Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 69:1-3

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئاوازی گوڵی سەوسەن، بۆ داود.

69 ئەی خودایە، ڕزگارم بکە،
    چونکە ئاو هەتا لووتم هاتووە.
لە زەلکاوێکی قووڵ نوقوم دەبم،
    جێی پێی تێدا نییە.
چوومەتە ناو قووڵایی ئاو،
    لافاو ڕایماڵیوم.
ماندوو بووم لە هاوارکردن،
    گەرووم ژان دەکات،
چاوەکانم کز بوون
    هێندە چاوەڕوانی خودام بکەن.

زەبوورەکان 69:13-16

13 ئەی یەزدان، من نوێژم بۆ تۆیە،
    لە کاتی ڕەزامەندیت،
ئەی خودایە، بە گەورەیی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت،
    بە ڕزگارییە دڵسۆزانەکەت وەڵامم بدەرەوە.
14 دەربازم بکە لە زەلکاو، با نوقوم نەبم،
    لە دوژمنەکانم و لە قووڵایی ئاو دەرباز دەبم.
15 با لافاو ڕام نەماڵێت،
    قووڵایی ئاو هەڵمنەلووشێت،
    زەوی قووتم نەدات.

16 ئەی یەزدان، بەدەنگمەوە وەرە، چونکە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت چاکە،
    بەگوێرەی زۆری بەزەییەکەت ئاوڕم لێ بدەوە،

زەبوورەکان 69:30-36

30 بە گۆرانی ستایشی ناوی خودا دەکەم،
    بە سوپاسگوزارییەوە گەورەیی ڕادەگەیەنم.
31 ئەمە لەلای یەزدان لە گا چاکترە،
    لە گوێرەکەی بە قۆچ و سم.
32 هەژاران دەبینن و شاد دەبن،
    ئەی ئەوانەی بەدوای خودا دەگەڕێن، با دڵتان ببووژێتەوە!
33 چونکە یەزدان بە دەنگ ستەملێکراوانەوە دەچێت،
    بە سووکییەوە تەماشای دیلەکانی ناکات.

34 با ئاسمان و زەوی ستایشی بکەن،
    دەریاکانیش و هەرچی تێیاندا دەجوڵێت،
35 چونکە خودا سییۆن ڕزگار دەکات و
    شارەکانی یەهودا بنیاد دەنێتەوە،
لەوێ نیشتەجێ دەبن و دەبێتە موڵکیان،
36     دەبێتە میرات بۆ منداڵی خزمەتکارەکانی،
    ئەوانەی ناوی ئەویان خۆشدەوێت تێیدا دەژین.

پەیدابوون 4:1-16

قایین و هابیل

ئادەم لەگەڵ حەوای ژنی جووت بوو، ئەویش سکی پڕ بوو، قایینی[a] بوو. گوتی: «لەلایەن یەزدانەوە پیاوێک بووە بەرهەمم.» پاشان هابیلی برای بوو.

ئیتر هابیل بووە شوانی مێگەل و قایینیش جوتیار بوو. دوای ماوەیەک قایین هەندێک بەروبوومی زەوی پێشکەش بە یەزدان کرد. هەروەها هابیل لە چەوری باشترین نۆبەرەی مێگەلەکەی پێشکەش کرد. جا هابیل و قوربانییەکەی جێی ڕەزامەندی یەزدان بوون. بەڵام قایین و پێشکەشکراوەکەی جێی ڕەزامەندی یەزدان نەبوون. جا قایین زۆر تووڕە بوو و ڕووی خۆی گرژ کرد.

یەزدان بە قایینی فەرموو: «بۆ تووڕە بوویت و ڕووی خۆتت گرژ کردووە؟ ئایا ئەگەر ئەوەی چاکە ئەنجامی بدەیت، قبوڵ ناکرێیت؟ خۆ ئەگەر ئەوەی چاکە ئەنجامی نەدەیت ئەوا گوناه لە بەردەرگا خۆی مات کردووە و ئارەزووت دەکات، بەڵام تۆ دەبێت بەسەریدا زاڵ ببیت.»

جا قایین بە هابیلی برای گوت: «با بچینە کێڵگەکە.» واش ڕوویدا کاتێک هەردووکیان لە کێڵگە بوون، قایین پەلاماری هابیلی برای دا و کوشتی.

یەزدان بە قایینی فەرموو: «کوا هابیلی برات؟»

ئەویش گوتی: «نازانم، خۆ من پاسەوانی براکەم نیم؟»

10 جا یەزدان فەرمووی: «چیت کردووە؟ گوێ بگرە! دەنگی خوێنی براکەت لە زەوییەوە هاوارم بۆ دەکات. 11 ئێستاش تۆ نەفرەت لێکراویت لەو زەوییەی کە دەمی بۆ وەرگرتنی خوێنی براکەت کردەوە لە دەستی تۆ. 12 کاتێک ئیش لە زەوییەکە بکەیت، چیتر بەری خۆیت ناداتێ. لەسەر زەوی دەربەدەر و بێ ئۆقرە دەبیت.»

13 قایین بە یەزدانی گوت: «سزاکەم لەوە گەورەترە کە بتوانم بەرگەی بگرم. 14 ئەمڕۆ لەسەر زەوی دەرتکردم، لەبەر ئامادەبوونی تۆ ون دەبم و دەربەدەر و بێ ئۆقرە دەبم لەسەر زەوی. هەرکەسێکیش تووشم بێت دەمکوژێت.»

15 بەڵام یەزدان پێی فەرموو: «ناکرێت وابێت، هەرکەسێک قایین بکوژێت ئەوا حەوت ئەوەندە تۆڵەی لێ دەستێنرێتەوە.» ئینجا یەزدان نیشانەیەکی بە قایینەوە کرد هەتا هەرکەسێک تووشی بێت نەیکوژێت. 16 ئیتر قایین لەبەردەمی یەزدان چووە دەرەوە و لە خاکی نۆد لە ڕۆژهەڵاتی عەدەن نیشتەجێ بوو.

ڕۆما 2:1-11

حوکمی دادپەروەرانەی خودا

کەواتە ئەی مرۆڤ، هیچ بیانووێکت نییە کە حوکمی کەسێکی دیکە دەدەیت، چونکە بەوەی خەڵکی پێ حوکم دەدەیت، خۆت تاوانبار دەکەیت، لەبەر ئەوەی تۆ کە حوکم دەدەیت، خۆشت هەمان شت دەکەیت. بەڵام دەزانین حوکمی خودا ڕاستە بەسەر ئەوانەی ئەم شتانە دەکەن. کەواتە ئەی ئەو مرۆڤەی ئەوانە حوکم دەدەیت کە ئەم شتانە دەکەن و خۆشت هەمان شت دەکەیت، وا دەزانیت لە حوکمی خودا دەرباز دەبیت؟ یان گاڵتەت بە دەوڵەمەندی نەرمونیانی و ئارامی و پشوودرێژییەکەی دێت؟ نازانیت نەرمونیانی خودا بەرەو تۆبەکردنت دەبات؟

بەڵام تۆ لەبەر کەللەڕەقی و دڵی تۆبە نەکردووت، لە ڕۆژی تووڕەیی و ئاشکراکردنی حوکمی دادپەروەرانەی خودا، تووڕەیی لەسەر خۆت کۆ دەکەیتەوە. خودا [پاداشتی هەر یەکێک بەگوێرەی کردارەکانی دەداتەوە.][a] ژیانی هەتاهەتاییش بۆ ئەوانەیە کە بە دانبەخۆداگرتنەوە لە کاری چاکەدا داوای شکۆ و ڕێز و نەمری دەکەن. بەڵام ڕق و تووڕەیی بۆ ئەوانەیە کە داوای خۆپەرستی دەکەن و ملکەچی ڕاستی نابن، بۆ ناڕەوایی ملکەچ دەبن. ناخۆشی و تەنگانە بۆ هەر مرۆڤێکە کە خراپە دەکات، یەکەم جار بۆ جولەکە ئینجا بۆ ناجولەکە. 10 شکۆ و ڕێز و ئاشتی بۆ هەموو چاکەکارێکە، یەکەم جار بۆ جولەکە ئینجا بۆ ناجولەکە، 11 چونکە خودا لایەنگری ناکات.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.