Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 104:24-34

24 ئەی یەزدان، کردەوەکانت چەندە زۆرن!
    هەموویت بە دانایی دروستکردووە،
    زەوی پڕە لە دەستکردی تۆ.
25 ئەم دەریا گەورە و فراوانە،
    کە بێشومار گیانداری گەورە و بچووکی تێدا جمەی دێت.
26 لەوێ کەشتییەکان دەڕۆن،
    لیڤیاتان[a]، ئەمەی خۆت بەدیت هێناوە بۆ ئەوەی یاری تێدا بکات.

27 ئەمانە هەمووی چاویان لە تۆیە،
    بۆ ئەوەی لە کاتی خۆی خواردنیان بدەیتێ،
28 پێیان دەدەیت و دەیقۆزنەوە،
    دەستت دەکەیتەوە تێر چاکە دەبن.
29 ڕوو وەردەگێڕیت، دەتۆقن،
    هەناسەیان لێ دەبڕیت، دەمرن،
    دەگەڕێنەوە بۆ خۆڵی خۆیان.
30 کاتێک ڕۆحی خۆت دەنێریت،
    ئەوان بەدیهێنراون،
    ڕووی زەوی نوێ دەکەیتەوە.

31 با شکۆی یەزدان هەتاهەتایە بەردەوام بێت،
    با یەزدان بە کارەکانی خۆی دڵخۆش بێت.
32 ئەوەی سەیری زەوی دەکات، لەرز دەیگرێت،
    دەست دەداتە چیاکان، دووکەڵ دەکەن.

33 بە درێژایی ژیانم گۆرانی بۆ یەزدان دەڵێم،
    تاکو ماوم سروود بۆ خودای خۆم دەڵێم.
34 با بیرکردنەوەم شیرین بێت لەلای،
    منیش بە یەزدان دڵخۆش دەبم.

زەبوورەکان 104:35

35 بەڵام با گوناهباران لەسەر زەوی دواییان ببڕێتەوە،
    با بەدکاران ئیتر نەمێنن.

ئەی گیانی من، ستایشی یەزدان بکە.

هەلیلویا![a]

یۆئێل 2:18-29

وەڵامی یەزدان

18 ئینجا یەزدان خۆشەویستی بۆ خاکەکەی دەردەبڕێت و
    بەزەیی بە گەلەکەیدا دێتەوە.

19 یەزدان وەڵام دەداتەوە و بە گەلەکەی دەفەرموێت:

«دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتتان بۆ دەنێرم،
هەتا ئەوەی لێی تێردەبن،
    ئیتر ناتانکەمە جێگای تانە و تەشەری نەتەوەکان.

20 «ئەو سوپایەش کە لە باکوورەوە هاتووە لێتان دوور دەخەمەوە،
    دەریدەکەم بۆ زەوییەکی وشک و وێران،
ڕووی لە دەریای ڕۆژهەڵاتە[a] و
    پشتیشی لە دەریای ڕۆژئاوایە[b]،
بۆگەنییەکەی سەرکەوت و
    بۆنە پیسەکەی بڵاو دەبێتەوە.»

بێگومان کاری مەزنی ئەنجام داوە.
21     ئەی زەوی مەترسە!
    شاد و دڵخۆش بە،
چونکە یەزدان کاری مەزنی ئەنجام داوە.
22     ئەی ئاژەڵە کێوییەکان مەترسن،
    چونکە لەوەڕگاکانی دەشتودەر سەوز دەبن،
درەختەکان بەر دەگرن،
    دار هەنجیر و دار مێو بەرێکی زۆر دەردەخەن.
23 ئەی نەوەی سییۆن،
    شاد و دڵخۆش بن بە یەزدانی پەروەردگارتان،
چونکە بۆ دەرکەوتنی ڕاستودروستی پاییزە بارانی پێدان.
    پاییزە باران و بەهارە باران
    هەروەک پێشتر بەسەرتاندا دەبارێنێت.
24 ئیتر جۆخینەکان[c] پڕ دەبن لە دانەوێڵە و
    قەڕابەکان سەرڕێژ دەبن لە شەراب و زەیت.

25 «قەرەبووی ئەو ساڵانەتان دەکەمەوە کە کوللەی گەورە خواردیان،
    پێکوڕە و وردە کوللە و
    کوللەی قرتێنەر،
لەشکرە گەورەکەم کە ناردمە سەرتان.
26 ئینجا زۆر دەخۆن و تێر دەبن،
    ستایشی ناوی یەزدانی پەروەردگاری خۆتان دەکەن،
ئەوەی کاری سەرسوڕهێنەری لەگەڵدا کردن،
    بۆ هەتاهەتایە گەلەکەم سەرشۆڕ نابێت.
27 ئیتر دەزانن کە من لەناوەڕاستی ئیسرائیلم،
    کە من یەزدانی پەروەردگارتانم و
    بێجگە لە من یەکێکی دیکە نییە.
بۆ هەتاهەتایە گەلەکەم سەرشۆڕ نابێت.

ڕۆژی یەزدان

28 «پاش ئەمانە،
    ڕۆحم بەسەر هەموو خەڵکدا دەڕێژم.
کوڕان و کچانتان پەیامی خودا ڕادەگەیەنن،
    پیرانتان خەون دەبینن،
    گەنجانتان بینینیان بۆ ئاشکرا دەکرێت.
29 تەنانەت بەسەر بەندە و کەنیزەکانیشم،
    لەو ڕۆژانەدا ڕۆحی خۆم دەبارێنم.

ڕۆما 8:18-24

ئازارەکانی ئێستا و شکۆی داهاتوو

18 پێم وایە ئازارەکانی ئێستا لەگەڵ شکۆی داهاتوو کە تیاماندا ئاشکرا دەکرێت بەراورد ناکرێت، 19 چونکە بەدیهێنراو بە پەرۆشەوە چاوەڕێ دەکات ڕۆڵەکانی خودا ئاشکرا بکرێن. 20 بەدیهێنراو ملکەچی بێنرخبوون بوو، نەک بە ویستی خۆی، بەڵکو بە ویستی ئەوەی کە ملکەچی کرد[a]، بە هیوای ئەوەی 21 کە خودی بەدیهێنراو لە کۆیلایەتی گەندەڵی ئازاد بکرێت تاکو هاوبەش بێت لە سەربەستی شکۆمەندی منداڵانی خودا.

22 دەزانین هەموو بەدیهێنراوان هەتا ئێستا بەیەکەوە دەناڵێنن و ژانیان گرتووە. 23 تەنها ئەمە نا، بەڵکو ئێمە کە یەکەمین بەرهەمی ڕۆحی پیرۆزمان وەرگرت، لە ناخماندا دەناڵێنین و بە پەرۆشەوە چاوەڕێی لەخۆگرتنەوەین، واتە ڕزگاریی جەستەمان، 24 چونکە بە هیواوە ڕزگارمان بوو. بەڵام هیوای بینراو هیوا نییە. ئەوەی دەیبینی هیوای چی پێ دەخوازیت؟

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.