Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
11 ئەی یەزدان، ڕێگای خۆتم فێر بکە،
بۆ ئەوەی بە ڕاستی تۆ بڕۆم،
دڵم یەکبخە بۆ ترسی ناوەکەت.
12 ئەی خودای پەروەردگارم، بە هەموو دڵەوە ستایشت دەکەم،
هەتاهەتایە ناوت شکۆدار دەکەم،
13 چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت گەورەیە بۆ من،
گیانی منت لە جیهانی مردووانی ژێرەوە دەرباز کرد.
14 ئەی خودایە، لووتبەرزەکان لێم هەستاون،
تاقمە زۆردارەکان دەیانەوێت لەناوم ببەن،
تۆ لەبەرچاو ناگرن.
15 بەڵام ئەی پەروەردگار، تۆ خودایەکی میهرەبان و بەزەییداریت،
پشوودرێژیت و پڕیت لە خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی.
16 ئاوڕم لێ بدەوە و لەگەڵم میهرەبان بە،
هێزی خۆت بە خزمەتکارەکەت ببەخشە و
کوڕی کارەکەرەکەت ڕزگار بکە.
17 نیشانەی چاکەی خۆتم لەگەڵ بکە،
بۆ ئەوەی ناحەزانم ببینن و شەرمەزار بن،
ئەی یەزدان، چونکە تۆ یارمەتیت داوم و دڵنەواییت کردووم.
18 چونکە یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ”وەک چۆن تووڕەیی و هەڵچوونم بەسەر دانیشتووانی ئۆرشەلیمدا ڕژا، ئاواش هەڵچوونم بەسەرتاندا دەڕژێت کاتێک بچن بۆ میسر، جا دەبنە مایەی نەفرەت لێکردن و تۆقین، سووکایەتی و ڕیسوایی، هەرگیز ئەم شوێنە نابیننەوە.“
19 «ئەی پاشماوەی یەهودا، یەزدان سەبارەت بە ئێوە فەرمووی: ”مەچنە ناو میسرەوە.“ باش بزانن کە من ئەمڕۆ ئاگادارم کردنەوە، 20 چونکە ئێوە هەڵەیەکی ترسناکتان کرد کاتێک منتان بۆ لای یەزدانی پەروەردگارتان نارد و گوتتان: ”نوێژمان بۆ بکە بۆ یەزدانی پەروەردگارمان، یەزدانی خودامان هەرچی بفەرموێت، ئەوەمان پێ ڕابگەیەنەوە و دەیکەین.“ 21 ئەوا من ئەمڕۆ بە ئێوەم ڕاگەیاند، بەڵام ئێوە گوێڕایەڵی یەزدانی پەروەردگارتان نەبوون لە هەموو ئەوەی منی پێ ڕاسپارد پێتان بڵێم. 22 جا ئێستا باش بزانن کە لەو شوێنەی دەتانەوێ بۆی بچن و لێی نیشتەجێ بن لەوێ بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد لەناودەچن.»
عیسا نێردراوەکانی دەنێرێت
5 عیسا ئەم دوازدە کەسەی نارد، فەرمانی پێ کردن: «بە ڕێگای نەتەوەکاندا مەڕۆن و مەچنە شاری سامیرەییەکان، 6 بەڵکو لەبری ئەوە بڕۆنە لای مەڕە ونبووەکانی ماڵی ئیسرائیل. 7 کاتێک دەچن، ئەم پەیامە ڕابگەیەنن: ”پاشایەتی ئاسمان نزیک بووەتەوە.“ 8 نەخۆش چاک بکەنەوە، مردوو زیندوو بکەنەوە، گەڕوگول پاک بکەنەوە، ڕۆحی پیس دەربکەن. بەخۆڕایی وەرتانگرتووە، بەخۆڕاییش بیدەن. 9 زێڕ و زیو و مس لە پشتێنتان هەڵمەگرن، 10 نە توورەکە بۆ ڕێگا، نە دوو کراس و نە پێڵاوی زیاد و نە گۆچانیش، چونکە کرێکار شایانی نانی خۆیەتی.
11 «چوونە هەر شار و گوندێک، بە شوێن کەسێکی شایستەدا بگەڕێن و هەتا ئەوێ بەجێدەهێڵن لە ماڵی ئەو کەسە بمێننەوە. 12 کە چوونە ماڵەکە سڵاو بکەن. 13 ئەگەر ماڵەکە شایستە بوون، با ئاشتیتان بۆیان بێت، بەڵام ئەگەر شایستە نەبوون، با ئاشتیتان بۆ خۆتان بگەڕێتەوە. 14 ئەوەی پێشوازی لێ نەکردن و گوێی لە قسەتان نەگرت، لەو ماڵە یان لەو شارۆچکەیە بڕۆنە دەرەوە و تۆزی پێتان بتەکێنن. 15 ڕاستیتان پێ دەڵێم: لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا، دۆخی خاکی سەدۆم و عەمۆرا سزای سووکتر دەبێت لەوەی ئەم شارە. 16 ئەوەتا من وەک مەڕ بەناو گەلە گورگدا دەتاننێرم. جا وەک مار ژیر بن و وەک کۆتر لە خراپە بێبەری بن.
17 «لە خەڵکی بەئاگابن، چونکە دەتاندەنە دادگا و لە کەنیشتەکانیان بە قامچی لێتان دەدەن، 18 لەبەر من دەبردرێنە بەردەم فەرمانڕەوایان و پاشایان، وەک شایەتێکی من بۆ ئەوان و بۆ نەتەوەکانیش. 19 کاتێکیش بە گرتنتان دەدەن، نیگەران مەبن کە چی بڵێن و چۆن بڵێن، لەو کاتەدا پێتان دەدرێت چی بڵێن، 20 چونکە ئەوە ئێوە نین کە قسە دەکەن، بەڵکو ڕۆحی باوکتانە لە ئێوەدا قسە دەکات.
21 «برا برای خۆی بۆ مردن بە گرتن دەدات، باوکیش منداڵی خۆی. منداڵان لە دایک و باوکیان هەڵدەگەڕێنەوە و دەیانکوژن. 22 لەبەر ناوی من هەمووان ڕقیان لێتان دەبێتەوە، بەڵام ئەوەی تاکو کۆتایی دانبەخۆدا بگرێت، ڕزگاری دەبێت. 23 کە لەم شارە دەتانچەوسێننەوە، ڕاکەن بۆ شارێکی دیکە. ڕاستیتان پێ دەڵێم: شارەکانی ئیسرائیل تەواو ناکەن پێش هاتنی کوڕی مرۆڤ[a].
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.