Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
6 ئەوانەی پێکەوە کۆببوونەوە لێیان پرسی: «ئەی خاوەن شکۆ، لەم کاتەدا پاشایەتی بۆ ئیسرائیل دەگەڕێنیتەوە؟»
7 وەڵامی دانەوە: «بۆتان نییە ئەو کات و سەردەمانە بزانن کە باوک بە دەسەڵاتی خۆی دایناون. 8 بەڵام کاتێک ڕۆحی پیرۆزتان دێتە سەر، هێز وەردەگرن و بۆ من دەبنە شایەت، لە ئۆرشەلیم و هەموو یەهودیا و سامیرە، تاکو ئەوپەڕی زەوی.»
9 ئەمەی فەرموو و ئەوانیش تەماشایان دەکرد، بەرزکرایەوە، هەورێک لەبەرچاویان شاردییەوە.
10 کاتێک ئەو دەڕۆیشت، ئەوان سەرنجیان لە ئاسماندا بوو، ئەوە بوو دوو پیاو بە جلی سپییەوە لەلایانەوە ڕاوەستاون. 11 پێیان گوتن: «جەلیلییەکان، بۆچی ڕاوەستاون سەیری ئاسمان دەکەن؟ ئەم عیسایە، کە لەنێوتاندا بۆ ئاسمان بەرزکرایەوە، چۆن بینیتان دەچووە ئاسمان، ئاواش دێتەوە.»
هەڵبژاردنی یەکێک لە جێی یەهوزا
12 ئینجا لەو کێوەی پێی دەگوترا زەیتوون گەڕانەوە ئۆرشەلیم کە بەقەد ڕۆیشتنێکی شەممە لە ئۆرشەلیم نزیک بوو.[a] 13 کاتێک چوونە ژوورەوە، چوونە ژوورەکەی سەرەوە کە تێیدا دەمانەوە، پەترۆس و یۆحەنا و یاقوب، ئەندراوس و فیلیپۆس و تۆماس، بەرتۆلماوس و مەتا و یاقوبی کوڕی حەلفا، شیمۆنی دڵگەرم [b] و یەهوزای برای یاقوب. 14 هەموو بە یەک دڵ بەردەوام بوون لەسەر نوێژکردن، لەگەڵ ژنەکان و مریەمی دایکی عیسا و براکانی.
بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بۆ داود، زەبوورێک، گۆرانییەک.
68 با خودا هەستێت، با دوژمنانی پەرشوبڵاو ببنەوە!
با ناحەزانی لە ڕووی هەڵبێن!
2 وەک بەباکردنی دووکەڵ بەبایان بکەیت،
وەک توانەوەی مۆم لەبەردەم ئاگر،
با بەدکارانیش لەبەردەم خودا لەناوبچن.
3 بەڵام با ڕاستودروستان لەبەردەم خودا شاد و دڵخۆش بن،
لە خۆشییان شاگەشکە بن.
4 گۆرانی بۆ خودا بڵێن، مۆسیقا بۆ ناوی بژەنن،
ئەوەی سواری گالیسکەیە بەسەر هەورەکان بەرزی بکەنەوە،
ناوی یەزدانە،
لەبەردەمی دڵشاد بن.
5 باوکی هەتیوان و پارێزەری بێوەژنان،
خودایە لە چادری پەرستنی پیرۆزی خۆی.
6 خودا ماڵ بۆ لانەوازان دابین دەکات،
بەندکراوەکان ئازاد دەکات،
بەڵام یاخییەکان لە خاکێکی سووتاو نیشتەجێ دەبن.
7 ئەی خودایە، کاتێک تۆ پێشڕەویی گەلەکەتت کرد،
کاتێک بە چۆڵەوانیدا ڕۆیشتیت، [a]
8 زەوی لەرزی و ئاسمان دڵۆپەی کرد
لەبەردەم خودا، خودای سینا،
لەبەردەم خودا، خودای ئیسرائیل.
9 ئەی خودایە، بارانێکی چاکت باراند،
میراتەکەت ماندوو بوو، تۆ بەهێزت کرد.
10 کۆمەڵەکەت تێیدا نیشتەجێ دەبن،
خودایە، بە چاکەی خۆت، بۆ هەژارانت دابین کرد.
32 ئەی شانشینەکانی زەوی، گۆرانی بۆ خودا بڵێن،
مۆسیقا بۆ پەروەردگار بژەنن،
33 بۆ سواری ئاسمان، ئاسمانی دێرین،
ئەوەتا دەنگی بەرز دەکاتەوە، بە دەنگێکی بەهێزەوە.
34 با هێزی خودا ڕابگەیەنرێت،
ئەوەی شکۆمەندییەکەی بەسەر ئیسرائیلەوەیە،
ئەوەی هێزی لەناو هەورەکانە.
35 خودایە، لە پیرۆزگاکەت سامدارتریت،
خودای ئیسرائیل هێز و توانا دەدات بە گەلەکەی.
ستایش بۆ خودا!
وەک قوتابی مەسیح ئازار بدرێن
12 خۆشەویستان، لەلاتان سەیر نەبێ لە تاقیکردنەوەتان بەڵای سووتێنەر تووشتان دێت، وەک بڵێی شتێکی سەیرتان بەسەرهاتووە، 13 بەڵکو دڵخۆش بن وەکو بەشداریتان لە ئازارەکانی مەسیحدا کرد، تاکو لە ئاشکراکردنی شکۆیەکەی دڵخۆش و شادمان بن. 14 ئەگەر بە ناوی مەسیح جنێوتان پێدرا، خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە، چونکە ڕۆحی شکۆ و خودا دێتە سەرتان.
6 بۆیە لەژێر دەستی بەهێزی خودا بێفیز بن، تاکو لە کاتی خۆیدا بەرزتان بکاتەوە. 7 هەموو خەمێکتان بە خودا بسپێرن، چونکە ئەو بایەختان پێدەدات.
8 چاوکراوە بن و ئێشک بگرن، شەیتانی دوژمنتان وەک شێرێکی بە نەڕەنەڕ دەسووڕێتەوە، بەدوای یەکێکدا دەگەڕێ بۆ ئەوەی بیخوات. 9 بەربەرەکانێی بکەن، چەسپاو بن لە باوەڕ، بزانن خوشک و براکانیشتان لە جیهاندا هەمان ئازار دەچێژن.
10 خودای هەموو نیعمەتێک، ئەوەی بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا بانگی کردوون بۆ شکۆیە هەتاهەتاییەکەی، کە تۆزێک ئازارتان چێژت، خۆی تەواوکارتانە و دەتانچەسپێنێت و بەهێزتان دەکات و بناغەتان دادەنێت. 11 هەتاهەتایە دەسەڵات بۆ ئەوە. ئامین.
نوێژی عیسا بۆ باوەڕداران
17 کە عیسا ئەمانەی فەرموو، چاوی بەرەو ئاسمان هەڵبڕی و فەرمووی:
«باوکە، کاتەکە هاتووە. کوڕەکەت شکۆدار بکە، تاکو کوڕەکەشت شکۆدارت بکات. 2 هەروەک دەسەڵاتت پێداوە بەسەر هەموو خەڵکدا، تاکو ژیانی هەتاهەتایی بە هەموو ئەوانە بدات کە پێت داون. 3 ژیانی هەتاهەتاییش ئەوەیە کە تۆ بناسن، تەنها خودای ڕاستەقینە و عیسای مەسیح، ئەوەی کە ناردووتە. 4 من لەسەر زەوی شکۆدارم کردیت بە تەواوکردنی ئەو کارەی پێت دابووم. 5 ئێستاش باوکە لەلای خۆت شکۆدارم بکە، بەو شکۆیەی پێش بوونی جیهان لەلای تۆ هەمبوو.
6 «ناوی تۆم بەوانە ناساند کە لە جیهاندا بە منت دان، هی تۆ بوون، خۆت بە منت دان و کاریان بۆ وتەکانت کرد. 7 ئێستاش ئەوان دەزانن هەرچییەکت پێم داوە لە خۆتەوەیە. 8 ئەو وشانەم پێدان کە تۆ پێت دابووم، ئەوانیش وەریانگرت و بە ڕاستی زانییان لە تۆوە هاتووم، باوەڕیان هێنا کە تۆ منت ناردووە. 9 بۆ ئەوان داوا دەکەم. بۆ جیهان داوا ناکەم، بەڵکو بۆ ئەوانەی بە منت داون، چونکە هی تۆن. 10 هەرچییەک هی منە، هی تۆیە، هەرچییەکیش هی تۆیە، هی منە، من لە ئەواندا شکۆدار بووم. 11 ئەمان لەجیهان دەمێننەوە، بەڵام من تێیدا نامێنمەوە، چونکە من دەگەڕێمەوە لای تۆ. ئەی باوکی پیرۆز، بە ناوی خۆت بیانپارێزە کە بە منت داوە، تاکو ببنە یەک وەک ئێمە یەکین.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.