Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 93

93 یەزدان پاشایەتی دەکات، مەزنی لەبەر دەکات،
    یەزدان هێزی لەبەر دەکات و لە خۆی بەستووە،
    هەروەها جیهان چەسپاوە و ناهەژێت.
لە دێر زەمانەوە تەختت چەسپاوە،
    تۆ لە ئەزەلەوە و هەتاهەتایە هەیت.

ئەی یەزدان، دەریاکان بەرزیان کردەوە،
    دەریاکان دەنگیان بەرزکردەوە،
    دەریاکان شەپۆلەکانیان بەرز دەکەنەوە.
لە خوڕەی ئاوی زۆر،
    لە توانای شەپۆلەکانی دەریا،
    یەزدانی ئاسمان توانادارترە.

یاساکانت زۆر چەسپاون،
    ئەی یەزدان، پیرۆزی لە ماڵی تۆ دەوەشێتەوە،
    بە درێژایی ڕۆژگار.

دووەم پاشایان 2:13-15

13 کەواکەی ئەلیاسی هەڵگرتەوە کە لێی کەوتبووە خوارەوە، گەڕایەوە و لەسەر کەناری ڕووباری ئوردون ڕاوەستا. 14 ئینجا کەواکەی ئەلیاسی هەڵگرت، ئەوەی لێی کەوتبووە خوارەوە، بە کەوایەکە کێشای بە ئاوەکەدا و گوتی: «یەزدانی خودای ئەلیاس لەکوێیە؟» کاتێک بە ئاوەکەیدا کێشا، ئاوەکە شەقبوو، ئەلیشەع پەڕییەوە.

15 کاتێک ئەندامانی کۆمەڵی پێغەمبەرانی ئەریحا، ئەوانەی لە بەرامبەری بوون بینییان، گوتیان: «ڕۆحی ئەلیاس لەسەر ئەلیشەع جێگیر بووە.» ئینجا بەرەوپیری چوون و کڕنۆشیان بۆ برد.

یۆحەنا 8:21-30

21 دیسان عیسا پێی فەرموون: «من دەڕۆم و ئێوە بەدوامدا دەگەڕێن، بەڵام لەناو گوناهەکانتان دەمرن. ئێوە ناتوانن بێنە ئەو شوێنەی من بۆی دەچم.»

22 جولەکەکان دەیانگوت: «ئایا خۆی دەکوژێت؟ چونکە دەڵێ: ”ئێوە ناتوانن بێنە ئەو شوێنەی من بۆی دەچم.“»

23 ئیتر عیسا پێی فەرموون: «ئێوە هی خوارەوەن، من هی سەرەوەم. ئێوە هی ئەم جیهانەن، بەڵام من هی ئەم جیهانە نیم. 24 لەبەر ئەوە پێم گوتن: لەناو گوناهەکانتان دەمرن، چونکە ئەگەر باوەڕ نەهێنن کە من ئەوم، ئەوا لەناو گوناهەکانتان دەمرن.»

25 لێیان پرسی: «تۆ کێیت؟»

عیسا پێی فەرموون: «من هەر ئەوەم کە لە سەرەتاوە پێم گوتن. 26 زۆر شتم هەیە لەسەرتان کە بیڵێم و ئێوەی پێ حوکم بدەم. بەڵام ئەوەی ناردوومی جێی متمانەیە، هەرچیم لەو بیستووە بە جیهانی دەڵێم.»

27 ئەوان تێنەگەیشتن کە باسی باوکی دەکات. 28 لەبەر ئەوە عیسا پێی فەرموون: «کاتێک کوڕی مرۆڤتان بەرزکردەوە،[a] ئەوسا دەزانن کە من ئەوم و لە خۆمەوە هیچ ناکەم، بەڵکو وەک باوک فێری کردووم قسە دەکەم. 29 ئەوەی ناردوومی لەگەڵمدایە و بە تەنها بەجێی نەهێشتووم، چونکە هەمیشە ئەوە دەکەم کە جێی ڕەزامەندی ئەوە.» 30 کاتێک ئەم قسانەی دەکرد، زۆر کەس باوەڕیان پێی هێنا.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.