Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
24 ئەی یەزدان، کردەوەکانت چەندە زۆرن!
هەموویت بە دانایی دروستکردووە،
زەوی پڕە لە دەستکردی تۆ.
25 ئەم دەریا گەورە و فراوانە،
کە بێشومار گیانداری گەورە و بچووکی تێدا جمەی دێت.
26 لەوێ کەشتییەکان دەڕۆن،
لیڤیاتان[a]، ئەمەی خۆت بەدیت هێناوە بۆ ئەوەی یاری تێدا بکات.
27 ئەمانە هەمووی چاویان لە تۆیە،
بۆ ئەوەی لە کاتی خۆی خواردنیان بدەیتێ،
28 پێیان دەدەیت و دەیقۆزنەوە،
دەستت دەکەیتەوە تێر چاکە دەبن.
29 ڕوو وەردەگێڕیت، دەتۆقن،
هەناسەیان لێ دەبڕیت، دەمرن،
دەگەڕێنەوە بۆ خۆڵی خۆیان.
30 کاتێک ڕۆحی خۆت دەنێریت،
ئەوان بەدیهێنراون،
ڕووی زەوی نوێ دەکەیتەوە.
31 با شکۆی یەزدان هەتاهەتایە بەردەوام بێت،
با یەزدان بە کارەکانی خۆی دڵخۆش بێت.
32 ئەوەی سەیری زەوی دەکات، لەرز دەیگرێت،
دەست دەداتە چیاکان، دووکەڵ دەکەن.
33 بە درێژایی ژیانم گۆرانی بۆ یەزدان دەڵێم،
تاکو ماوم سروود بۆ خودای خۆم دەڵێم.
34 با بیرکردنەوەم شیرین بێت لەلای،
منیش بە یەزدان دڵخۆش دەبم.
35 بەڵام با گوناهباران لەسەر زەوی دواییان ببڕێتەوە،
با بەدکاران ئیتر نەمێنن.
ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە.
هەلیلویا![a]
24 موساش چووە دەرەوە و بە فەرموودەی یەزدان لەگەڵ گەلدا دوا. حەفتا پیاوی لە پیرانی گەل کۆکردەوە، لە دەوروبەری چادرەکە ڕایگرتن. 25 یەزدانیش لە هەوردا هاتە خوارەوە و لەگەڵیدا دوا و لەو ڕۆحە پیرۆزەی کە لەسەری بوو بردی و خستییە سەر حەفتا ڕیش سپییەکە. کاتێک ڕۆحەکە هاتە سەریان ئیتر پەیامی خودایان ڕاگەیاند، بەڵام یەک جار و زیاتر نا.
26 دوو پیاویش لە ئۆردوگاکە مانەوە، ناوی یەکێکیان ئەلداد و ناوی ئەوەی دیکە میداد بوو، ڕۆحی خودا لەسەریان نیشتەوە، ئەوانیش لە ڕیش سپییەکان بوون، بەڵام نەچووبوونە لای چادرەکە، جا لە ئۆردوگاکە پەیامی خودایان ڕاگەیاند، 27 لاوێکیش ڕایکرد و هەواڵی دایە موسا و گوتی: «ئەلداد و میداد لە ئۆردوگاکە پەیامی خودا ڕادەگەیەنن!»
28 یەشوعی کوڕی نونیش کە لە گەنجیێتیەوە خزمەتکاری موسا بوو وەڵامی دایەوە و گوتی: «موسای گەورەم ڕێیان لێ بگرە!»
29 موساش پێی گوت: «ئایا لە جیاتی من ئیرەیی دەبەیت؟ خۆزگە هەموو گەلی یەزدان پێغەمبەر بوونایە، کە یەزدان ڕۆحی خۆی دەخستە سەریان!» 30 ئینجا موسا و پیرانی ئیسرائیل گەڕانەوە بۆ ئۆردوگاکە.
ڕووباری زیندوو
37 لە دوایین ڕۆژی گەورەی جەژندا، عیسا ڕاوەستا و هاواری کرد: «ئەگەر یەکێک تینووی بوو با بێتە لام و بخواتەوە. 38 ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، وەک نووسراوە پیرۆزەکە فەرموویەتی، لە ناخییەوە[a] ڕووبارەکانی ئاوی زیندوو دەڕوات.» 39 لێرەدا مەبەستی لە ڕۆحی پیرۆز بوو، کە ئەوانەی باوەڕی پێدەهێنن دواتر وەریدەگرن، بەڵام هێشتا ڕۆحی پیرۆز نەدرابوو، چونکە عیسا شکۆدار نەببوو.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.