Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
زەبوورێکی داود «لە جەژنی کەپرەشینە».
29 ستایشی شکۆ و هێزی یەزدان بکەن،
ستایشی یەزدان بکەن، ئەی فریشتەکانی ئاسمان.
2 ستایشی ناوی شکۆداری یەزدان بکەن،
کڕنۆش بۆ یەزدان ببەن چونکە شکۆدار و پیرۆزە.
3 دەنگی یەزدان لەسەر ئاوەکان دەنگ دەداتەوە،
خودای شکۆمەندی تریشقە دەدات،
یەزدان لەسەر ئاوە زۆرەکان تریشقە دەدات.
4 دەنگی یەزدان بە هێزە،
دەنگی یەزدان بە شکۆیە.
5 دەنگی یەزدان داری ئورز دەشکێنێت،
یەزدان ئورزەکانی لوبنان دەشکێنێت،
6 وا دەکات لوبنان[a] وەک گوێرەکە ڕابکات و
حەرمۆنیش[b] وەک جوانەگای کێوی.
7 دەنگی یەزدان چەخماخە دەدات
بە بروسکە و تریسکەوە.
8 دەنگی یەزدان بیابان دەلەرزێنێت
یەزدان بیابانی قادێش[c] دەلەرزێنێت.
9 دەنگی یەزدان دار بەڕوو لوول دەدات و
دارستانەکان ڕووت دەکاتەوە.
لەناو پەرستگاکەیدا هەموو هاوار دەکەن: «شکۆمەندی!»
10 یەزدان بە تەختی پاشاییەوە، لەسەر تۆفان دادەنیشێت،
یەزدان هەتاهەتایە وەک پاشا لەسەر تەخت دادەنیشێت.
11 یەزدان هێز بە گەلەکەی دەبەخشێت،
یەزدان بەرەکەتی ئاشتی دەداتە گەلەکەی.
39 «ئایا تۆ نێچیر بۆ شێرە مێ ڕاو دەکەیت
یان هەڵپەی بەچکە شێرەکان ئارام دەکەیتەوە،
40 کاتێک لەناو بێشەکەیان خۆیان دەکێشنەوە و
خۆیان مەڵاس دەدەن بۆ بۆسە؟
41 کێ ڕاو بۆ قەلەڕەش ئامادە دەکات
کە بەچکەکانی دەقیڕێنن بۆ خودا و
لەبەر نەبوونی خواردن پەرتەوازە بوون؟
39 «ئایا دەزانیت کەی بزنە کێوییەکان دەزێن؟
یان تێبینیت کردووە ئەو کاتەی کە ئاسک ژان دەیگرێت؟
2 ئایا مانگەکانی ئاوسبوونی دەژمێریت
یان کاتی زاوزێکردنیان دەزانیت؟
3 چۆک دادەدەن و پاڵ بە ئازارەکانیانەوە دەنێن و
بەچکەکانیان دەبێت.
4 بەچکەکانیان لە چۆڵەوانی بەهێز و گەورە دەبن؛
دەڕۆن و ئیتر ناگەڕێنەوە لایان.
5 «کێ کەرەکێوی بەڕەڵا کرد و
مێخ زنجیری ئەو کێوییەی کردەوە؟
6 ئەوەی چۆڵەوانیم کرد بە ماڵی و
خوێڵێنم[a] کردە ژینگەی.
7 بە دەنگەدەنگی شار پێدەکەنێت،
گوێی لە هاواری لێخوڕ نابێت.
8 لە چیاکاندا بەدوای لەوەڕگادا دەگەڕێت،
بۆ دۆزینەوەی هەموو سەوزاییەک.
9 «ئایا گای کێوی ڕازی دەبێت خزمەتت بکات
یان بە شەو لەلای ئاخوڕەکەت بمێنێتەوە؟
10 ئایا دەتوانیت گای کێوی بە گاسنەوە ببەستیتەوە و جووتی پێ بکەیت؟
ئایا بەدواتدا دێت دۆڵەکان خەرتە بکات؟
11 ئایا پشتی پێ دەبەستیت چونکە هێزەکەی مەزنە
یان کارەکەی خۆتی بۆ بەجێدەهێڵیت؟
12 ئایا متمانەی پێ دەکەیت کە دەغڵودانەکەت بهێنێت و
بۆ سەر جۆخینەکەت[b] کۆی بکاتەوە؟
بەهرەکانی ڕۆحی پیرۆز
12 خوشکان، برایان، نامەوێت بێ ئاگا بن لەبارەی بەهرەکانی ڕۆحی پیرۆزەوە. 2 دەزانن کاتێک بتپەرست بوون، بەرەو بتە لاڵەکان ڕابەرایەتی و گومڕا کران. 3 بۆیە بزانن کە کەس نییە بە ڕۆحی خودا بدوێت و بڵێت: «نەفرەت لە عیسا،» کەسیش ناتوانێت بڵێت: «عیسا پەروەردگارە،» بە ڕۆحی پیرۆز نەبێت.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.