Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان،
زەبوورێکی داود.
13 ئەی یەزدان، هەتا کەی؟ بە تەواوی لەبیرم دەکەیت؟
هەتا کەی ڕووی خۆتم لێ وەردەگێڕیت؟
2 هەتا کەی ڕۆژانە دەروونم ڕاڕا بێت و
خەفەت لەناو دڵم کۆبکەمەوە؟
هەتا کەی دوژمنم بەسەرمدا زاڵ بێت؟
3 ئەی یەزدان، خودای من، سەیرم بکە و بە دەنگمەوە وەرە،
چاوم ڕۆشن بکەرەوە، نەوەک خەوی مەرگم لێبکەوێت،
4 نەوەک دوژمن بڵێت: «بەسەریدا زاڵ بووم،»
نەوەک ناحەزەکانم بە کەوتنی من شادمان بن.
5 بەڵام من پشتم بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بەستووە،
دڵم بە ڕزگاریی تۆوە خۆشە.
6 سروود بۆ یەزدان دەڵێم،
چونکە چاکەی لەگەڵ کردووم.
23 ئینجا لەوێوە بۆ بیری شابەع چوو. 24 جا لەو شەوەدا یەزدان بۆی دەرکەوت و فەرمووی: «من خودای ئیبراهیمی باوکتم. مەترسە، چونکە لەگەڵتم. بەرەکەتدارت دەکەم و نەوەت زۆر دەکەم، لەبەر ئیبراهیمی بەندەم.»
25 ئیتر ئیسحاق لەوێ قوربانگایەکی بنیاد نا، بە ناوی یەزدانەوە نزای کرد. لەوێ چادرەکەی هەڵدا، خزمەتکارەکانیشی لەوێ بیرێکیان هەڵکەند.
لێخۆشبوون سنووری نییە
17 عیسا بە قوتابییەکانی فەرموو: «مەحاڵە کۆسپەکان[a] نەیەن، بەڵام قوڕبەسەر ئەوەی دەبێتە هۆی هاتنیان. 2 باشترە بۆی ئەگەر بەرداشێک بە ملیەوە هەڵبواسرێت و فڕێبدرێتە دەریاوە، لەوەی ببێتە کۆسپ بۆ یەکێک لە قوتابییەکانم[b]. 3 ئاگاداری خۆتان بن.
«ئەگەر براکەت هەڵەی کرد، سەرزەنشتی بکە، ئەگەر تۆبەی کرد گەردنی ئازاد بکە. 4 ئەگەر لە ڕۆژێکدا حەوت جار هەڵەی بەرامبەرت کرد و حەوت جار گەڕایەوە لات و گوتی: ”تۆبە دەکەم،“ تۆ گەردنی ئازاد بکە.»
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.