Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
زەبوورەکان 102:1-17

نوێژی هەژارێکی ورەڕووخاو، کە هاواری دەباتە بەردەم یەزدان.

102 ئەی یەزدان، گوێ لە نوێژم بگرە،
    با هاوارم بگاتە لات.
لە ڕۆژی تەنگانەدا ڕووی خۆتم لێ مەشارەوە،
    لەو ڕۆژەی کە هاوارت بۆ دەکەم گوێم بۆ شل بکە،
    زوو وەڵامم بدەوە.

ڕۆژگارم وەک دووکەڵ ڕەوییەوە،
    ئێسکم وەک پشکۆ گڕی گرتووە.
هەڵپڕووکاوە، دڵم وشک بووەتەوە،
    نانخواردنم لەبیر نەماوە.
لە دەنگی ناڵەم
    ئێسکم بە پێستمەوە نووساوە.
وەک کوندەپەپووی بیابانی چۆڵەوانیم لێهاتووە،
    وەک کوندەپەپووی کەلاوەم لێهاتووە.
ڕادەکشێم و
    وەک چۆلەکەیەکی تەنهای سەربانم لێهاتووە.
بە درێژایی ڕۆژ دوژمنەکانم سووکایەتیم پێ دەکەن،
    ئەوانەی لە دژی منن وەک شێتیان لێ هاتووە، نەفرەتم لێدەکەن.
بۆیە خۆڵەمێش دەخۆم وەک نان،
    فرمێسکم تێکەڵ بە خواردنەوەم بووە.
10 لەبەر تووڕەیی و نەفرەتی تۆ،
    چونکە هەڵتگرتم و فڕێتدام.
11 ڕۆژگارم وەک سێبەری خوارە،
    خۆشم وەک گیا وشک دەبمەوە.

12 تۆش ئەی یەزدان، هەتاهەتایە لەسەر تەختی،
    نەوە دوای نەوە یادت دەکەنەوە.
13 تۆ هەڵدەستیت و بەزەییت بە سییۆن دێتەوە،
    چونکە ماوەی میهرەبانییە، چونکە کاتی هاتووە.
14 چونکە خزمەتکارەکانت بە تاسەوەن بۆ بەردەکانی،
    دڵیان دەسووتێ بۆ خۆڵەکەی.
15 هەموو نەتەوەکان لە ناوی یەزدان دەترسن،
    هەموو پاشاکانی زەویش لە شکۆمەندیت.
16 چونکە کە یەزدان سییۆن بنیاد دەنێتەوە،
    بە شکۆمەندی خۆی دەبینرێت.
17 ئاوڕ لە نوێژی ڕووتوڕەجاڵەکان دەداتەوە،
    نوێژەکانیان بە کەم نازانێت.

دەرچوون 13:17-22

ڕۆیشتن بەناو دەریا

17 ئەوە بوو کە فیرعەون ڕێی دا گەلەکە بڕۆن، خودا ڕێنمایی نەکردن بۆ ڕێگای خاکی فەلەستییەکان[a]، لەگەڵ ئەوەی نزیکیش بوو، چونکە خودا فەرمووی: «نەوەک گەل پەشیمان ببنەوە کاتێک شەڕ ببینن و بگەڕێنەوە بۆ میسر.» 18 ئیتر خودا گەلی سووڕاندەوە بۆ ڕێگای چۆڵەوانی دەریای سوور. نەوەی ئیسرائیل بە ڕیز چەکداربوون بۆ جەنگ و لە خاکی میسرەوە سەرکەوتن.

19 موساش ئێسکەکانی یوسفی لەگەڵ خۆی برد، چونکە یوسف نەوەی ئیسرائیلی سوێند دابوو و گوتبووی: «بێگومان خودا بەسەرتان دەکاتەوە، دەبێت ئێوەش لێرەوە ئێسقانەکانم لەگەڵ خۆتان ببەنەوە.»[b]

20 دوای ئەوەی لە سوکۆتەوە کۆچیان کرد و لە ئێتام لایاندا لە قەراغی چۆڵەوانی. 21 یەزدانیش لەپێشیانەوە دەڕۆیشت، بە ڕۆژ لە ستوونێکی هەوردا لە ڕێگا ڕابەرایەتی دەکردن، بە شەویش لە ستوونێکی ئاگر هەتا ڕووناکییان بۆ ببێت، بۆ ئەوەی بە شەو و ڕۆژ بڕۆن. 22 ستوونە هەورەکە بە ڕۆژ و ستوونە ئاگرەکە بە شەو لەبەردەم گەلدا لا نەدەچوون.

کردار 7:17-40

17 «بەڵام ئەو کاتەی بەڵێنەکە نزیک دەبووەوە کە خودا بە ئیبراهیمی دا، گەل لە میسر پەرەیان دەسەند و زۆردەبوون، 18 تاکو [لە میسر پاشایەکی نوێ هاتە سەر تەخت کە یوسفی نەدەناسی.][a] 19 لەگەڵ نەژادەکەمان بە فێڵ دەجوڵایەوە و خراپەی لەگەڵ باوباپیرانمان کرد، ناچاری دەکردن منداڵە ساواکانیان دووربخەنەوە تاکو بمرن.

20 «لەو کاتەدا موسا لەدایک بوو. لەبەرچاوی خودا جوان بوو، سێ مانگ لە ماڵی باوکی بەخێوکرا، 21 کاتێک دوورخرایەوە[b]، کچی فیرعەون هەڵیگرتەوە و کردییە کوڕی خۆی و بەخێوی کرد. 22 موساش لەناو هەموو دانایی میسرییەکاندا پەروەردە کرا، بە توانا لە قسە و کرداردا.

23 «کاتێک تەمەنی بووە چل ساڵ، بڕیاری دا سەردانی براکانی بکات، نەوەی ئیسرائیل. 24 یەکێکی بینی ستەمی لێ دەکرێت، بەرگری لێکرد و دادوەریی بۆ ستەملێکراو کرد، میسرییەکەی کوشت. 25 وایزانی برایانی تێدەگەن کە خودا لەسەر دەستی ئەو ڕزگاریان دەکات. بەڵام تێنەگەیشتن. 26 بۆ بەیانی دوو لە برا عیبرانییەکانی بینی کە شەڕیان دەکرد، هەوڵی دەدا ئاشتیان بکاتەوە، گوتی: ”ئێوە بران، بۆچی دەست بۆ یەکتری درێژ دەکەن؟“

27 «بەڵام ئەوەی ستەمی لە نزیکەکەی دەکرد، پاڵێکی پێوەنا و گوتی: [کێ تۆی کردووە بە گەورە و دادوەر بەسەرمانەوە؟ 28 ئایا دەتەوێ بمکوژیت هەروەک دوێنێ میسرییەکەت کوشت؟][c] 29 موساش بەهۆی ئەم قسەیەوە هەڵهات، لە خاکی میدیان بووە بێگانە و لەوێ دوو کوڕی بوو.

30 «دوای ئەوەی چل ساڵ تەواوبوو، [فریشتەیەک لە بیابانی شاخی سینا لەنێو دەوەنێکی داگیرساودا بۆی دەرکەوت.][d] 31 موساش ئەمەی بینی و لە دیمەنەکە سەرسام بوو، دەچووە پێش تاکو لە نزیکەوە سەیر بکات، دەنگی یەزدان هات: 32 [من خودای باوکانت، خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوبم.][e] بەڵام موسا لەرز گرتی و نەیوێرا سەیر بکات.

33 «[جا یەزدان پێی فەرموو: پێڵاوەکانت لە پێت دابکەنە، چونکە ئەو شوێنەی تۆ لەسەری وەستاویت خاکێکی پیرۆزە. 34 بەڕاستی من ئەزیەتی گەلەکەی خۆمم لە میسر بینی و گوێم لە ناڵەیان بوو، هاتمە خوارەوە تاکو دەربازیان بکەم. ئێستاش وەرە، دەتنێرمە میسر.][f]

35 «ئەو موسایەی ڕەتیان کردەوە و گوتیان: [کێ تۆی کردووە بە گەورە و دادوەر بەسەرمانەوە؟][g] هەر ئەو بوو خودا وەک گەورە و ئازادکەر بە دەستی ئەو فریشتەیە ناردی کە لە دەوەنەکەدا بۆی دەرکەوت. 36 ئەم دەریهێنان، لە ماوەی چل ساڵدا پەرجوو و نیشانەی لە خاکی میسر و دەریای سوور و چۆڵەوانیش کرد.

37 «ئەمە ئەو موسایەیە کە بە نەوەی ئیسرائیلی گوت: [خودا لەنێو براکانتان پێغەمبەرێکی وەک منتان بۆ دادەنێت.][h] 38 هەر ئەویش بوو لە چۆڵەوانی لەناو کڵێساکەدا[i] بوو، لەگەڵ ئەو فریشتەیەی لە شاخی سینا قسەی لەگەڵی دەکرد، لەگەڵ باوباپیرانیشمان، ئەوەی وشە زیندووەکانی وەرگرت تاکو بمانداتێ.

39 «بەڵام باوباپیرانمان نەیانویست گوێڕایەڵی بن. کەچی ئەویان ڕەتکردەوە و دڵیان بۆ میسر دەگەڕایەوە. 40 بە هارونیان گوت: [چەند خوداوەندێکمان بۆ دروستبکە لەپێشمانەوە بڕۆن، چونکە ئەم موسایە، ئەو پیاوەی ئێمەی لە خاکی میسرەوە دەرهێنا نازانین چی لێهات.][j]

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.