Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
ו (ڤاڤ)
41 ئەی یەزدان، با خۆشەویستییە نەگۆڕەکەتم بۆ بێت،
ڕزگارییەکەت بەگوێرەی بەڵێنی خۆت،
42 جا وەڵامی ئەوە دەدەمەوە کە گاڵتەم پێ دەکات،
چونکە پشتم بە بەڵێنی تۆ بەستووە.
43 وشەی ڕاست هەرگیز لە دەمم دوور مەخەوە،
چونکە ئومێدم بە حوکمەکانی تۆ هەیە.
44 بە بەردەوامی گوێڕایەڵی فێرکردنی تۆ دەبم،
هەتاهەتایە و هەتاسەر.
45 بە ئازادی دەڕۆم،
چونکە داواکاری ڕێنماییەکانی تۆم.
46 لەبەردەم پاشاکانیش باسی یاساکانی تۆ دەکەم،
شەرمەزاریش نابم.
47 خۆشی لە ڕاسپاردەکانت دەبینم،
چونکە حەزم لێیانە.
48 دەست بۆ ڕاسپاردەکانت بەرز دەکەمەوە، ئەوەی خۆشم دەوێت،
سەرنج دەدەمە فەرزەکانت.
پەیمانی خەتەنەکردن
17 کاتێک ئەبرام تەمەنی نەوەد و نۆ ساڵ بوو، یەزدان بۆ ئەبرام دەرکەوت و پێی فەرموو: «من خودای هەرە بە توانام. دۆستایەتی من بکە و بێ کەموکوڕی بە. 2 پەیمانی خۆم لەنێوان خۆم و تۆدا دەبەستم و زۆر زۆرت دەکەم.»
3 ئەبرام خۆی بە زەویدا دا، خوداش پێی فەرموو: 4 «لەلایەنی منەوە، ئەمەش پەیمانەکەمە لەگەڵ تۆ، تۆ دەبیتە باوکی چەندین نەتەوە. 5 ئیتر لەمەودواش ناوت بە ئەبرام ناهێنرێت، بەڵکو ناوت دەبێتە ئیبراهیم، چونکە من تۆم کرد بە باوکی چەندین نەتەوە. 6 زۆر زۆریش بەردارت دەکەم، پێم داویت ببیتە چەندین نەتەوە و چەندین پاشات لێ بکەوێتەوە. 7 پەیمانی خۆم دەچەسپێنم لەنێوان خۆم و تۆ و نەوەی دوای خۆت لە نەوەکانیان، پەیمانێکی هەتاهەتایی، کە ببمە خودای تۆ و نەوەی دوای خۆت. 8 ئەو خاکەی کۆچی تێدا دەکەیت، دەیدەمە تۆ و نەوەکەت لەدوای خۆت، هەموو خاکی کەنعان، موڵکێکی هەتاهەتایی، منیش دەبمە خودایان.»
9 ئینجا خودا بە ئیبراهیمی فەرموو: «تۆش پەیمانەکەم بەجێدەهێنیت، خۆت و نەوەی دوای خۆت، لە نەوەکانیان. 10 ئەمەش پەیمانەکەمە کە بەجێی دەهێنن لەنێوان من و ئێوە و نەوەی دوای خۆت، هەموو نێرینەیەکتان خەتەنە دەکەن. 11 خۆتان خەتەنە دەکەن، ئەمەش دەبێتە نیشانەی پەیمانەکەی نێوان من و ئێوە. 12 هەموو نێرینەیەکی هەشت ڕۆژەش لە ئێوە دەبێت خەتەنە بکرێت، لە نەوەکانتان، ئەوەی لە ماڵەکەت لەدایک بووە، یان ئەوەی بە زیو لە بیانی کڕاوە و نەوەی خۆت نییە. 13 دەبێت ئەوەی لە ماڵەکەت لەدایک بووە یان بە زیو کڕاوە بە تەواوی خەتەنە بکرێت، جا پەیمانەکەم لە ئێوەدا پەیمانێکی هەتاهەتایی دەبێت. 14 هەر نێرینەیەکی خەتەنە نەکراویش، کە خەتەنە نەکرابێت، ئەوە لە نەتەوەکەی دادەبڕێت، چونکە پەیمانی منی شکاندووە.»
15 هەروەها خودا بە ئیبراهیمی فەرموو: «سارای ژنیشت، ئیتر بە سارای ناوی مەهێنە، بەڵکو ناوی دەبێتە سارا. 16 بەرەکەتداری دەکەم و لەوەوە کوڕێکت پێ دەبەخشم. بەرەکەتداری دەکەم و چەندین نەتەوە و چەندین پاشای نەتەوەکان لەوەوە دەبن.»
17 ئیبراهیم بەسەر ڕوویدا کەوت و پێکەنی، لە دڵی خۆیدا گوتی: «ئایا پیاوێکی سەد ساڵە منداڵی دەبێت؟ ئایا سارا لە تەمەنی نەوەد ساڵیدا منداڵی دەبێت؟» 18 ئیبراهیم بە خودای گوت: «خۆزگە ئیسماعیل لەبەردەم بەرەکەتی تۆدا ژیان بەسەرببات.»
19 خوداش فەرمووی: «بەڵێ، بەڵام لە سارای ژنت کوڕێکت دەبێت، ناوی دەنێیت ئیسحاق. پەیمانی خۆمی لەگەڵدا دەچەسپێنم، پەیمانێکی هەتاهەتایی بۆ نەوەکەی دوای خۆی. 20 بۆ ئیسماعیلیش، گوێم لێت بوو، بێگومان بەرەکەتداری دەکەم، بەرداری دەکەم و زۆر زۆری دەکەم. دەبێتە باوکی دوازدە سەرۆک، دەیکەمە نەتەوەیەکی مەزن. 21 بەڵام پەیمانەکەم لەگەڵ ئیسحاقدا دەچەسپێنم، کە ساڵێکی دیکە ئەم کاتە سارا بۆ تۆی دەبێت.» 22 کاتێک خودا لە قسەکانی بووەوە لەگەڵ ئیبراهیم، لەلای ڕۆیشت و بەرزبووەوە.
23 لە هەمان ڕۆژدا ئیبراهیم، ئیسماعیلی کوڕی و هەموو ئەوانەی لە ماڵەکەیدا لەدایک ببوون یان بە زیوی خۆی کڕابوون، هەموو نێرینەکانی ماڵەکەی خۆی هێنا و خەتەنەی کردن، وەک چۆن خودا پێی فەرموو بوو. 24 ئیبراهیم تەمەنی نەوەد و نۆ ساڵ بوو کاتێک خەتەنە کرا، 25 ئیسماعیلی کوڕیشی تەمەنی سێزدە ساڵان بوو کاتێک خەتەنە کرا. 26 لە هەمان ڕۆژدا ئیبراهیم و ئیسماعیلی کوڕی خەتەنە کران. 27 هەموو پیاوەکانی ماڵەکەی، ئەوانەی لە ماڵەکەی لەدایک ببوون و ئەوانەی لە بیانی بە زیو کڕدرابوون لەگەڵ ئەودا خەتەنە کران.
وتەی هاندان
13 با خۆشەویستی برایانە بچەسپێت. 2 میوانداری نامۆکان لەیاد مەکەن، چونکە بەمە کەسانێک بێ ئەوەی بزانن میوانداری فریشتەکانیان کردووە. 3 یادی بەندکراوان بکەنەوە هەروەک ئەوەی لەگەڵیان بەند کرابن، زۆرلێکراوانیش وەک خۆتان لەگەڵ ئەودا زۆرلێکراو بن.
4 با لەلای هەمووان هاوسەرایەتی ڕێزی هەبێت، نوێنی هاوسەرایەتیش پاک بێت، چونکە خودا بەڕەڵا و داوێنپیس تاوانبار دەکات. 5 با ژیانتان بێ خۆشەویستی پارە بێت، ڕازی بن بەوەی هەتانە، چونکە خودا فەرموویەتی:
[هەرگیز پشتگوێت ناخەم،
هەرگیز وازت لێ ناهێنم.][a]
6 کەواتە بە متمانەوە دەڵێین:
[یەزدان یارمەتیدەری منە، ناترسم.
مرۆڤ چیم لێ دەکات؟][b]
7 ڕابەرەکانتان لەیاد بێت، ئەوانەی باسی وشەی خوداتان بۆ دەکەن، تەماشای سەربوردەیان بکەن و لاسایی باوەڕیان بکەنەوە. 8 عیسای مەسیح وەک خۆیەتی، دوێنێ و ئەمڕۆ و هەتاهەتایە.
9 مەهێڵن فێرکردنی جۆراوجۆر و نامۆ بەڕێوەتان ببات[c]، چونکە باشە دڵ بە نیعمەت بەهێز بکرێت، نەک بە یاساکانی خۆراک کە سوودی نەبوو بۆ ئەوانەی پێی دەژین. 10 ئێمە قوربانگایەکمان هەیە کە ئەوانەی خزمەتی چادری پەرستن دەکەن بۆیان نییە لێی بخۆن.[d]
11 سەرۆک کاهین خوێنی ئاژەڵان وەک قوربانی گوناه دەهێنێتە ناو شوێنی هەرەپیرۆز، بەڵام کەلەشەکانیان لە دەرەوەی ئۆردوگا دەسووتێنرێن[e]. 12 لەبەر ئەوە عیساش لە دەرەوەی دەرگای شار ئازاری چێژت، تاکو بە خوێنی خۆی گەل پیرۆز بکات. 13 کەواتە با بچینە دەرەوەی ئۆردوگا[f] بۆ لای عیسا، ڕیسواییەکەی هەڵبگرین. 14 لەبەر ئەوەی لێرەدا هیچ شارێکمان بۆ نامێنێتەوە، بەڵام داوای ئەو شارە دەکەین کە لە داهاتوودا دێت.
15 لەبەر ئەوە، با بەردەوام لە ڕێگەی مەسیحەوە بە لێوەکانمان ستایشی خودا بکەین، کە قوربانی ئێمەیە بۆ خودا. 16 هەروەها چاکەکاری و یارمەتیدانی خەڵک پشتگوێ مەخەن، چونکە ئەو جۆرە قوربانییانە خودا دڵشاد دەکات.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.