Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 86:11-17

11 ئەی یەزدان، ڕێگای خۆتم فێر بکە،
    بۆ ئەوەی بە ڕاستی تۆ بڕۆم،
    دڵم یەکبخە بۆ ترسی ناوەکەت.
12 ئەی خودای پەروەردگارم، بە هەموو دڵەوە ستایشت دەکەم،
    هەتاهەتایە ناوت شکۆدار دەکەم،
13 چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت گەورەیە بۆ من،
    گیانی منت لە جیهانی مردووانی ژێرەوە دەرباز کرد.

14 ئەی خودایە، لووتبەرزەکان لێم هەستاون،
    تاقمە زۆردارەکان دەیانەوێت لەناوم ببەن،
    تۆ لەبەرچاو ناگرن.
15 بەڵام ئەی پەروەردگار، تۆ خودایەکی میهرەبان و بەزەییداریت،
    پشوودرێژیت و پڕیت لە خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی.
16 ئاوڕم لێ بدەوە و لەگەڵم میهرەبان بە،
    هێزی خۆت بە خزمەتکارەکەت ببەخشە و
    کوڕی کارەکەرەکەت ڕزگار بکە.
17 نیشانەی چاکەی خۆتم لەگەڵ بکە،
    بۆ ئەوەی ناحەزانم ببینن و شەرمەزار بن،
    ئەی یەزدان، چونکە تۆ یارمەتیت داوم و دڵنەواییت کردووم.

پەیدابوون 16:1-15

هاجەر و ئیسماعیل

16 سارای ژنی ئەبرام هیچ منداڵی بۆ ئەبرام نەبوو، بەڵام کەنیزەیەکی میسری هەبوو ناوی هاجەر بوو. سارای بە ئەبرامی گوت: «یەزدان ڕێی منداڵبوونی لێ گرتووم. لەگەڵ کەنیزەکەم بنوو، بەڵکو لەوەوە منداڵم بۆ ببێت.»

ئەبرامیش بە قسەی سارای کرد. ئینجا سارای ژنی ئەبرام هاجەری کەنیزە میسرییەکەی هێنا، ئەمەش پاش دە ساڵ بوو لە نیشتەجێبوونی ئەبرام لە خاکی کەنعان، دایە ئەبرامی مێردی هەتا ببێتە ژنی. ئیتر لەگەڵ هاجەر نوست، ئەویش سکی پڕ بوو.

کاتێک کە زانی وا سکی هەیە، خانمەکەی خۆی لەبەرچاو سووک بوو. ئینجا سارای بە ئەبرامی گوت: «ئەو سووکایەتییەی بە من دەکرێ تۆ لێی بەرپرسی. من کەنیزەکەی خۆمم خستە باوەشی تۆ، ئێستاش کە زانی سکی هەیە، لەبەرچاویدا سووک بووم. با یەزدان دادوەری نێوان من و تۆ بکات.»

ئەبرامیش بە سارای گوت: «وا کەنیزەکەت لەبەردەستی خۆتدایە، چیت پێ باشە وای لێ بکە.» ئیتر سارای هاجەری زەلیل کرد، ئەویش لە دەستی هەڵات.

ئینجا فریشتەی یەزدان هاجەری لەسەر کانییەک دۆزییەوە لە چۆڵەوانی. لەسەر ئەو کانییەی لە ڕێگای شوورە. فەرمووی: «ئەی هاجەری کەنیزەی سارای، لەکوێوە هاتوویت و بۆ کوێ دەچیت؟»

ئەویش گوتی: «لەدەست سارای خانمی خۆم ڕامکردووە.»

فریشتەکەی یەزدان پێی فەرموو: «بگەڕێوە لای خانمەکەت و ژێردەستەی بە.» 10 هەروەها فریشتەکەی یەزدان پێی فەرموو: «وەچەکانت بێ ئەندازە زۆر دەکەم کە لەبەر زۆرییان لە ژماردن نەیەن.»

11 دیسان فریشتەکەی یەزدان پێی فەرموو:

«ئێستا سکت پڕە،
    کوڕێکت دەبێت،
ناوی دەنێیت ئیسماعیل،
    چونکە یەزدان گوێی لە زەلیلی تۆ بوو.
12 ئەو دەبێتە مرۆڤێک وەک کەرەکێوی[a] لێ دێت.
    دەستی لە دژی هەموو کەسێک دەبێت و
    دەستی هەموو کەسێکیش لە دژی ئەو.
    بەرامبەر هەموو براکانیشی نەیار دەبێت.»

13 ئینجا ئەم ناوەی لە یەزدان نا کە لەگەڵیدا دوا، «تۆ ئەو خودایەی کە دەبینیت،» چونکە هاجەر گوتی: «ئا لێرەشدا ئەوم بینی کە دەمبینێت.» 14 لەبەر ئەمەشە کە ئەو بیرە[b] بە «بیری لەحەی ڕۆئی» ناونراوە، ئێستاش وا لەنێوان قادێش[c] و بەرەدە.

15 ئیتر هاجەر کوڕێکی بۆ ئەبرام بوو، ئەبرامیش ئەو کوڕەی خۆی کە لە هاجەر بوو ناوی لێنا ئیسماعیل.

ئاشکراکردن 2:1-7

نامەیەک بۆ کڵێسای ئەفەسۆس

بۆ فریشتەی کڵێساکەی ئەفەسۆس بنووسە:

ئەوەی حەوت ئەستێرەکەی بە دەستی ڕاستی گرتووە و بە ناو حەوت چرادانە زێڕینەکەدا هاتوچۆ دەکات، دەفەرموێ: «ئاگام لە کردار و ماندووبوون و دانبەخۆداگرتنتە، هەروەها کە چۆن لە تواناتدایە خراپەکاران ڕەت‏بکەیتەوە، ئەوانەشت تاقی کردەوە کە خۆیان بە نێردراو دەزانن بەڵام نێردراو نین، بە درۆزن دەرچوون، دانت بەخۆتداگرت و لەبەر ناوی من بەرگەت گرت، کۆڵت نەدا.

«بەڵام ئەوەم لەسەرت هەیە: تۆ خۆشەویستییەکەی یەکەمینت بەلاوە ناوە. بەبیرت بێتەوە لە چ پایەیەکی بەرز کەوتیت! تۆبە بکە و کارەکانی پێشترت دووبارە بکەرەوە. ئەگەر تۆبە نەکەیت، دێمە لات و چرادانەکەت لە شوێنی خۆی لادەدەم. بەڵام شتێکی باشت هەیە: ڕقت لە دابونەریتی نیکۆلاوییەکان[a] دەبێتەوە، کە منیش ڕقم لێیان دەبێتەوە.

«ئەوەی گوێی هەیە، با ببیستێت ڕۆحی پیرۆز چی بە کڵێساکان دەفەرموێ. ئەوەی سەربکەوێت دەیدەمێ لە درەختی ژیان[b] بخوات، ئەوەی لە بەهەشتی خودایە.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.