Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 66:8-20

ئەی خەڵکینە، ستایشی خودامان بکەن،
    با دەنگی ستایشکردنی ببیسترێت،
کە گیانی ئێمەی لە زیندووان پاراستووە و
    نەیهێشتووە پێمان بخلیسکێت.
10 ئەی خودایە، چونکە تۆ ئێمەت تاقی کردووەتەوە،
    وەک زیو ئێمەت پاڵاوتووە.
11 ئێمەت خستووەتە داوەوە و
    باری گرانت خستووەتە سەر شانمان.
12 تۆ هێشتت خەڵکی سواری سەرمان بن،
    بە ناو ئاو و ئاگردا ڕۆیشتین،
    بەڵام دواتر بۆ شوێنێکی بەپیتت هێناین.

13 بە قوربانی سووتاندنەوە دێمە پەرستگاکەت،
    نەزرەکانم بەجێدەهێنم،
14 ئەو نەزرانەی کە لە کاتی تەنگانەدا،
    لێوەکانم بەڵێنی پێدابوون و بە دەممدا هاتبوون.
15 ئاژەڵی قەڵەو دەکەمە قوربانی،
    لەگەڵ بۆنی دووکەڵی قۆچی قوربانی،
    تەگە[a] و گات بۆ دەکەمە قوربانی.

16 ئەی هەموو لەخواترسەکان، وەرن و گوێ بگرن،
    با پێتان بڵێم چی بۆ من کردووە.
17 بە دەمی خۆم هاوارم بۆی کرد،
    ستایشکردنی لەسەر زمانم بوو.
18 ئەگەر دڵم حەزی لە خراپە بووایە،
    پەروەردگار گوێی لێ نەدەگرتم،
19 بەڵام بێگومان خودا گوێی لێ گرتم،
    گوێی لە دەنگم بوو لە کاتی نوێژکردنم.
20 ستایش بۆ خودا،
    کە نە نوێژەکەی منی لە خۆی دوورخستەوە و
    نە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی خۆی لە من.

پەیدابوون 7

ئینجا یەزدان بە نوحی فەرموو: «بە خۆت و خاووخێزانەکەتەوە بڕۆنە ناو کەشتییەکەوە، چونکە لەم نەوەیەدا تۆم بە ڕاستودروست بینیوە لەبەردەمم. لە هەموو جۆرێک لە ئاژەڵە پاکەکان، نێر و مێ، حەوت جووت لەگەڵ خۆت دەبەیت، لەو ئاژەڵانەی پاک نین، نێرینەیەک و مێینەکەی، جووتێک دەبەیت. لە باڵندەکانی ئاسمانیش حەوت جووت، لە نێر و مێیان، بۆ هێشتنەوەی ڕەگەزەکانیان لەسەرتاسەری ڕووی زەوی. دوای حەوت ڕۆژی دیکە، چل شەو و چل ڕۆژ باران بەسەر زەویدا دەبارێنم. هەموو ئەو بوونەوەرە زیندووانە لەسەر ڕووی زەوی دەسڕمەوە کە دروستم کردوون.»

نوح هەموو شتێکی ئەنجام دا، بەپێی ئەوەی یەزدان فەرمانی پێدا.

نوح تەمەنی شەش سەد ساڵ بوو کە ئاوی لافاو لەسەر زەوی هەستا. نوح خۆی و کوڕەکانی و ژنەکەی و بووکەکانی پێش ئاوی لافاوەکە چوونە ناو کەشتییەکە. لە ئاژەڵە پاک و ئاژەڵە ناپاکەکان، لە باڵندە و هەموو ئەو بوونەوەرانەی لەسەر زەوی دەخشێن، جووت جووت لە نێر و مێ، هاتنە لای نوح و چوونە ناو کەشتییەکە، هەروەک چۆن خودا فەرمانی بە نوح دابوو. 10 دوای حەوت ڕۆژەکە ئاوی لافاوەکە هاتە سەر زەوی.

11 کاتێک نوح تەمەنی شەش سەد ساڵ بوو، لە حەڤدەمین ڕۆژی مانگی دووەم، لەو ڕۆژەدا هەموو سەرچاوەکانی دەریا گەورەکەی ژێر زەوی[a] تەقینەوە و دەروازەکانی ئاسمانیش کرانەوە. 12 چل شەو و چل ڕۆژیش لەسەر زەوی باران باری.

13 هەر لە هەمان ڕۆژدا نوح و کوڕەکانی، سام و حام و یافەت، پێکەوە لەگەڵ ژنەکەی و هەر سێ بووکەکەی چوونە ناو کەشتییەکە. 14 لەگەڵیان هەموو ئاژەڵە کێوییەکان بەپێی جۆریان و هەموو ئاژەڵە ماڵییەکان بەپێی جۆریان و هەموو بوونەوەرە خشۆکەکانی لەسەر زەوی دەخشێن بەپێی جۆریان و هەموو باڵندەیەک بەپێی جۆریان و هەموو باڵدارێک. 15 جووت جووت لە هەموو بوونەوەرێک کە هەناسەی ژیانیان تێدابوو چوونە ناو کەشتییەکە، بۆ لای نوح. 16 ئەوانەی دەهاتنە ناوەوە لە نێر و مێی هەموو گیاندارێکی زیندوو بوون، وەک چۆن خودا فەرمانی بە نوح دابوو. ئینجا یەزدان لەدوایەوە دەرگای کەشتییەکەی داخست.

17 لافاوەکە بۆ ماوەی چل ڕۆژ لەسەر زەوی بەردەوام بوو. کاتێک ئاو زۆر بوو کەشتییەکەی هەڵگرت، ئیتر کەشتییەکە لە زەوی بەرزبووەوە. 18 ئاو لەسەر زەوی بەرزبووەوە و گەلێک زۆر بوو، کەشتییەکەش لەسەر ڕووی ئاوەکە دەڕۆیشت. 19 ئاو لەسەر زەوی زۆر بەرزبووەوە هەتا هەموو شاخە بەرزەکانی ژێر هەموو ئاسمان داپۆشران. 20 بە بەرزی پازدە باڵ[b] ئاو لەسەر شاخەکان بەرزبووەوە، شاخەکانیش داپۆشران. 21 ئیتر هەموو شتێکی زیندوو کە لەسەر زەوی دەجوڵایەوە لەناوچوو، لە باڵندە و ئاژەڵی ماڵی و ئاژەڵی کێوی و هەموو ئەو کۆمەڵە زیندەوەرانەی لەسەر زەوی دەجوڵانەوە، هەموو ئادەمیزادیش. 22 هەر شتێک لەسەر وشکانی کە هەناسەی ژیان لە لووتیدا بوو، مرد. 23 هەموو شتێکی زیندوو لەسەر ڕووی زەوی سڕایەوە، مرۆڤ و ئاژەڵ و بوونەوەرە خشۆکەکان و هەموو باڵندەکانی ئاسمانیش، لەسەر زەوی سڕانەوە. تەنها نوح و ئەوانە مانەوە کە لە کەشتییەکە لەگەڵی بوون.

24 ئاوی لافاویش سەد و پەنجا ڕۆژ لەسەر زەوی بوو.

کردار 27:13-38

گەشتێکی ترسناک

13 کە شنەبای باشوور هەڵیکرد، وایانزانی بە مرازیان گەیشتن، لەنگەریان بەرزکردەوە و بە نزیک کەناری کریتدا تێدەپەڕین. 14 بەڵام دوای کەمێک تۆفانێک کە بە «باکووری ڕۆژهەڵات» ناسراوە لەلای دوورگەکەوە هەڵیکرد و 15 کەشتییەکەی گرتەوە و نەیتوانی ڕووبەڕووی بێتەوە، خۆمان بەدەستەوە دا و تۆفانەکە ئێمەی لەگەڵ خۆی برد. 16 تۆفانەکە بەرەو ئێمەی پەنای دوورگەیەکی بچووک برد کە ناوی کەودا بوو، بە زەحمەت توانیمان بەلەمی ڕزگاربوون بخەینە ژێر ڕکێفمانەوە. 17 کاتێک بەلەمەکەیان بەرز کردەوە، گوریسیان بۆ بەستنەوەی کەشتییەکە بەکاردەهێنا. دەترسان بکەونە ناو تەنکاوی[a] سیرتیس، بۆیە لە کەشتییەکەوە لەنگەری دەریایان[b] دابەزاند، بەو شێوەیە تۆفانەکە کەشتییەکەی برد. 18 بۆ بەیانی ڕەشەباکە توند بوو، دەستیان بە سووککردنی بارەکە کرد. 19 لە ڕۆژی سێیەم بە دەستی خۆیان کەلوپەلی کەشتییەکەیان فڕێدا. 20 ماوەیەکی درێژ نە خۆرمان بینی و نە ئەستێرە، ڕەشەباکە بەهێزتر دەبوو، لە کۆتاییدا هەموو هیوایەکی ڕزگاربوونمان بڕا.

21 کاتێک ماوەیەکی زۆر بوو نانیان نەخواردبوو، پۆڵس لەناوەڕاستیان ڕاوەستا و گوتی: «کوڕینە، دەبووایە گوێتان لە من بگرتایە و کریتتان بەجێ نەهێشتایە، ئەوسا لەم تێکشکان و زیانە دوور دەبوون. 22 ئێستاش لێتان دەپاڕێمەوە ورە بەرنەدەن، کەستان ژیانی لەدەست نادات، کەشتییەکە نەبێت، 23 چونکە ئەمشەو فریشتەی ئەو خودایەی من هی ئەوم و دەیپەرستم هاتە لام، 24 گوتی: ”پۆڵس مەترسە! دەبێت تۆ لەبەردەم قەیسەر ڕاوەستیت و ئەوەتا خودا ژیانی هەموو ئەوانەت دەداتێ کە لەگەڵت گەشت دەکەن.“ 25 کەواتە کوڕینە، ورەبەرز بن، چونکە باوەڕم بە خودا هەیە کە ئاوا دەبێت، وەک ئەوەی پێی فەرمووم. 26 بەڵام دەبێت بکەوینە سەر دوورگەیەک.»

27 لە شەوی چواردەیەمیندا کە هێشتا تۆفانەکە لە دەریای ئەدریا کەشتییەکەی لەگەڵ خۆی دەبرد، لە نیوەشەودا کەشتیوانان وایانزانی لە وشکانی نزیک دەبنەوە. 28 کە پێوایان بینییان بیست باڵایە[c]. کەمێک ڕۆیشتن و پێوایانەوە بینییان پازدە باڵایە. 29 دەترسان نەوەک بکەونە سەر بەرد، لە پشتەوە چوار لەنگەریان شۆڕکردەوە و دەپاڕانەوە تاکو ڕۆژ هەڵبێت. 30 کەشتیوانان هەوڵیان دا لە کەشتییەکە هەڵبێن، بەلەمی ڕزگاربوونیان بۆ دەریا شۆڕکردەوە بە بیانووی ئەوەی دەیانەوێ چەند لەنگەرێک لە پێشەوە شۆڕبکەنەوە. 31 پۆڵس بە سەرپەل و سەربازەکانی گوت: «ئەگەر ئەمانە لە کەشتییەکەدا نەمێننەوە، ناتوانن ڕزگارتان بێت.» 32 ئەوسا سەربازەکان گوریسی بەلەمی ڕزگاربوونیان بڕی و وازیان لێی هێنا بکەوێت.

33 کاتێک خەریک بوو ڕۆژ هەڵدەهات، پۆڵس تکای لە هەمووان کرد نان بخۆن، گوتی: «ئەمە ڕۆژی چواردەیەمینە و ئێوە چاوەڕوان و بەردەوامن بێ ئەوەی هیچ بخۆن و هیچ وەربگرن. 34 بۆیە تکاتان لێ دەکەم نان بخۆن، چونکە ئەمە بۆ ڕزگاربوونتانە. کەستان تاڵێک لە قژی سەری نافەوتێت.» 35 کە ئەمەی گوت، نانێکی هەڵگرت و لەبەردەم هەمووان سوپاسی خودای کرد، ئینجا لەتی کرد و دەستی بە خواردن کرد. 36 ئیتر هەموویان ورەیان بەرزبووەوە و نانیان خوارد. 37 ئەوانەی ناو کەشتییەکە هەموومان دوو سەد و حەفتا و شەش کەس بووین. 38 کە تێر نانیان خوارد، بە فڕێدانی دانەوێڵەکە بۆ ناو دەریا کەشتییەکەیان سووککرد.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.