Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
پەیدابوون 12:1-9

بانگکردنی ئەبرام لەلایەن خوداوە

12 یەزدان بە ئەبرامی فەرموو: «خاک و کەسوکار و ماڵی باوکت بەجێبهێڵە و بڕۆ بۆ ئەو خاکەی پیشانت دەدەم.

«جا دەتکەمە نەتەوەیەکی مەزن،
    بەرەکەتدارت دەکەم،
ناوت مەزن دەکەم،
    دەبیتە بەرەکەت.
ئەوانەی داوای بەرەکەتت بۆ دەکەن بەرەکەتداریان دەکەم،
    نەفرەتیش لە نەفرەتکارانت دەکەم.
هەموو نەتەوەکانی سەر زەویش
    لە ڕێگەی تۆوە بەرەکەتدار دەبن.»

ئیتر ئەبرام ڕۆیشت، هەروەک یەزدان پێی فەرموو، ڵوتیش لەگەڵی چوو. ئەبرام لە تەمەنی حەفتا و پێنج ساڵیدا بوو کە حەڕانی بەجێهێشت. ئەبرام سارای ژنی و ڵوتی برازای و هەموو ئەو دەستکەوتانەی دەستیان کەوتبوو، لەگەڵ ئەو کەسانەی لە حەڕان بەدەستیان هێنابوو، لەگەڵ خۆیدا بردنی، ئیتر ڕۆیشتن و چوونە خاکی کەنعان. گەیشتنە خاکی کەنعان.

ئەبرام بە خاکەکەدا تێپەڕی هەتا گەیشتە دار بەڕووەکەی مۆرە لە شەخەم. لەو کاتە کەنعانییەکان لە خاکەکە بوون. یەزدان بۆ ئەبرام دەرکەوت و فەرمووی: «ئەم خاکە دەدەمە نەوەی تۆ.» ئەویش لەوێ قوربانگایەکی بۆ یەزدان دروستکرد کە بۆی دەرکەوتبوو.

لەوێشەوە گواستییەوە بۆ چیاکەی ڕۆژهەڵاتی بێت‌ئێل و چادرەکەی خۆی هەڵدا. بێت‌ئێل کەوتبووە ڕۆژئاوایەوە، عای لە ڕۆژهەڵاتییەوە بوو. لەوێ قوربانگایەکی بۆ یەزدان دروستکرد و بە ناوی یەزدانەوە نزای کرد. پاشان ئەبرام ڕووەو نەقەب[a] بەردەوام بوو لە کۆچکردن.

زەبوورەکان 33:1-12

33 ئەی سەرڕاستان گۆرانی شادی بۆ یەزدان بڵێن،
    ستایشکردن لە دڵڕاستان دەوەشێتەوە.
بە ساز ستایشی یەزدان بکەن،
    بە قیسارەی دە ژێیی مۆسیقای بۆ بژەنن.
سروودێکی نوێی بۆ بڵێن،
    بە کارامەیی مۆسیقا بژەنن، بە هەلهەلەوە.

چونکە فەرمایشتی یەزدان ڕاستە،
    لە هەموو کردارەکانی دڵسۆزە.
یەزدان ڕاستودروستی و دادپەروەری خۆشدەوێت،
    زەوی پڕ بووە لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی.

بە فەرمانی یەزدان ئاسمان دروستکرا،
    بە هەناسەی دەمی هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان.
ئاوی دەریا وەک بەنداو کۆدەکاتەوە و
    زەریاکان دەخاتە ناو ئەمبارەوە.
با هەموو زەوی لە یەزدان بترسێت،
    با هەموو خەڵکی دنیا سام دایانگرێت!
چونکە کە فەرمووی، پەیدا بوو،
    فەرمانی دا، بوو.

10 یەزدان پیلانی نەتەوەکانی پووچ کردەوە،
    تەگبیری گەلانی هەڵوەشاندەوە.
11 بەڵام پلانی یەزدان هەتاهەتایە دەمێنێت،
    تەگبیری دڵی بۆ هەموو نەوەکانە.

12 خۆزگە دەخوازرێ بەو نەتەوەیەی کە یەزدانی خودایانە،
    بەو گەلەی هەڵیبژاردووە بۆ میراتی خۆی.

ڕۆما 4:13-25

13 جا ئەو بەڵێنەی بە ئیبراهیم یان بە نەوەکەی درابوو تاکو ببێتە میراتگری جیهان، بەهۆی شەریعەتەوە نەبوو، بەڵکو بەهۆی ئەو ڕاستودروستییەی کە بە ڕێگای باوەڕەوە[a] بوو، 14 چونکە ئەگەر ئەوانەی کە پشت بە تەورات دەبەستن میراتگر بن، ئەوا باوەڕ بێ سوود دەبێت و بەڵێنی خوداش پووچەڵ، 15 چونکە تەورات تووڕەیی لێ دەکەوێتەوە. ئەگەر تەورات نەبێت، سەرپێچیش نییە.

16 بۆیە بەڵێن لە باوەڕەوەیە، تاکو بەگوێرەی نیعمەت بێت و بۆ هەموو نەوەکانی ئیبراهیم مسۆگەر بێت، نەک تەنها بۆ ئەوانەی کە پشت بە تەورات دەبەستن، بەڵکو بۆ ئەوانەش کە باوەڕی ئیبراهیمیان هەیە. ئەو باوکی هەموومانە، 17 وەکو نووسراوە: [من تۆم کرد بە باوکی چەندین نەتەوە.][b] ئیبراهیم باوکمانە لەبەرچاوی خودا کە باوەڕی پێ هێنا، ئەوەی مردوو زیندوو دەکاتەوە و ئەو شتەی بوونی نییە دەیهێنێتە بوون.

18 هەرچەندە هیواش بڕابوو، بە هیواوە باوەڕی هێنا کە دەبێتە باوکی چەندین نەتەوە، بەگوێرەی ئەوەی گوترابوو: [نەوەکەت بەم شێوەیە دەبێت.][c] 19 باوەڕیشی لاواز نەبوو کە بینی لەشی وا مردووە، چونکە تەمەنی نزیکەی سەد ساڵ بوو، هەروەها سارای ژنیشی لە سکوزا چووبووەوە. 20 بە بێباوەڕی گومانی لە بەڵێنی خودا نەکرد، بەڵکو باوەڕی بەهێز بوو و خودای شکۆدار کرد، 21 دڵنیابوو کە خودا توانای هەیە بەڵێنی خۆی بباتەسەر. 22 لەبەر ئەمە [بە ڕاستودروستی بۆی دانرا.][d] 23 ئەوەی نووسراوە: [بۆی دانرا] تەنها لە پێناوی ئەودا نەبوو، 24 بەڵکو لە پێناوی ئێمەشدا بوو، جا بۆمان بە ڕاستودروستی دادەنرێت، کە باوەڕمان هەیە بەوەی عیسای گەورەمانی لەنێو مردووان هەستاندەوە. 25 ئەوەی لە پێناوی گوناهەکانمان بە گرتن درا و لە پێناوی بێتاوانکردنمان هەستێنرایەوە.

مەتا 9:9-13

عیسا بۆ گوناهباران هاتووە

کاتێک عیسا بەوێدا تێپەڕی، پیاوێکی بینی لە شوێنی باجگری دانیشتبوو، ناوی مەتا بوو. پێی فەرموو: «دوام بکەوە.» ئەویش هەستا و دوای کەوت.

10 لە کاتێکدا عیسا لە ماڵی مەتا لەسەر خوان دانیشتبوو، زۆر باجگر و گوناهبار هاتن و لەگەڵ عیسا و قوتابییەکانی پاڵیان دایەوە. 11 کە فەریسییەکان ئەمەیان بینی، بە قوتابییەکانیان گوت: «بۆچی مامۆستاکەتان لەگەڵ باجگر و گوناهباران نان دەخوات؟»

12 جا کاتێک عیسا گوێی لێبوو، فەرمووی: «لەشساغ پێویستی بە پزیشک نییە، بەڵکو نەخۆش. 13 بڕۆن و واتای ئەمە فێربن: [من میهرەبانیم دەوێ نەک قوربانی.][a] چونکە نەهاتووم ڕاستودروستان بانگهێشت بکەم، بەڵکو گوناهباران.»

مەتا 9:18-26

زیندووکردنەوەی کچێک

18 کاتێک ئەمانەی دەفەرموو، پێشەوایەک[a] هات و کڕنۆشی بۆ برد و گوتی: «هەر ئێستا کچەکەم مرد، بەڵام وەرە دەستی لەسەر دابنێ، زیندوو دەبێتەوە.» 19 عیساش هەستا و لەگەڵی ڕۆیشت، قوتابییەکانیش دوایان کەوتن.

20 هەر لەو کاتەدا ژنێک کە دوازدە ساڵ بوو خوێنبەربوونی هەبوو، لە دواوە لێی نزیک بووەوە و دەستی لە چمکی کراسەکەی دا، 21 چونکە لە دڵی خۆیدا گوتی: «ئەگەر تەنها دەست لە جلەکانیشی بدەم، چاکدەبمەوە.»

22 عیسا ئاوڕی دایەوە، بینی و فەرمووی: «کچم دڵنیابە، باوەڕەکەت تۆی چاککردەوە.» ژنەکە دەستبەجێ چاک بووەوە.

23 کاتێک عیسا چووە ماڵی سەرۆکەکە، شیوەنگێڕان[b] و خەڵکێکی زۆری بینی کە دەنگەدەنگیان دەکرد، 24 فەرمووی: «لاچن، کچەکە نەمردووە، بەڵکو نوستووە.» ئەوانیش پێی پێکەنین. 25 کاتێک خەڵکەکە دەرکران، هاتە ژوورەوە و دەستی گرت، کچەش هەستایەوە. 26 ئەم هەواڵەش بە هەموو ئەو ناوچەیەدا بڵاو بووەوە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.