Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
گۆرانی گەشتیاران، بۆ داود.
131 ئەی یەزدان، نە دڵم بەفیزە و
نە چاوەکانم بە لووتبەرزییەوە دەڕوانن،
خۆم بە شتی لە خۆم گەورەتر و گرنگترەوە خەریک ناکەم.
2 بەڵکو گیانم ئارام و کپ کردووە،
وەک منداڵێکی لەشیربڕاوەیە لە باوەشی دایکی،
گیانم وەک منداڵێکی لەشیربڕاوە وایە.
3 ئەی ئیسرائیل، هیوات بە یەزدان هەبێت،
لە ئێستاوە و بۆ هەتاهەتایە.
گۆرانییەک بۆ ستایش
26 لەو ڕۆژەدا لە خاکی یەهودا ئەم گۆرانییە دەڵێن:
شاری بەهێزمان هەیە،
خودا ڕزگاری دەکاتە
شوورا و سەنگەری.
2 دەروازەکان بکەنەوە
با نەتەوەی ڕاستودروست
پارێزەری باوەڕ بێتە ژوورەوە.
3 تۆ کەسی بیروڕا چەسپاو
بە ئاشتی تەواو دەپارێزیت،
چونکە پشتی بە تۆ بەستووە.
4 هەتاهەتایە پشت بە یەزدان ببەستن،
چونکە یەزدان، هەر یەزدان، تاشەبەردەکەی هەتاهەتاییە.
5 ئەوانەی لە بەرزاییدا نیشتەجێن نزم دەکاتەوە،
شاری بەرزیش نەوی دەکات،
دەیدات بە زەویدا،
تەختی دەکات لەگەڵ خۆڵ.
6 پێی هەژار،
هەنگاوی نەدار،
پێشێلی دەکات.
25 بەڵام بە پێویستم زانی ئەپەفرۆدیتۆس بنێرمە لاتان، کە لەگەڵم برا و هاوکار و هاوسەربازە، نێردراوی ئێوەیە و خزمەتکاری پێویستییەکانمە. 26 ئەو پەرۆشی دیداری هەمووتانە و دڵتەنگ بوو، چونکە نەخۆشی ئەوتان بیستووە. 27 بە ڕاستی نەخۆش بوو، خەریک بوو بمرێت، بەڵام خودا بەزەیی پێدا هاتەوە، نەک تەنها بە ئەودا، بەڵکو بەزەیی بە منیشدا هاتەوە، بۆ ئەوەی خەفەت لەدوای خەفەتم نەبێت. 28 بۆیە خێراتر ناردم، تاکو بە بینینەوەی دڵشاد بن و منیش خەفەتم کەم بێتەوە. 29 کەواتە بەوپەڕی شادییەوە بە ناوی مەسیحی خاوەن شکۆوە پێشوازی لێ بکەن و ڕێز لەوانەی وەک ئەو بگرن، 30 چونکە لە پێناوی کاری مەسیحدا ڕووبەڕووی مەرگ بووەوە و ژیانی خۆی خستە مەترسییەوە، تاکو ئەو خزمەتە بکات کە ئێوە نەتانتوانی بۆ منی بکەن.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.