Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 119:41-48

ו (ڤاڤ)

41 ئەی یەزدان، با خۆشەویستییە نەگۆڕەکەتم بۆ بێت،
    ڕزگارییەکەت بەگوێرەی بەڵێنی خۆت،
42 جا وەڵامی ئەوە دەدەمەوە کە گاڵتەم پێ دەکات،
    چونکە پشتم بە بەڵێنی تۆ بەستووە.
43 وشەی ڕاست هەرگیز لە دەمم دوور مەخەوە،
    چونکە ئومێدم بە حوکمەکانی تۆ هەیە.
44 بە بەردەوامی گوێڕایەڵی فێرکردنی تۆ دەبم،
    هەتاهەتایە و هەتاسەر.
45 بە ئازادی دەڕۆم،
    چونکە داواکاری ڕێنماییەکانی تۆم.
46 لەبەردەم پاشاکانیش باسی یاساکانی تۆ دەکەم،
    شەرمەزاریش نابم.
47 خۆشی لە ڕاسپاردەکانت دەبینم،
    چونکە حەزم لێیانە.
48 دەست بۆ ڕاسپاردەکانت بەرز دەکەمەوە، ئەوەی خۆشم دەوێت،
    سەرنج دەدەمە فەرزەکانت.

پەیدابوون 18:16-33

پاڕانەوەی ئیبراهیم بۆ سەدۆم

16 ئینجا پیاوەکان لەوێ هەستان و ڕوویان لە سەدۆم کرد، ئیبراهیمیش لەگەڵیان ڕۆیشت، تاکو بەڕێیان بکات. 17 یەزدانیش فەرمووی: «ئایا ئەوەی کە بەتەمام ئەنجامی بدەم لە ئیبراهیمی بشارمەوە؟ 18 لە کاتێکدا ئیبراهیم بێگومان دەبێتە نەتەوەیەکی مەزن و بەهێز، هەموو نەتەوەکانی سەر زەویش لە ڕێگەی ئەوەوە بەرەکەتدار دەبن. 19 لەبەر ئەوەی هەڵمبژاردووە بۆ ئەوەی منداڵەکانی و ماڵەکەی لەدوای خۆی ڕابسپێرێت ڕێچکەی یەزدان بگرێتەبەر، بۆ ئەوەی ڕاستودروستی و دادپەروەری بکەن، تاکو یەزدان ئەو بەڵێنە بهێنێتە دی کە بە ئیبراهیمی دابوو.»

20 ئینجا یەزدان فەرمووی: «هاواری لە دژی سەدۆم و عەمۆرا زۆر بووە و گوناهیان زۆر گەورە بووە. 21 ئەوا دێمە خوارەوە بۆ ئەوەی ببینم ئاخۆ وەک هاوارەکەی کە هاتووەتە لای من، بە تەواوی بەم جۆرەیان کردووە. ئەگەر نا، ئەوا دەزانم.»

22 ئینجا پیاوەکان ڕوویان کردە سەدۆم و ڕۆیشتن، بەڵام ئیبراهیم هێشتا لەبەردەم یەزدان وەستابوو. 23 ئیبراهیم چووە پێشەوە و گوتی: «ئایا لەگەڵ خراپەکاردا ڕاستودروستیش لەناودەبەیت؟ 24 ئەی ئەگەر شارەکە پەنجا کەسی ڕاستودروستی تێدابێت، ئایا هەر لەناوی دەبەیت و نایبەخشیت، لە پێناوی ئەو پەنجا ڕاستودروستەی تێیدایە؟ 25 حاشا، شتی وا لە تۆ ناوەشێتەوە! ڕاستودروستیش لەگەڵ خراپەکاردا بکوژیت. جا ڕاستودروست و خراپەکار وەک یەکیان لێبێت. دوور بێت لە تۆ! ئایا دادوەری هەموو زەوی دادپەروەری ناکات؟»

26 یەزدانیش فەرمووی: «ئەگەر لە سەدۆم پەنجا کەسی ڕاستودروست لە شارەکەدا ببینمەوە، ئەوا لە پێناوی ئەوان هەموو شارەکە دەبەخشم.»

27 ئیبراهیم وەڵامی دایەوە: «ئێستا من وێرام لەگەڵ پەروەردگار قسە بکەم، منێک کە خۆڵ و خۆڵەمێشم. 28 ئەی ئەگەر لەو پەنجا کەسە ڕاستودروستە پێنجی کەم بوو؟ ئایا بۆ پێنج کەس هەموو شارەکە وێران دەکەیت؟»

فەرمووی: «وێرانی ناکەم، ئەگەر چل و پێنج لەوێ ببینمەوە.»

29 دیسان کەوتەوە قسە لەگەڵی و گوتی: «ئەی ئەگەر لەوێ چلی لێبوو؟» فەرمووی: «لەبەر خاتری ئەو چلە، نایکەم.»

30 ئینجا گوتی: «با پەروەردگار تووڕە نەبێت و قسە بکەم، ئەی ئەگەر هەر سی لێبوو؟»

فەرمووی: «نایکەم، ئەگەر لەوێ سی ببینمەوە.»

31 ئیبراهیم گوتی: «ئیتر وا وێرام قسە لەگەڵ پەروەردگار بکەم، ئەی ئەگەر بیستی لێبوو؟»

فەرمووی: «لەبەر ئەو بیستە وێرانی ناکەم.»

32 ئینجا گوتی: «با پەروەردگار تووڕە نەبێت و هەر ئەم جارە قسە بکەم. ئەی ئەگەر دەی لێبوو؟»

فەرمووی: «لەبەر ئەو دەیە وێرانی ناکەم.»

33 ئینجا دوای ئەوەی یەزدان لەگەڵ ئیبراهیم لە قسەکردن بووەوە، ڕۆیشت، ئیبراهیمیش گەڕایەوە شوێنی خۆی.

مەتا 12:1-8

گەورەی ڕۆژی شەممە

12 لەو کاتەدا، لە ڕۆژی شەممەدا عیسا بەناو دەغڵدا تێدەپەڕی، قوتابییەکانی برسییان بوو، دەستیان بە گوڵەگەنم پرواندن و خواردنی کرد. کە فەریسییەکان بینییان، پێیان گوت: «تەماشا بکە، ئەوەی قوتابییەکانت دەیکەن دروست نییە لە شەممەدا بکرێت.»

ئەویش پێی فەرموون: «ئایا نەتانخوێندووەتەوە داود چی کرد[a]، کاتێک خۆی و ئەوانەی لەگەڵی بوون برسییان بوو؟ چۆن چووە ناو ماڵی خودا و نانی تەرخانکراوی[b] خوارد، کە بۆ ئەو و ئەوانەی لەگەڵی بوون دروست نەبوو بیخۆن، تەنها بۆ کاهینان نەبێ؟ یان لە تەوراتدا نەتانخوێندووەتەوە کە هەرچەندە کاهینان بەهۆی ئەرکیان لە پەرستگا لە ڕۆژانی شەممەدا ڕاسپاردەی ڕۆژی شەممە دەشکێنن بەڵام بە بێتاوان دادەنرێن؟ پێتان دەڵێم، مەزنتر لە پەرستگا لێرەیە. بەڵام ئەگەر واتای ئەوەتان بزانیایە: [من میهرەبانیم دەوێ نەک قوربانی،][c] ئەوا بێتاوانتان تاوانبار نەدەکرد، چونکە کوڕی مرۆڤ گەورەی ڕۆژی شەممەیە.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.