Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
گۆرانی گەشتیاران.
126 کە یەزدان ڕاپێچکراوانی سییۆنی گەڕاندەوە،
وامان لێهات وەک خەون ببینین.
2 ئەو کاتە دەممان پڕ پێکەنین و
زمانمان پڕ هەلهەلە بوو،
ئەوسا لەنێو نەتەوەکان گوتیان:
«یەزدان کارێکی گەورەی لەگەڵ ئەوان کرد!»
3 یەزدان کارێکی گەورەی لەگەڵ ئێمە کرد،
شادمان بووین.
4 ئەی یەزدان، خۆشحاڵیمان بگەڕێنەوە،
وەک جۆگەکانی نەقەب[a].
5 ئەوانەی بە فرمێسکەوە دەچێنن،
بە هەلهەلەوە دروێنە دەکەن.
6 ئەوەی بە گریانەوە دەڕوات و
تۆو بۆ چاندن بار دەکات،
بە هەلهەلەوە دێتەوە و
بەرهەمەکەی بە مەلو بار دەکات.
مردنی سارا
23 هەموو تەمەنی سارا سەد و بیست و حەوت ساڵ بوو. 2 ئینجا سارا لە قیریەت ئەربەع کە حەبرۆنە لە خاکی کەنعان مرد. ئیبراهیمیش هات بۆ ئەوەی بۆ سارا بلاوێنێتەوە و بەسەریدا بگریێت.
3 ئیبراهیم لەبەردەم مردووەکەی هەستا و لەگەڵ حیتییەکان قسەی کرد، گوتی: 4 «من لەنێو ئێوە نامۆ و میوانم. لەلای خۆتان گۆڕێکم بە موڵک بدەنێ، هەتا بتوانم مردووەکەم لەبەردەمم بنێژم.»
5 حیتییەکان وەڵامی ئیبراهیمیان دایەوە و پێیان گوت: 6 «گەورەم، گوێمان لێ بگرە، تۆ لەنێوانمان میرێکی بە توانایت. مردووەکەی خۆت لە باشترین گۆڕی ئێمە بنێژە. هیچ پیاوێکیش لە ئێمە بەرامبەر بە تۆ دەست بە گۆڕەکەیەوە ناگرێت، هەتا مردووەکەتی تێدا نەنێژیت.»
7 ئیبراهیمیش هەستا و کڕنۆشی بۆ خەڵکی خاکەکە برد، بۆ حیتییەکان. 8 ئینجا قسەی لەگەڵ کردن، گوتی: «ئەگەر ڕازین بەوەی مردووەکەم کە لەبەردەممە بینێژم، ئەوا گوێم لێ بگرن و لە عەفرۆنی کوڕی چۆحەر داوام بۆ بکەن. 9 ئەشکەوتەکەی مەخپێلەم پێ بفرۆشێت کە هی ئەوە و دەکەوێتە کەنار کێڵگەکەی. با بە نرخی تەواوی خۆشی بمداتێ، بۆ ئەوەی لەنێو ئێوەدا بۆ گۆڕ ببێتە موڵکم.»
10 عەفرۆنی حیتی لەنێو حیتییەکان دانیشتبوو، لەبەرچاوی هەموو حیتییەکان، هەموو ئەوانەی هاتبوونە ناو دەروازەی شارەکەی، وەڵامی ئیبراهیمی دایەوە: 11 «نا گەورەم، گوێت لێم بێت، کێڵگەکەت پێ دەفرۆشم بە ئەشکەوتەکەی ناویشییەوە. لەبەرچاوی گەلەکەم پێم بەخشیت. مردووەکەی خۆت بنێژە.»
12 ئیبراهیمیش لەبەردەم خەڵکی خاکەکە کڕنۆشی برد و 13 لەبەرچاوی خەڵکی خاکەکە بە عەفرۆنی گوت: «بەڵام ئەگەر تۆ ڕازیت، ئەوا حەز دەکەم گوێشم لێ بگریت: نرخی کێڵگەکەت دەدەمێ. لە منی وەربگرە، ئینجا مردووەکەی خۆم لەوێ دەنێژم.»
14 عەفرۆنیش وەڵامی ئیبراهیمی دایەوە: 15 «گوێم لێ بگرە گەورەم، زەوییەکە بایی چوار سەد شاقل[a] زیوە، بەڵام ئەوە لەنێوان من و تۆ چییە! مردووەکەی خۆت بنێژە.»
16 ئیبراهیمیش گوێی لە عەفرۆن گرت و لەبەرچاوی حیتییەکان ئەو بڕە زیوەی بۆ عەفرۆن کێشا. چوار سەد شاقل زیو، بەو کێشانەی لەلای بازرگانەکان باوبوو.
17 ئیتر کێڵگەکەی عەفرۆن، ئەوەی لە مەخپێلەیە، ئەوەی لەبەردەم مەمرێیە، کێڵگەکە و ئەشکەوتەکە کە لەناوییەتی، هەروەها هەموو ئەو دارانەی لەناو کێڵگەکەیە و لە سنووری دەوروبەریەتی، بووە 18 موڵکی ئیبراهیم، لەبەرچاوی هەموو حیتییەکان، هەموو ئەوانەی هاتبوونە ناو دەروازەی شارەکە. 19 دوای ئەوە ئیبراهیم سارای ژنی لەناو ئەشکەوتەکەی کێڵگەی مەخپێلە ناشت کە لەبەردەم مەمرێیە، ئەوەش حەبرۆنە لە خاکی کەنعان.
ناردنی تیمۆساوس بۆ سالۆنیکی
3 بۆیە کاتێک بەرگەمان نەگرت، بە باشمان زانی بە تەنها لە ئەسینا بمێنینەوە، 2 تیمۆساوسمان نارد کە برا و هاوکارمانە بۆ خودا لە مزگێنی مەسیحدا، بۆ ئەوەی باوەڕتان بەهێز بکات و هانتان بدات، 3 تاکو لەم ناخۆشیانەدا کەس نەهەژێت. خۆتان دەزانن کە بۆ ئەمە دیاری کراوین. 4 لە ڕاستیدا، کاتێک لەلاتان بووین، بەردەوام پێمان گوتوون کە تووشی چەوسانەوە دەبین، وەک دەزانن ڕوویدا. 5 لەبەر ئەوە منیش کاتێک بەرگەم نەگرت، تیمۆساوسم نارد بۆ ئەوەی دۆخی باوەڕتان بزانم، نەوەک تاقیکەرەوە تاقی کردبنەوە و ڕەنجمان بەفیڕۆ بچێت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.