Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
زەبوورێکی داود «لە جەژنی کەپرەشینە».
29 ستایشی شکۆ و هێزی یەزدان بکەن،
ستایشی یەزدان بکەن، ئەی فریشتەکانی ئاسمان.
2 ستایشی ناوی شکۆداری یەزدان بکەن،
کڕنۆش بۆ یەزدان ببەن چونکە شکۆدار و پیرۆزە.
3 دەنگی یەزدان لەسەر ئاوەکان دەنگ دەداتەوە،
خودای شکۆمەندی تریشقە دەدات،
یەزدان لەسەر ئاوە زۆرەکان تریشقە دەدات.
4 دەنگی یەزدان بە هێزە،
دەنگی یەزدان بە شکۆیە.
5 دەنگی یەزدان داری ئورز دەشکێنێت،
یەزدان ئورزەکانی لوبنان دەشکێنێت،
6 وا دەکات لوبنان[a] وەک گوێرەکە ڕابکات و
حەرمۆنیش[b] وەک جوانەگای کێوی.
7 دەنگی یەزدان چەخماخە دەدات
بە بروسکە و تریسکەوە.
8 دەنگی یەزدان بیابان دەلەرزێنێت
یەزدان بیابانی قادێش[c] دەلەرزێنێت.
9 دەنگی یەزدان دار بەڕوو لوول دەدات و
دارستانەکان ڕووت دەکاتەوە.
لەناو پەرستگاکەیدا هەموو هاوار دەکەن: «شکۆمەندی!»
10 یەزدان بە تەختی پاشاییەوە، لەسەر تۆفان دادەنیشێت،
یەزدان هەتاهەتایە وەک پاشا لەسەر تەخت دادەنیشێت.
11 یەزدان هێز بە گەلەکەی دەبەخشێت،
یەزدان بەرەکەتی ئاشتی دەداتە گەلەکەی.
26 «ئایا لە تێگەیشتنی تۆدایە هەڵۆ بفڕێت و
ڕووەو باشوور باڵەکانی بکاتەوە؟
27 یان بە فەرمانی تۆیە هەڵۆ بەرز بفڕێت و
هێلانەکەی لە بەرزی دابنێت؟
28 لەسەر لووتکەی چیا نیشتەجێ دەبێت و بە شەو دەمێنێتەوە،
هەڵدێری بەردەڵان قەڵاکەیەتی.
29 لەوێوە نێچیری خۆی دەدۆزێتەوە و
چاوەکانی لە دوورەوە دەبینن.
30 بەچکەکانی خوێن هەڵدەمژن،
لە هەرکوێ کوژراوی لێ بێت، ئەو لەوێیە.»
40 یەزدان بە ئەیوبی فەرموو:
2 «ئایا ئەوەی ڕکابەری لەگەڵ توانادارەکە دەکات مافی ئەوەی هەیە سەرزەنشتی بکات؟
ئەوەی خودا تاوانبار دەکات با وەڵام بداتەوە!»
3 ئەیوبیش وەڵامی یەزدانی دایەوە:
4 «من وا سووکوچروکم، چۆن وەڵامت بدەمەوە؟
من دەست دەخەمە سەر دەمی خۆم.
5 جارێک قسەم کرد و بێ وەڵام بووم،
دوو جار و ئیتر دووبارەی ناکەمەوە.»
25 «ئەمانەم پێ گوتن کە هێشتا لەلاتانم. 26 بەڵام یارمەتیدەرەکە، ڕۆحی پیرۆز، ئەوەی باوک بە ناوی منەوە دەینێرێت، ئەو هەموو شتێکتان فێردەکات و هەموو ئەو شتانەی پێم گوتوون بیرتان دەخاتەوە[a].
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.