Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
گۆرانی گەشتیاران، بۆ داود.
131 ئەی یەزدان، نە دڵم بەفیزە و
نە چاوەکانم بە لووتبەرزییەوە دەڕوانن،
خۆم بە شتی لە خۆم گەورەتر و گرنگترەوە خەریک ناکەم.
2 بەڵکو گیانم ئارام و کپ کردووە،
وەک منداڵێکی لەشیربڕاوەیە لە باوەشی دایکی،
گیانم وەک منداڵێکی لەشیربڕاوە وایە.
3 ئەی ئیسرائیل، هیوات بە یەزدان هەبێت،
لە ئێستاوە و بۆ هەتاهەتایە.
22 قێزی یەزدان لە لێوی درۆیە،
بەڵام ئەوانەی بە ڕاستگۆیی کار دەکەن جێی ڕەزامەندی ئەون.
23 مرۆڤی ژیر زانیارییەکەی دەپارێزێت،
دڵی گێلەکانیش گێلایەتی دەردەبڕێت.
24 دەستی ماندوو فەرمانڕەوایەتی دەکات،
بەڵام دەستی تەمبەڵ لەژێر بێگاری دەبێت.
25 نیگەرانی لە دڵی مرۆڤدا دەیچەمێنێتەوە،
بەڵام قسەی خۆش شادمانی دەکات.
26 کەسی ڕاستودروست ڕاوێژی چاک دەداتە هاوڕێکەی،
بەڵام ڕێگای خراپەکاران گومڕایان دەکات.
27 مرۆڤی تەمبەڵ نێچیری خۆی ناگرێت،
بەڵام مرۆڤی ماندوو نرخی سامانەکەی دەدات.
28 لە ڕێچکەی ڕاستودروستی ژیان هەیە،
ڕێگای ڕێڕەوەکانی بەرەو نەمرییە.
تیمۆساوس و ئەپەفرۆدیتۆس
19 هیوادارم بە یارمەتی عیسای خاوەن شکۆ بتوانم زوو تیمۆساوس بنێرم بۆ لاتان، تاکو بە زانینی هەواڵتان منیش دڵخۆش بم، 20 چونکە کەسم نییە وەک ئەو بە دڵسۆزی بایەخ بە کاروبارتان بدات، 21 لەبەر ئەوەی هەموویان بەدوای بەرژەوەندی خۆیاندا دەگەڕێن، نەک هی عیسای مەسیح. 22 بەڵام ئێوە ئاگاداری شارەزایی تیمۆساوسن، چونکە هەروەک چۆن منداڵ لەگەڵ باوکیدا خزمەت دەکات، ئەویش بە هەمان شێوە لەگەڵ من خزمەتی لە مزگێنیدان کردووە. 23 بۆیە هیوادارم هەرکە بۆم ڕوون بووەوە کاروبارم چۆن بەڕێوە دەچێت، یەکسەر ئەو بنێرم. 24 متمانەم بە مەسیحە کە خۆشم بەم زووانە دێم.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.