Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 116:1-2

116 یەزدانم خۆشدەوێت،
    چونکە گوێ لە دەنگ و لە پاڕانەوەم دەگرێت،
چونکە گوێی خۆی بۆم شل کرد،
    هەتا ماوم هەر لێ دەپاڕێمەوە.

زەبوورەکان 116:12-19

12 چی بدەمەوە یەزدان،
    بەرامبەر هەموو چاکەکانی بۆ من.

13 جامی ڕزگاری بەرز دەکەمەوە و
    بە ناوی یەزدانەوە دەپاڕێمەوە.
14 نەزرەکانم بۆ یەزدان بەجێدەهێنم،
    بەرامبەر بە هەموو گەلەکەی.

15 یەزدان مردنی خۆشەویستانی
    لەبەرچاو سەنگینە.
16 ئەی یەزدان، من بە ڕاستی خزمەتکاری تۆم،
    من خزمەتکاری تۆم، کوڕی کەنیزەکەت،
    تۆ کۆتەکانی منت کردەوە.

17 قوربانی سوپاسگوزاری بۆ تۆ سەردەبڕم،
    بە ناوی یەزدانەوە دەپاڕێمەوە.
18 نەزرەکانم بۆ یەزدان بەجێدەهێنم،
    بەرامبەر بە هەموو گەلەکەی،
19 لە حەوشەی ماڵی یەزداندا،
    لە ناوەندی تۆدا، ئەی ئۆرشەلیم.

هەلیلویا!

پەیدابوون 24:1-9

ئیسحاق و ڕڤقە

24 ئیبراهیم پیر بوو و چووە ساڵەوە. یەزدانیش ئیبراهیمی لە هەموو شتێکدا بەرەکەتدار کرد. ئینجا ئیبراهیم بە خزمەتکاری گەورەی ماڵەکەی گوت کە هەرچییەکیشی هەبوو بە دەست ئەو بوو: «دەست بخەرە ژێر ڕانم. سوێندت دەدەم بە یەزدان، خودای ئاسمان و خودای زەوی، کە هیچ ژنێک لە کچانی کەنعانییەکان بۆ کوڕەکەم ناخوازیت، کە خۆم نیشتەجێی نێوانیانم. بەڵکو دەچیتە خاکەکەم بۆ لای کەسوکارەکەم و لەوێ ژنێک بۆ کوڕەکەم، بۆ ئیسحاق دەهێنیت.»

خزمەتکارەکەش پێی گوت: «ئەی ئەگەر ئافرەتەکە نەیویست دوام بکەوێت بۆ ئەم زەوییە؟ ئایا کوڕەکەت بگەڕێنمەوە ئەو خاکەی لێوەی هاتوویت؟»

ئیبراهیمیش پێی گوت: «ئاگاداربە کوڕەکەم نەگەڕێنێتەوە ئەوێ. یەزدانی پەروەردگاری ئاسمان، ئەوەی لە ماڵی باوکم و لە خاکی لەدایکبوونمەوە منی برد، ئەوەی پێی فەرمووم و ئەوەی سوێندی بۆ خواردم و فەرمووی: ”ئەم زەوییە بە نەوەی تۆ دەبەخشم.“ ئەو فریشتەی خۆی لەپێشتەوە دەنێرێت و لەوێ ژنێک بۆ کوڕەکەم دەهێنیت. خۆ ئەگەر ئافرەتەکەش نەیویست لەگەڵت بێتەوە، ئەوا گەردنت ئازاد دەبێت لەم سوێندەی من. تەنها نەکەیت کوڕەکەم ببەیتەوە ئەوێ.» ئینجا خزمەتکارەکە دەستی خستە ژێر ڕانی ئیبراهیمی گەورەی و لەسەر ئەمە سوێندی بۆ خوارد.

کردار 7:35-43

35 «ئەو موسایەی ڕەتیان کردەوە و گوتیان: [کێ تۆی کردووە بە گەورە و دادوەر بەسەرمانەوە؟][a] هەر ئەو بوو خودا وەک گەورە و ئازادکەر بە دەستی ئەو فریشتەیە ناردی کە لە دەوەنەکەدا بۆی دەرکەوت. 36 ئەم دەریهێنان، لە ماوەی چل ساڵدا پەرجوو و نیشانەی لە خاکی میسر و دەریای سوور و چۆڵەوانیش کرد.

37 «ئەمە ئەو موسایەیە کە بە نەوەی ئیسرائیلی گوت: [خودا لەنێو براکانتان پێغەمبەرێکی وەک منتان بۆ دادەنێت.][b] 38 هەر ئەویش بوو لە چۆڵەوانی لەناو کڵێساکەدا[c] بوو، لەگەڵ ئەو فریشتەیەی لە شاخی سینا قسەی لەگەڵی دەکرد، لەگەڵ باوباپیرانیشمان، ئەوەی وشە زیندووەکانی وەرگرت تاکو بمانداتێ.

39 «بەڵام باوباپیرانمان نەیانویست گوێڕایەڵی بن. کەچی ئەویان ڕەتکردەوە و دڵیان بۆ میسر دەگەڕایەوە. 40 بە هارونیان گوت: [چەند خوداوەندێکمان بۆ دروستبکە لەپێشمانەوە بڕۆن، چونکە ئەم موسایە، ئەو پیاوەی ئێمەی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا نازانین چی لێهات.][d] 41 لەو ڕۆژانەدا بتێکیان لە شێوەی گۆلک دروستکرد و قوربانییان بۆ کرد، بە دەستکردی خۆیان دڵشاد بوون. 42 بەڵام خودا ڕووی لێ وەرگێڕان و وازی لێ هێنان ئەستێرەکانی ئاسمان[e] بپەرستن، وەک لە پەڕتووکی پێغەمبەراندا نووسراوە:

«[ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئایا بۆ ماوەی چل ساڵ لە چۆڵەوانی
    قوربانی سەربڕاو و پێشکەشکراوتان بۆ هێنام؟
43 نەخێر، بەڵکو نزرگەی بتی مۆلەختان[f]
    لەگەڵ ئەستێرەی خوداوەندەکەتان هەڵگرت، ڕێفان[g]،
    ئەو پەیکەرانەی دروستتان کرد تاکو بیانپەرستن.
لەبەر ئەوە من بۆ شوێنێک ڕاپێچتان دەکەم کە لە بابل دوورترە.][h]

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.