

«بڕوانە، بۆنی کوڕەکەم
    وەک بۆنی دەشتودەرە
    کە یەزدان بەرەکەتداری کردووە.
28 با خودا لە شەونمی ئاسمان و
    لە چەوری زەویت بداتێ،
    هەروەها دانەوێڵەی زۆر و شەرابی نوێ.
29 با گەلان ببنە خزمەتکارت،
    نەتەوەکانیش کڕنۆشت بۆ ببەن.
ببە بە سەروەری براکانت،
    کوڕانی دایکت کڕنۆشت بۆ ببەن.
با نەفرەت لێکەرانت نەفرەت لێکراو بن و
    ئەوانەی داوای بەرەکەتت بۆ دەکەن بەرەکەتدار دەبن.»

لۆقا 10:21-24

21 لەو کاتەدا عیسا بە ڕۆحی پیرۆز شادمان بوو و فەرمووی: «ستایشت دەکەم باوکە، پەروەردگاری ئاسمان و زەوی، چونکە ئەمانەت لە دانا و تێگەیشتووان شاردووەتەوە و بۆ منداڵان ئاشکرات کردووە. بەڵێ باوکە، چونکە تۆ ئەمەت پێ باش بوو!

22 «باوکم هەموو شتێکی پێ سپاردووم، کەس نازانێت کوڕەکە[a] کێیە باوک نەبێت، یان باوک کێیە کوڕەکە و ئەوە نەبێت کە کوڕەکە دەیەوێ بۆی ئاشکرا بکات.»

23 ئینجا ئاوڕی لە قوتابییەکانی دایەوە و بە تەنها بەوانی فەرموو: «خۆزگە دەخوازرێت بەو چاوانەی ئەوە دەبینێت کە ئێوە دەیبینن، 24 چونکە پێتان دەڵێم، زۆر پێغەمبەر و پاشا ویستیان ئەوە ببینن کە ئێوە دەیبینن، بەڵام نەیانبینی، ئەوەش ببیستن کە ئێوە دەیبیستن، بەڵام نەیانبیست.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.