Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
سێ میوان
18 ئینجا یەزدان لەلای دار بەڕووەکانی مەمرێ بۆ ئیبراهیم دەرکەوت، لەو کاتەدا کە لە گەرمای ڕۆژدا لە دەرکی چادرەکەیدا دانیشتبوو. 2 سەری هەڵبڕی و بینی وا سێ پیاو لە نزیکی وەستاون. کاتێک ئەوانی بینی، لە دەرگای چادرەکەیەوە بەرەو ڕوویان ڕایکرد کڕنۆشی برد و سەری خستە سەر زەوی.
3 ئینجا گوتی: «گەورەم، ئەگەر جێی ڕەزامەندیتم، بەسەر خزمەتکارەکەتدا تێمەپەڕە. 4 با تۆزێک ئاو بهێنرێت و پێتان بشۆن، لەژێر دارەکە پاڵ بدەنەوە. 5 پارووە نانێکیشتان بۆ دێنم هەتا بەری دڵتانی پێ بگرن و پاشان تێبپەڕن، چونکە ئێوە بۆ لای خزمەتکارەکەتان هاتوون.»
ئەوانیش فەرموویان: «ئەوەی گوتت بیکە.»
6 ئیتر ئیبراهیم بە پەلە بەرەو چادرەکە چوو بۆ لای سارا و گوتی: «خێرا سێ پێوانە[a] لە باشترین ئارد بهێنە و بیشێلە و بیکە بە نان.»
7 هەروەها ئیبراهیم بۆ لای مێگەلەکە ڕایکرد و گوێرەکەیەکی ناسک و چاکی هێنا و دایە دەست خزمەتکارێکەوە، ئەویش خێرا کەوتە ئامادەکردنی. 8 ئینجا دەڵەمە[b] و شیر و ئەو گوێرەکەیەی ئامادەکرابوو، هێنای و لەبەردەمیان داینا. خۆشی لەژێر دارەکە لەسەریان ڕاوەستا، کاتێک ئەوان نانەکەیان دەخوارد.
9 پاشان پێیان فەرموو: «کوا سارای ژنت؟»
ئەویش گوتی: «ئەوەتا، لەناو چادرەکەیە.»
10 ئینجا یەزدان فەرمووی: «بێگومان ساڵێکی دیکە ئەم کاتانە دێمەوە لات و سارای ژنیشت کوڕێکی بووە.»
ساراش لە دەرگای چادرەکەی خۆیەوە کە لە پشتی ئەمەوە بوو، گوێی گرتبوو. 11 ئیبراهیم و سارا دوو پیری بەساڵدا چووبوون. ساراش تەمەنی منداڵبوونی بەسەرچووبوو. 12 سارا لە دڵی خۆیدا پێکەنی و گوتی: «ئایا لەدوای ئەوەی لە کەڵک کەوتووم و مێردەکەم پیر بووە، خۆشیم بۆ دەبێت؟»
13 ئینجا یەزدان بە ئیبراهیمی فەرموو: «بۆچی سارا پێکەنی و گوتی: ”وا من پیر بووم، ئایا بەڕاستی منداڵم دەبێت“؟ 14 هیچ شتێک هەیە بۆ یەزدان ئەستەم بێت؟ ساڵی داهاتوو لە کاتی دیاریکراو دێمەوە لات و ساراش کوڕێکی بووە.»
15 سارا درۆی کرد و گوتی: «پێنەکەنیم،» چونکە ترسا. بەڵام ئەو فەرمووی: «بەڵێ، پێکەنیت.»
لەدایکبوونی ئیسحاق
21 یەزدان بەو شێوەیەی فەرمووی سارای بەسەرکردەوە، یەزدان چۆنی فەرموو ئاوای بۆ سارا کرد. 2 ئینجا سارا لە پیرەمێردیێتی ئیبراهیمدا سکی پڕ بوو و منداڵێکی بۆی بوو، لەو کاتەی کە خودا پێی فەرموو. 3 ئیبراهیم کوڕە لەدایکبووەکەی خۆی کە سارا بۆی ببوو ناوی لێنا ئیسحاق. 4 کاتێک ئیسحاقی کوڕی بووە هەشت ڕۆژ، ئیبراهیم خەتەنەی کرد، هەروەک چۆن خودا ڕایسپاردبوو. 5 تەمەنی ئیبراهیم سەد ساڵ بوو کاتێک ئیسحاقی کوڕی لەدایک بوو.
6 سارا گوتی: «خودا منی خستووەتە پێکەنین، هەرکەسێکیش ئەمە ببیستێت لەگەڵ من پێدەکەنێت.» 7 هەروەها گوتی: «کێ بە ئیبراهیمی دەگوت سارا شیر دەداتە منداڵان؟ چونکە لە پیرەمێردی ئەودا کوڕێکم بوو.»
116 یەزدانم خۆشدەوێت،
چونکە گوێ لە دەنگ و لە پاڕانەوەم دەگرێت،
2 چونکە گوێی خۆی بۆم شل کرد،
هەتا ماوم هەر لێ دەپاڕێمەوە.
12 چی بدەمەوە یەزدان،
بەرامبەر هەموو چاکەکانی بۆ من.
13 جامی ڕزگاری بەرز دەکەمەوە و
بە ناوی یەزدانەوە دەپاڕێمەوە.
14 نەزرەکانم بۆ یەزدان بەجێدەهێنم،
بەرامبەر بە هەموو گەلەکەی.
15 یەزدان مردنی خۆشەویستانی
لەبەرچاو سەنگینە.
16 ئەی یەزدان، من بە ڕاستی خزمەتکاری تۆم،
من خزمەتکاری تۆم، کوڕی کەنیزەکەت،
تۆ کۆتەکانی منت کردەوە.
17 قوربانی سوپاسگوزاری بۆ تۆ سەردەبڕم،
بە ناوی یەزدانەوە دەپاڕێمەوە.
18 نەزرەکانم بۆ یەزدان بەجێدەهێنم،
بەرامبەر بە هەموو گەلەکەی،
19 لە حەوشەی ماڵی یەزداندا،
لە ناوەندی تۆدا، ئەی ئۆرشەلیم.
هەلیلویا!
ڕزگاربوون لە تووڕەیی خودا
5 کەواتە، لەبەر ئەوەی بە باوەڕ بێتاوان کراوین، لە ڕێگەی عیسای مەسیحی گەورەمانەوە لەگەڵ خودا ئاشتیمان هەیە، 2 لە ڕێگەی ئەویشەوە ڕێپێدراویێتیمان[a] وەرگرت بەهۆی باوەڕ بێینە ناو ئەم نیعمەتەی کە ئێستا تێیدا نیشتەجێین. شانازیش بە هیوای شکۆی خودا دەکەین. 3 تەنها ئەمە نا، بەڵکو لە تەنگانەشدا شانازی دەکەین، دەزانین تەنگانە دانبەخۆداگرتن دروستدەکات، 4 دانبەخۆداگرتنیش ئەزموون، ئەزموونیش هیوا، 5 هیواش نابێتە هۆی شەرمەزاری، چونکە خۆشەویستی خودا[b] ڕژاوەتە ناو دڵمان، بە ڕۆحی پیرۆز کە پێمان دراوە.
6 کاتێک هێشتا لاواز بووین، مەسیح لە کاتی دیاریکراودا لە پێناو گوناهباران مرد. 7 لەبەر ئەوەی بە دەگمەن کەسێک لە پێناوی مرۆڤێکی ڕاستودروست دەمرێت، لەوانەیە لە پێناوی مرۆڤێکی باش کەسێک بوێرێت بمرێت. 8 بەڵام خودا خۆشەویستی خۆی بۆ دەرخستین، بەوەی مەسیح لە پێناوی ئێمەدا مرد، کاتێک هێشتا گوناهبار بووین.
دروێنەی زۆر و کرێکاری کەم
35 عیسا بە هەموو شار و گوندەکاندا دەگەڕا، لە کەنیشتەکانیان فێری دەکردن و مزگێنی پاشایەتییەکەی ڕادەگەیاند، هەرچی نەخۆشی و هەرچی نەساغی هەبوو چاکی دەکردنەوە. 36 کاتێک خەڵکەکەی بینی دڵی پێیان سووتا، چونکە وەک مەڕی بێ شوان پەرێشان و دەربەدەر بوون. 37 جا بە قوتابییەکانی فەرموو: «دروێنە زۆرە، بەڵام سەپان کەمە. 38 لەبەر ئەوە داوا لە خاوەنی دروێنە بکەن تاکو سەپان بۆ دروێنەکەی بنێرێت.»
بانگکردنی دوازدە نێردراوەکە
10 ئینجا دوازدە قوتابییەکەی بانگکرد، دەسەڵاتی پێدان تاکو ڕۆحی پیس دەربکەن و هەرچی نەخۆشی و نەساغی هەبوو چاک بکەنەوە.
2 ئەمانەش ناوی دوازدە نێردراوەکەیە: یەکەمین، شیمۆن کە بە پەترۆس ناودەبردرا و ئەندراوسی برای، یاقوبی کوڕی زەبدی و یۆحەنای برای، 3 فیلیپۆس و بەرتۆلماوس، تۆماس و مەتای باجگر، یاقوبی کوڕی حەلفا و تەداوس، 4 شیمۆنی کانەوی[a] و یەهوزای ئەسخەریوتی کە عیسای بە گرتن دا.
عیسا نێردراوەکانی دەنێرێت
5 عیسا ئەم دوازدە کەسەی نارد، فەرمانی پێ کردن: «بە ڕێگای نەتەوەکاندا مەڕۆن و مەچنە شاری سامیرەییەکان، 6 بەڵکو لەبری ئەوە بڕۆنە لای مەڕە ونبووەکانی ماڵی ئیسرائیل. 7 کاتێک دەچن، ئەم پەیامە ڕابگەیەنن: ”پاشایەتی ئاسمان نزیک بووەتەوە.“ 8 نەخۆش چاک بکەنەوە، مردوو زیندوو بکەنەوە، گەڕوگول پاک بکەنەوە، ڕۆحی پیس دەربکەن. بەخۆڕایی وەرتانگرتووە، بەخۆڕاییش بیدەن.
9 زێڕ و زیو و مس لە پشتێنتان هەڵمەگرن، 10 نە توورەکە بۆ ڕێگا، نە دوو کراس و نە پێڵاوی زیاد و نە گۆچانیش، چونکە کرێکار شایانی نانی خۆیەتی.
11 «چوونە هەر شار و گوندێک، بە شوێن کەسێکی شایستەدا بگەڕێن و هەتا ئەوێ بەجێدەهێڵن لە ماڵی ئەو کەسە بمێننەوە. 12 کە چوونە ماڵەکە سڵاو بکەن. 13 ئەگەر ماڵەکە شایستە بوون، با ئاشتیتان بۆیان بێت، بەڵام ئەگەر شایستە نەبوون، با ئاشتیتان بۆ خۆتان بگەڕێتەوە. 14 ئەوەی پێشوازی لێ نەکردن و گوێی لە قسەتان نەگرت، لەو ماڵە یان لەو شارۆچکەیە بڕۆنە دەرەوە و تۆزی پێتان بتەکێنن. 15 ڕاستیتان پێ دەڵێم: لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا، دۆخی خاکی سەدۆم و عەمۆرا سزای سووکتر دەبێت لەوەی ئەم شارە. 16 ئەوەتا من وەک مەڕ بەناو گەلە گورگدا دەتاننێرم. جا وەک مار ژیر بن و وەک کۆتر لە خراپە بێبەری بن.
17 «لە خەڵکی بەئاگابن، چونکە دەتاندەنە دادگا و لە کەنیشتەکانیان بە قامچی لێتان دەدەن، 18 لەبەر من دەبردرێنە بەردەم فەرمانڕەوایان و پاشایان، وەک شایەتێکی من بۆ ئەوان و بۆ نەتەوەکانیش. 19 کاتێکیش بە گرتنتان دەدەن، نیگەران مەبن کە چی بڵێن و چۆن بڵێن، لەو کاتەدا پێتان دەدرێت چی بڵێن، 20 چونکە ئەوە ئێوە نین کە قسە دەکەن، بەڵکو ڕۆحی باوکتانە لە ئێوەدا قسە دەکات.
21 «برا برای خۆی بۆ مردن بە گرتن دەدات، باوکیش منداڵی خۆی. منداڵان لە دایک و باوکیان هەڵدەگەڕێنەوە و دەیانکوژن. 22 لەبەر ناوی من هەمووان ڕقیان لێتان دەبێتەوە، بەڵام ئەوەی تاکو کۆتایی دانبەخۆدا بگرێت، ڕزگاری دەبێت. 23 کە لەم شارە دەتانچەوسێننەوە، ڕاکەن بۆ شارێکی دیکە. ڕاستیتان پێ دەڵێم: شارەکانی ئیسرائیل تەواو ناکەن پێش هاتنی کوڕی مرۆڤ[a].
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.