Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 29

زەبوورێکی داود «لە جەژنی کەپرەشینە».

29 ستایشی شکۆ و هێزی یەزدان بکەن،
    ستایشی یەزدان بکەن، ئەی فریشتەکانی ئاسمان.
ستایشی ناوی شکۆداری یەزدان بکەن،
    کڕنۆش بۆ یەزدان ببەن چونکە شکۆدار و پیرۆزە.

دەنگی یەزدان لەسەر ئاوەکان دەنگ دەداتەوە،
    خودای شکۆمەندی تریشقە دەدات،
    یەزدان لەسەر ئاوە زۆرەکان تریشقە دەدات.
دەنگی یەزدان بە هێزە،
    دەنگی یەزدان بە شکۆیە.
دەنگی یەزدان داری ئورز دەشکێنێت،
    یەزدان ئورزەکانی لوبنان دەشکێنێت،
وا دەکات لوبنان[a] وەک گوێرەکە ڕابکات و
    حەرمۆنیش[b] وەک جوانەگای کێوی.
دەنگی یەزدان چەخماخە دەدات
    بە بروسکە و تریسکەوە.
دەنگی یەزدان بیابان دەلەرزێنێت
    یەزدان بیابانی قادێش[c] دەلەرزێنێت.
دەنگی یەزدان دار بەڕوو لوول دەدات و
    دارستانەکان ڕووت دەکاتەوە.
لەناو پەرستگاکەیدا هەموو هاوار دەکەن: «شکۆمەندی!»

10 یەزدان بە تەختی پاشاییەوە، لەسەر تۆفان دادەنیشێت،
    یەزدان هەتاهەتایە وەک پاشا لەسەر تەخت دادەنیشێت.
11 یەزدان هێز بە گەلەکەی دەبەخشێت،
    یەزدان بەرەکەتی ئاشتی دەداتە گەلەکەی.

ئەیوب 39:13-25

13 «بە خۆشییەوە وشترمرغ باڵەفڕکێ دەکات،
    ئایا پەڕوباڵەکەی وەک لەقلەق پیرۆزە؟
14 چونکە وشترمرغ هێلکەکەی لەسەر زەوی بەجێدەهێڵێت و
    خۆڵ گەرمیان دادەهێنێت،
15 لەبیری دەچێت کە پێ دەیپەستێتەوە و
    ئاژەڵی کێوی تێی هەڵدەدەن.
16 لەگەڵ بەچکەکانی دڵڕەقە وەک ئەوەی بەچکەی ئەو نەبن؛
    گوێی ناداتێ کە ماندووبوونەکەی بێهوودە دەڕوات،
17 چونکە خودا دانایی لەبیر بردووەتەوە،
    لە تێگەیشتن بەشی نەداوە.
18 کاتێک پەڕەکانی فش دەکاتەوە بۆ ڕاکردن،
    بە ئەسپ و بە سوارەکەی پێدەکەنێت.

19 «ئایا تۆ هێز بە ئەسپ دەدەیت
    یان ملی بە یاڵ[a] دادەپۆشیت؟
20 ئایا وای لێ دەکەیت کە وەک کوللە قەڵەمباز بدات و
    دەنگی حیلەکەی تۆقێنەر بێت؟
21 بە توندی سم بە زەویدا بکوتێت، بە هێزەوە دەربپەڕێت،
    بەرەو مەیدانی جەنگ مل بنێت.
22 بە ترس پێبکەنێت و نەتۆقێت؛
    لە ڕووی شمشێر نەگەڕێتەوە.
23 تیردان شەقەشەقی بێت و
    خەنجەر و نووکی ڕم ببریسکێنەوە.
24 بەوپەڕی جۆشوخرۆشەوە غار دەدات،
    هەتا کاتی لێدانی کەڕەنا خۆی پێ ڕاناگیرێت.
25 لە کاتی فووکردن بە کەڕەنادا دەڵێت: ”ئەها!“
    لە دوورەوە بۆنی شەڕ دەکات،
    هاواری سەرکردەکان و نەعرەتەی جەنگ.

یەکەم کۆرنسۆس 12:4-13

جۆرەها بەهرە هەیە، بەڵام هەمان ڕۆحە، جۆرەها خزمەت هەیە، بەڵام هەمان پەروەردگارە، جۆرەها کار هەیە، بەڵام هەمان خودایە، ئەوەی هەموو کارێک لە هەموواندا دەکات.

بەڵام دەرکەوتنی بەهرەی ڕۆحی پیرۆز بۆ هەر یەکێک لە پێناوی سوودمەندی گشتییە دەدرێت. جا یەکێک لە ڕێگەی ڕۆحەکەوە قسەی دانایی پێدەدرێت، بۆ یەکێکی دیکەش قسەی زانین بەگوێرەی هەمان ڕۆح. بۆ یەکێکی دیکەش باوەڕ بە هەمان ڕۆح، بۆ یەکێکی دیکە بەهرەی چاککردنەوە بە هەمان ڕۆح، 10 یەکێکی دیکەش کاری پەرجوو، بۆ ئەوی دیکە ڕاگەیاندنی پەیامی خودا، بۆ ئەوی دیکە جیاکردنەوەی ڕۆحەکان، بۆ ئەوی دیکە جۆرەها زمان[a]، بۆ یەکێکی دیکەش لێکدانەوەی زمانەکان. 11 ئەمانە هەمووی کاری یەک ڕۆح و هەمان ڕۆحە، بۆ هەر یەکێک بە تایبەت دابەشی دەکات، چۆن بیەوێت.

یەک لەش و ئەندامی زۆر

12 هەروەک چۆن لەش یەکە و ئەندامی زۆری هەیە، هەموو ئەندامانی لەش لەگەڵ زۆرییان یەک لەشن، مەسیحیش بەم شێوەیەیە، 13 چونکە هەموومان بە یەک ڕۆح بۆ یەک جەستە لە ئاو هەڵکێشراین، جولەکە یان ناجولەکە، کۆیلە یان ئازاد، هەموومان یەک ڕۆحمان پێدرا تاکو بیخۆینەوە.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.