Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
بەڕێکردنی هاجەر و ئیسماعیل
8 کوڕە گەورە بوو و لە شیر بڕایەوە. لەو ڕۆژەی ئیسحاق لە شیر بڕایەوە، ئیبراهیم خوانێکی گەورەی ساز کرد. 9 بەڵام سارا کوڕەکەی هاجەری میسری بینی کە لە ئیبراهیم بوو، گاڵتەی دەکرد. 10 جا بە ئیبراهیمی گوت: «ئەم کەنیزەیە و کوڕەکەی دەربکە، چونکە کوڕی ئەم کەنیزەیە لەگەڵ ئیسحاقی کوڕی من نابێتە میراتگر.»
11 ئەم بابەتە ئیبراهیمی زۆر ناڕەحەت کرد، بەهۆی کوڕەکەی. 12 بەڵام خودا بە ئیبراهیمی فەرموو: «لەلات ناڕەحەت نەبێت لەبەر کوڕەکە و لەبەر کەنیزەکەت. هەرچی سارا پێت دەڵێت بە قسەی بکە، چونکە لە ڕێگەی ئیسحاقەوە نەوەی تۆ ناودەبردرێت. 13 هەروەها کوڕی کەنیزەکەش دەکەمە نەتەوە، چونکە وەچەی تۆیە.»
14 سبەی بەیانی زوو ئیبراهیم لە خەو هەستا و نان و مەشکەیەک ئاوی هێنا و دایە هاجەر. خستییە سەر شانی و لەگەڵ کوڕەکە بەڕێی کرد. ئەویش ڕۆیشت و لە چۆڵەوانی بیری شابەع وێڵ بوو.
15 کە مەشکەکە ئاوی تێدا نەما، کوڕەکەی لەژێر دەوەنێک دانا. 16 ئینجا ڕۆیشت و لە دوورەوە لە دووری تیرهاوێژێک بەرامبەری دانیشت، چونکە گوتی: «با مەرگی کوڕەکە نەبینم.» ئیتر بەرامبەری دانیشت و دەنگی بەرزکردەوە و گریا.
17 خودا دەنگی کوڕەکەی بیست و فریشتەی خودا لە ئاسمانەوە هاجەری بانگکرد و پێی فەرموو: «چیتە هاجەر؟ مەترسە، خودا دەنگی کوڕەکەی بیست لەو شوێنەی لێی دانراوە. 18 هەستە، کوڕەکە هەڵبگرە و دەستت بەهێز بکە، چونکە دەیکەمە نەتەوەیەکی مەزن.»
19 ئینجا خودا هەردوو چاوی هاجەری کردەوە، ئەویش بیرێکی ئاوی بەدی کرد. ئیتر چوو مەشکەکەی پڕکرد لە ئاو و ئاوی دایە کوڕەکە.
20 خودا لەگەڵ کوڕەکە بوو، گەورە بوو و لە چۆڵەوانیدا دەژیا، بووە تیرهاوێژ. 21 لە چۆڵەوانی پاران نیشتەجێ بوو، دایکیشی لە خاکی میسر ژنێکی بۆ هێنا.
نوێژێکی داود.
86 ئەی یەزدان، گوێ ڕادێرە و بەدەنگمەوە وەرە،
من هەژار و نەدارم.
2 ژیانم بپارێزە، چونکە من خۆشەویستی تۆم،
تۆ خودای منیت، خزمەتکارەکەی خۆت ڕزگار بکە،
ئەوەی پشتی پێت بەستووە.
3 ئەی پەروەردگار، لەگەڵم میهرەبان بە،
بە درێژایی ڕۆژ هاوار بۆ تۆ دەکەم.
4 گیانی خزمەتکاری خۆت شاد بکە،
ئەی پەروەردگار، چونکە گیانی خۆم بۆ تۆ بەرز دەکەمەوە.
5 ئەی پەروەردگار، تۆ چاک و لێبوردەیت،
پڕیت لە خۆشەویستی نەگۆڕ بۆ ئەوانەی هاوارت بۆ دەهێنن.
6 ئەی یەزدان، گوێ لە نوێژم بگرە،
گوێ لە پاڕانەوەم بگرە.
7 لە ڕۆژی تەنگانەدا هاوار بۆ تۆ دەهێنم،
چونکە بە هاوارمەوە دێیت.
8 ئەی پەروەردگار، کوا هاوشێوەی تۆ لەنێو خوداوەندەکان؟
کوا هاوشێوەی کردەوەکانت؟
9 ئەی پەروەردگار، هەموو ئەو نەتەوانەی دروستت کردوون،
دێن و لەبەردەم تۆدا کڕنۆش دەبەن و
ناوت شکۆدار دەکەن.
10 چونکە تۆ مەزنیت و کاری سەرسوڕهێنەری گەورەت کردووە،
هەر تەنها تۆ خودایت.
16 ئاوڕم لێ بدەوە و لەگەڵم میهرەبان بە،
هێزی خۆت بە خزمەتکارەکەت ببەخشە و
کوڕی کارەکەرەکەت ڕزگار بکە.
17 نیشانەی چاکەی خۆتم لەگەڵ بکە،
بۆ ئەوەی ناحەزانم ببینن و شەرمەزار بن،
ئەی یەزدان، چونکە تۆ یارمەتیت داوم و دڵنەواییت کردووم.
ئازادبوون لە گوناه
6 باشە چی بڵێین؟ ئایا لە گوناه بەردەوام بین تاکو نیعمەت زیاد بێت؟ 2 نەخێر! ئێمە کە سەبارەت بە گوناه مردین، ئیتر چۆن تێیدا بژین؟ 3 ئایا نازانن ئێمە هەموومان کە بە لەئاوهەڵکێشان لەگەڵ عیسای مەسیح یەکمانگرتووە، هەروەها لە مردنەکەشیدا یەکمانگرتووە؟ 4 بۆیە بە لەئاوهەڵکێشان لەگەڵ ئەو بۆ مردن نێژراین، تاکو چۆن مەسیح لەنێو مردووان بە شکۆی باوکەوە هەستایەوە، ئێمەش لە نوێیەتی ژیاندا بژین.
5 ئەگەر لە شێوەی مردنەکەی لەگەڵیدا یەکمانگرتبێت، لە هەستانەوەکەشی ئاوا دەبین. 6 ئێمە دەزانین کە مرۆڤە کۆنەکەمان لەگەڵ ئەو لە خاچ درا، بۆ ئەوەی ئەو جەستەیەی کە لەژێر ڕکێفی گوناه بوو بتوانرێت بەلاوە بنرێت، هەتا چیتر کۆیلەی گوناه نەبین. 7 ئەوەی مرد لە گوناه ئازاد کراوە.
8 بەڵام ئەگەر لەگەڵ مەسیحدا مردووین، باوەڕمان هەیە لەگەڵ ئەویش دەژین، 9 دەزانین مەسیح کە لەنێو مردوواندا هەستێنرایەوە، نامرێتەوە. ئیتر مردن دەسەڵاتی بەسەریدا نییە. 10 ئەو مردنەی مرد، تەنها جارێک لەبەر گوناه مرد. بەڵام ئەو ژیانەی دەژیێت بۆ خودا دەژیێت.
11 ئێوەش سەبارەت بە گوناه خۆتان بە مردوو دابنێن، بەڵام بۆ خودا زیندوو لە یەکبوونتان لەگەڵ عیسای مەسیحدا.
مەترسن
24 «قوتابی لە مامۆستاکەی بەرزتر نییە و کۆیلەش لە گەورەکەی بەرزتر نییە. 25 بۆ قوتابی بەسە وەک مامۆستاکەی بێت و کۆیلەش وەک گەورەکەی. ئەگەر خاوەن ماڵ بە ”بەعلزەبول“[a] ناو ببردرێت، چەند زیاتر خانەوادەکەی؟
26 «لەبەر ئەوە لێیان مەترسن، چونکە هیچ شتێکی شاردراوە نییە ئاشکرا نەبێت و نهێنی نییە دەرنەکەوێت. 27 ئەوەی لە تاریکیدا پێتانی دەڵێم، لە ڕووناکی بیڵێنەوە، ئەوەی بە چرپە دەیبیستن، لە سەربانەکان جاڕبدەن. 28 لەوانە مەترسن کە جەستە دەکوژن، بەڵام ناتوانن گیان بکوژن، بەڵکو لەوە بترسن کە دەتوانێ جەستە و گیان بە یەکەوە لە دۆزەخدا لەناوبەرێت. 29 ئایا دوو چۆلەکە بە فلسێک نافرۆشرێت؟ کەچی هیچ یەکێکیان بەبێ خواستی باوکتان ناکەوێتە سەر زەوی. 30 ئێوە تەنانەت مووی سەریشتان هەمووی ژمێردراوە. 31 کەواتە مەترسن، ئێوە زۆر لە چۆلەکە بەنرخترن.
32 «بۆیە ئەوەی لەبەردەم خەڵک دانم پێدا بنێت، منیش لەلای باوکم کە لە ئاسمانە، دانی پێدا دەنێم. 33 بەڵام ئەوەی لەلای خەڵک نکۆڵی لە ناسینی من بکات، منیش لەلای باوکم کە لە ئاسمانە، نکۆڵی لێ دەکەم.
ئاشتی نا بەڵکو شمشێر
34 «وا مەزانن کە هاتووم تاکو ئاشتی بهێنمە سەر زەوی. نەهاتووم بۆ هێنانی ئاشتی، بەڵکو شمشێر![b] 35 چونکە من هاتووم بۆ هەڵگەڕاندنەوەی
«[کوڕ لە باوکی و
کچ لە دایکی و
بووک لە خەسووی،
36 دوژمنی مرۆڤیش لە خانەوادەکەی خۆی دەبێت.][c]
37 «ئەوەی باوک یان دایکی لە من زیاتر خۆشبوێت، شایانی من نییە. ئەوەی کوڕ یان کچی لە من زیاتر خۆشبوێت، شایانی من نییە. 38 ئەوەی خاچەکەی هەڵنەگرێت و دوام نەکەوێت شایانی من نییە. 39 ئەوەی ژیانی خۆی بدۆزێتەوە دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی ژیانی خۆی لەبەر من بدۆڕێنێت دەیدۆزێتەوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.