Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 33:1-12

33 ئەی سەرڕاستان گۆرانی شادی بۆ یەزدان بڵێن،
    ستایشکردن لە دڵڕاستان دەوەشێتەوە.
بە ساز ستایشی یەزدان بکەن،
    بە قیسارەی دە ژێیی مۆسیقای بۆ بژەنن.
سروودێکی نوێی بۆ بڵێن،
    بە کارامەیی مۆسیقا بژەنن، بە هەلهەلەوە.

چونکە فەرمایشتی یەزدان ڕاستە،
    لە هەموو کردارەکانی دڵسۆزە.
یەزدان ڕاستودروستی و دادپەروەری خۆشدەوێت،
    زەوی پڕ بووە لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی.

بە فەرمانی یەزدان ئاسمان دروستکرا،
    بە هەناسەی دەمی هەموو ئەستێرەکانی ئاسمان.
ئاوی دەریا وەک بەنداو کۆدەکاتەوە و
    زەریاکان دەخاتە ناو ئەمبارەوە.
با هەموو زەوی لە یەزدان بترسێت،
    با هەموو خەڵکی دنیا سام دایانگرێت!
چونکە کە فەرمووی، پەیدا بوو،
    فەرمانی دا، بوو.

10 یەزدان پیلانی نەتەوەکانی پووچ کردەوە،
    تەگبیری گەلانی هەڵوەشاندەوە.
11 بەڵام پلانی یەزدان هەتاهەتایە دەمێنێت،
    تەگبیری دڵی بۆ هەموو نەوەکانە.

12 خۆزگە دەخوازرێ بەو نەتەوەیەی کە یەزدانی خودایانە،
    بەو گەلەی هەڵیبژاردووە بۆ میراتی خۆی.

پەیدابوون 15:1-20

پەیمانی خودا لەگەڵ ئەبرام

15 لەدوای ئەم ڕووداوانە، لە بینینێکدا[a] فەرمایشتی یەزدان بۆ ئەبرام هات، فەرمووی:

«مەترسە ئەی ئەبرام،
    من قەڵغانم بۆت،
    پاداشتت زۆر گەورەیە.»

بەڵام ئەبرام گوتی: «ئەی یەزدانی باڵادەست، چیم دەدەیتێ کە من هەروا وەجاخکوێر بم و میراتگری ماڵم ئەلیعەزەری دیمەشقییە؟» هەروەها ئەبرام گوتی: «هیچ وەجاخێکت نەداومەتێ، ئەوەی لە ماڵەکەم لەدایک بووە وا دەبێتە میراتگرم.»[b]

لەو کاتەدا فەرمایشتی یەزدانی بۆ هات، فەرمووی: «ئەمە نابێتە میراتگرت، بەڵکو ئەوەی لە پشتی تۆوە دێت ئەو دەبێتە میراتگرت.» ئینجا بردییە دەرەوە و فەرمووی: «سەیری ئاسمان بکە و ئەستێرەکان بژمێرە، ئەگەر دەتوانیت بیانژمێریت.» هەروەها پێی فەرموو: «نەوەکەت ئاوا دەبێت.»

جا ئەبرام باوەڕی بە یەزدان هێنا، ئەویش ئەمەی بە ڕاستودروستی بۆ دانا.

هەروەها یەزدان پێی فەرموو: «من یەزدانم، ئەوەی لە ئووری کلدانییەکانەوە تۆی هێنایە دەرەوە، هەتا ئەم زەوییەت بە میرات پێ ببەخشێت.»

بەڵام ئەبرام گوتی: «ئەی یەزدانی باڵادەست، چۆن بزانم کە من دەبمە میراتگری؟»

یەزدانیش پێی فەرموو: «گوێرەکەیەکی مێینەی سێ ساڵە[c] و بزنێکی سێ ساڵە و بەرانێکی سێ ساڵە و قومرییەک و کۆترێکم بۆ بهێنە.»

10 ئەمانەی هەموو بۆ هێنا و لە ناوەڕاستەوە لەتی کردن، لەتی هەریەکەشیانی بەرامبەر ئەوی دیکە دانا، بەڵام باڵندەکانی لەت نەکرد. 11 ئینجا سیسارکە کەچەڵەکان بۆ سەر کەلاکەکان هاتنە خوارەوە، بەڵام ئەبرام دووری خستنەوە.

12 کە خۆریش بەرەو ئاوابوون دەچوو، ئەبرام کەوتە خەوێکی قووڵەوە، لەناکاو تاریکییەکی ترسناک و سەختی بەسەرهات. 13 ئینجا یەزدان بە ئەبرامی فەرموو: «بە دڵنیاییەوە بزانە کە نەوەکانت لە خاکێک نامۆ دەبن کە هی خۆیان نییە، دەبنە کۆیلەیان و چوار سەد ساڵ دەیانچەوسێننەوە. 14 بەڵام سزای ئەو نەتەوەیەش دەدەم، کە ئەوان وەک کۆیلە خزمەتیان دەکەن. لەدوای ئەوە بە دەستکەوتێکی زۆرەوە دێنە دەرەوە. 15 بەڵام تۆ بە سەلامەتی دەچیتە لای باوباپیرانت و لە تەمەنێکی باشی پیریدا دەنێژرێیت. 16 لە نەوەی چوارەمیشدا، نەوەکانت دەگەڕێنەوە ئێرە، چونکە هێشتا تاوانی ئەمورییەکان نەگەیشتووەتە ئەندازەی تەواوی خۆی.»

17 ئینجا کاتێک خۆر ئاوابوو و تاریکی داهات، لەناکاو تەنوورێکی پڕ دووکەڵ و مەشخەڵێکی داگیرساو دەرکەوت و لەنێوان پارچەکاندا تێپەڕی. 18 لەو ڕۆژەدا یەزدان پەیمانێکی لەگەڵ ئەبرامدا بەست و پێی فەرموو: «ئەم خاکە دەدەمە نەوەکانی تۆ، لە ڕووباری میسرەوە هەتا ڕووبارە گەورەکە، ڕووباری فورات، 19 خاکی قێنی و قەنیزی، قەدمۆنی، 20 حیتی، پریزی، ڕفائی،

مەتا 9:27-34

چاککردنەوەی دوو کەسی نابینا

27 عیسا بەوێدا دەڕۆیشت، دوو کەسی نابینا دوای کەوتن، هاواریان دەکرد و دەیانگوت: «کوڕی داود، بەزەییت پێماندا بێتەوە.»

28 کاتێک هاتە ماڵەوە، کەسە نابیناکان هاتنە لای. عیساش پێی فەرموون: «باوەڕتان بەوە هەیە کە من بتوانم ئەمە بکەم؟» وەڵامیان دایەوە: «بەڵێ گەورەم.»

29 ئینجا ئەویش دەستی لە چاویان دا و فەرمووی: «با بەگوێرەی باوەڕتان بۆتان ببێت.» 30 ئیتر بیناییان بۆ گەڕایەوە، عیساش بە توندی ئاگاداری کردنەوە: «ئاگاداربن با کەس نەزانێت.» 31 بەڵام ئەوان ڕۆیشتن و هەموو ناوچەکەیان لێی تێگەیاند.

لاڵێک دەکەوێتە قسەکردن

32 کاتێک دوو کابراکە دەچوونە دەرەوە، چەند کەسێک لاڵێکیان هێنایە لای عیسا، ڕۆحی پیسی تێدابوو. 33 کاتێک ڕۆحە پیسەکە دەرکرا، لاڵەکە قسەی کرد. خەڵکەکەش سەرسام بوون، گوتیان: «قەت لە ئیسرائیلدا شتی وا ڕووی نەداوە.»

34 بەڵام فەریسییەکان گوتیان: «بە شای ڕۆحە پیسەکان ڕۆحی پیس دەردەکات.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.