Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
8 ئەی خەڵکینە، ستایشی خودامان بکەن،
با دەنگی ستایشکردنی ببیسترێت،
9 کە گیانی ئێمەی لە زیندووان پاراستووە و
نەیهێشتووە پێمان بخلیسکێت.
10 ئەی خودایە، چونکە تۆ ئێمەت تاقی کردووەتەوە،
وەک زیو ئێمەت پاڵاوتووە.
11 ئێمەت خستووەتە داوەوە و
باری گرانت خستووەتە سەر شانمان.
12 تۆ هێشتت خەڵکی سواری سەرمان بن،
بە ناو ئاو و ئاگردا ڕۆیشتین،
بەڵام دواتر بۆ شوێنێکی بەپیتت هێناین.
13 بە قوربانی سووتاندنەوە دێمە پەرستگاکەت،
نەزرەکانم بەجێدەهێنم،
14 ئەو نەزرانەی کە لە کاتی تەنگانەدا،
لێوەکانم بەڵێنی پێدابوون و بە دەممدا هاتبوون.
15 ئاژەڵی قەڵەو دەکەمە قوربانی،
لەگەڵ بۆنی دووکەڵی قۆچی قوربانی،
تەگە[a] و گات بۆ دەکەمە قوربانی.
16 ئەی هەموو لەخواترسەکان، وەرن و گوێ بگرن،
با پێتان بڵێم چی بۆ من کردووە.
17 بە دەمی خۆم هاوارم بۆی کرد،
ستایشکردنی لەسەر زمانم بوو.
18 ئەگەر دڵم حەزی لە خراپە بووایە،
پەروەردگار گوێی لێ نەدەگرتم،
19 بەڵام بێگومان خودا گوێی لێ گرتم،
گوێی لە دەنگم بوو لە کاتی نوێژکردنم.
20 ستایش بۆ خودا،
کە نە نوێژەکەی منی لە خۆی دوورخستەوە و
نە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی خۆی لە من.
5 یەزدان بینی کە خراپەکاری مرۆڤ لەسەر زەوی زۆر بووە، هەروەها هەموو بیروبۆچوونەکانی دڵیشی بە درێژایی ڕۆژ تەنها لەلای خراپەیە. 6 یەزدان خەفەتبار بوو کە مرۆڤی لەسەر زەوی دروستکردبوو، هەروەها دڵگرانیش بوو. 7 ئیتر یەزدان فەرمووی: «مرۆڤ دەسڕمەوە، ئەوەی لەسەر ڕووی زەوی دروستم کرد، مرۆڤ و ئاژەڵ و بوونەوەری خشۆک و باڵندەی ئاسمان، چونکە خەفەت دەخۆم لەوانەی کە دروستم کردوون.» 8 بەڵام نوح لەبەرچاوی یەزدان ڕەزامەندی بەدەستهێنابوو.
9 ئەمانەش نەوەکانی نوحن.
نوح پیاوچاک و بێ کەموکوڕی نێو خەڵکانی سەردەمی خۆی بوو، دۆستی خودا بوو. 10 نوح سێ کوڕی بوو: سام و حام و یافەت.
11 زەویش لەبەردەم خودا گەندەڵ بوو و پڕیش بوو لە توندوتیژی. 12 خودا بینی زەوی چەند گەندەڵ بووە، چونکە هەموو مرۆڤێک ژیانی خۆی لەسەر زەوی گەندەڵ کردبوو. 13 ئیتر خودا بە نوحی فەرموو: «من کۆتایی بە بوونی هەموو ئادەمیزاد دەهێنم، چونکە بەهۆی ئەوانەوە زەوی پڕ بووە لە توندوتیژی. وا لەگەڵ زەوی لەناویان دەبەم. 14 کەشتییەک بۆ خۆت لە تەختەی دار سەروو دروستبکە، کەشتییەکە بکە لانە و بە قیڕ دیوی ناوەوە و دەرەوەی سواخ بدە. 15 ئاواش دروستی دەکەیت: سێ سەد باڵ درێژی کەشتییەکە بێت، پەنجا باڵ پانی بێت، سی باڵیش بەرزی بێت.[a] 16 بە ئەندازەی باڵێک[b] بۆشایی لەسەر کەشتییەکە بانێکی بۆ دروستدەکەیت، کەشتییەکە تەواو دەکەیت. دەرگای کەشتییەکەش لەتەنیشتەوە دادەنێیت. کەشتییەکە دەکەیتە سێ نهۆم، خوارەوە و ناوەڕاست و سەرەوە. 17 من وا ئاوی لافاو بەسەر زەویدا دەهێنم، بۆ لەناوبردنی هەموو ژیانێک لەژێر ئاسمان، هەروەها هەموو زیندەوەرێک کە هەناسەی ژیانی تێدایە. هەرچییەک لەسەر زەوییە لەناودەچێت. 18 بەڵام من پەیمانی خۆم لەگەڵ تۆ دەچەسپێنم. تۆ دەچیتە ناو کەشتییەکەوە، خۆت و کوڕەکانت و ژنەکەت و بووکەکانیشت لەگەڵت. 19 لە هەموو بوونەوەرێکی زیندوو، نێر و مێ، جووتێک لەگەڵ خۆت دەهێنیتە ناو کەشتییەکەوە، بۆ هێشتنەوەیان بە زیندووێتی. 20 جووتێک لە هەموو جۆرێک لە جۆرەکانی باڵندە و لە جۆرەکانی ئاژەڵ و لە جۆرەکانی بوونەوەرە خشۆکەکانی زەوی دێنە لات، بۆ هێشتنەوەیان بە زیندووێتی. 21 تۆش بۆ خۆت هەر خۆراکێک کە دەبێت بخورێت بیبە و لەلای خۆت کۆی بکەرەوە، تاکو بۆ خۆت و بۆ ئەوان ببێتە خواردەمەنی.»
22 جا نوح هەموو ئەوەی خودا فەرمانی پێ کردبوو، ئەنجامی دا.
گەشتی پۆڵس بەرەو ڕۆما
27 کاتێک بڕیار درا بە دەریادا بۆ ئیتالیا بڕۆین، پۆڵس و هەندێک بەندکراوی دیکە درانە دەست سەرپەلێک لە سوپای ئیمپڕاتۆر ناوی یولیۆس بوو. 2 سواری کەشتییەکی ئەدرامیتی بووین، کە بەتەمابوو بە چەند شوێنێکی ئاسیادا بڕوات، جا بەڕێکەوتین. ئەریستارخۆسی مەکدۆنیمان لەگەڵ بوو، خەڵکی سالۆنیکییا.
3 بۆ بەیانی گەیشتینە سەیدا. یولیۆس لەگەڵ پۆڵس باش بوو، ڕێگای دا بچێتە لای برادەرانی تاکو پێویستییەکانی دابین بکەن. 4 ئینجا لەوێوە بەڕێکەوتین و بە پەنای قوبرسدا ڕۆیشتین، چونکە با پێچەوانە بوو. 5 کە ئەو دەریایەمان بڕی، ئەوەی لەتەنیشت کیلیکیا و پامفیلیایە، لە میرای لیکیە دابەزین. 6 لەوێ سەرپەلەکە کەشتییەکی دۆزییەوە ئەسکەندەری بوو دەچووە ئیتالیا، سواری کردین. 7 کەشتییەکە ماوەیەکی درێژ بە هێواشی دەڕۆیشت و بە زەحمەت لە کنیدۆس نزیک کەوتینەوە، بایەکە نەیهێشت زیاتر بڕۆین، بە پەنای کریتدا و لە بەرامبەر سەرلمۆن ڕۆیشتین. 8 بە زەحمەت تێپەڕمان کرد و گەیشتینە شوێنێک پێی دەگوترێ بەندەرە باشەکان، کە لە شاری لەسائیە نزیکە.
9 لەدوای تێپەڕینی ماوەیەکی زۆر گەشتی دەریایی ترسناک بوو چونکە ڕۆژی کەفارەت[a] بەسەرچووبوو، هەر بۆیە پۆڵس ئاگاداری کردنەوە و 10 پێی گوتن: «کوڕینە، دەبینم گەشتەکە بە تێکشکان و زیانێکی گەورەوە دەبێت، نەک تەنها بۆ کەشتی و بارەکەی، بەڵکو بۆ ژیانیشمان.» 11 بەڵام سەرپەلەکە لایەنگری کەشتیوان و خاوەنەکەی دەکرد، نەک قسەی پۆڵس. 12 لەبەر ئەوەی بەندەرەکە بۆ بەسەربردنی زستان باش نەبوو، بۆیە زۆربەیان بڕیاریان دا ئەوێش بەجێبهێڵن، بە هیوای ئەوەی بگەنە فینکس تاکو زستانی تێدا بەسەرببەن، کە بەندەرێکی کریت بوو ڕووەو باشووری ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژئاوا.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.