Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
کردار 7:55-60

55 بەڵام ستیفانۆس پڕ ببوو لە ڕۆحی پیرۆز، چاوی بڕییە ئاسمان، شکۆی خودای بینی و عیساش لە دەستە ڕاستی خودا وەستابوو. 56 گوتی: «دەبینم ئاسمان کراوەتەوە و کوڕی مرۆڤیش لە دەستە ڕاستی خودا ڕاوەستاوە.»

57 بەمە گوێی خۆیان توند گرت و هەمووان بە دەنگێکی بەرز هاواریان کرد و تێکڕا پەلاماریان دا، 58 بردییانە دەرەوەی شار و بەردبارانیان کرد. شایەتەکانیش جلەکانیان لەبەرپێی گەنجێک داکەند ناوی شاول بوو.

59 کاتێک ستیفانۆسیان بەردباران دەکرد، نوێژی دەکرد: «عیسای خاوەن شکۆ، ڕۆحم وەربگرە!» 60 ئینجا چۆکی دادا و بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «ئەی مەسیحی خاوەن شکۆ، ئەم گوناهەیان لەسەر مەنووسە.» ئەمەی گوت و نوست[a].

زەبوورەکان 31:1-5

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، زەبوورێکی داود.

31 ئەی یەزدان، من پەنا دەبەمە بەر تۆ،
    با هەرگیز شەرمەزار نەبم،
    بە ڕاستودروستی خۆت دەربازم بکە.
گوێت بۆم شل بکە،
    بە زوویی فریام بکەوە،
ببە بەو تاشەبەردەی پەنای بۆ دەبەم،
    بەو قەڵا سەختە بۆ ڕزگارکردنم.
لەبەر ئەوەی تاشەبەرد و قەڵای منی،
    لە پێناوی ناوی خۆت ڕابەرایەتی و ڕێنماییم بکە.
لەو تەڵەیەی بۆم نراوەتەوە ئازادم بکە،
    چونکە تۆ پەناگای منی.
ڕۆحی خۆم بە دەستی تۆ دەسپێرم،
    ئەی یەزدان، خودای ڕاستی، بمکڕەوە.

زەبوورەکان 31:15-16

15 ڕۆژگارم لەناو دەستی تۆدایە،
    لە دەستی دوژمنان و
    ئەوانەی ڕاوم دەنێن دەربازم بکە.
16 با ڕوخسارت بەسەر خزمەتکاری خۆتدا بدرەوشێتەوە،
    بە خۆشەویستی نەگۆڕی خۆت ڕزگارم بکە.

یەکەم پەترۆس 2:2-10

وەک ساوای تازە لەدایک بوو، ئارەزووتان لە شیری ڕۆحی پاک بێت، تاکو بەمە بۆ ڕزگاری گەشە بکەن، چونکە تامتان کردووە کە مەسیحی باڵادەست چاکە.

ئەوەی ئێوە دێنە لای، بەردە زیندووەکەیە، لەلایەن خەڵکەوە ڕەتکراوەتەوە، بەڵام لەلایەن خوداوە هەڵبژێردراوە و گرانبەهایە، ئێوەش وەک بەردی زیندوو لە خانووێکی ڕۆحی بنیادنراون، بۆ کاهینیێتی پیرۆز، بۆ کردنی قوربانییە ڕۆحییە قبوڵکراوەکان بۆ خودا لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە، چونکە لە نووسراوە پیرۆزەکاندا هاتووە:

[ئەوەتا بەردێک لە سییۆن دادەنێم،
    گرنگترین بەردی بناغەی[a] هەڵبژێردراو و گرانبەها،
    ئەوەی پشتی پێ ببەستێت شەرمەزار نابێت.][b]

بۆیە بۆ ئێوە کە باوەڕتان هێناوە ئەم بەردە گرانبەهایە، بەڵام بۆ بێباوەڕان،

[ئەو بەردەی وەستاکان ڕەتیان کردەوە،
    بوو بە گرنگترین بەردی بناغە،][c]

هەروەها:

[دەبێتە بەردێک بۆ کۆسپ،
    تاشەبەردێکیش کە لێی بکەونە خوارەوە.][d]

ئەوانە ساتمە دەکەن و دەکەون چونکە گوێڕایەڵی وشەی خودا نین، هەر ئەمەشە چارەنووسیان.

بەڵام ئێوە گەلێکی هەڵبژێردراون، کاهینیێتی شاهانە، نەتەوەیەکی پیرۆز، گەلی تایبەتی خودان[e]، تاکو چاکییەکانی ئەوە ڕابگەیەنن کە بانگی کردوون لە تاریکییەوە بۆ ڕووناکییە سەیرەکەی. 10 پێشتر گەل نەبوون، بەڵام ئێستا گەلی خودان، پێشتر بەزەییتان وەرنەگرتبوو، بەڵام ئێستا بەزەییتان وەرگرت.

یۆحەنا 14:1-14

ماڵی باوکم

14 «نیگەران مەبن. پشت بە خودا ببەستن[a]، پشت بە منیش ببەستن. ماڵی باوکم ژووری زۆری لێیە، ئەگەر ئاوا نەبووایە پێم دەگوتن. من دەچم تاکو شوێنتان بۆ ئامادە بکەم. جا کە ڕۆیشتم و شوێنم بۆ ئامادەکردن، دێمەوە و دەتانبەمە لای خۆم، تاکو ئێوەش لەو شوێنە بن کە من لێی دەبم. ئێوەش ڕێگای ئەو شوێنە دەزانن کە بۆی دەچم.»

من ڕێگا و ڕاستی و ژیانم

تۆماس پێی گوت: «گەورەم، نازانین بۆ کوێ دەچیت، چۆن ڕێگاکە بزانین؟»

عیساش پێی فەرموو: «منم ڕێگا و ڕاستی و ژیان. کەس نایەتە لای باوک لە ڕێگەی منەوە نەبێت. ئەگەر ئێوە منتان بناسیایە، باوکیشمتان دەناسی. لە ئێستاوە دەیناسن و بینیوتانە.»

فیلیپۆس پێی گوت: «گەورەم، باوکمان پیشان بدە و بەسمانە.»

عیساش پێی فەرموو: «فیلیپۆس، ئایا ماوەیەکی درێژە لەگەڵتانم و نەتناسیوم؟ ئەوەی منی بینیوە باوکی بینیوە. ئیتر چۆن دەڵێی: ”باوکمان نیشان بدە“؟ 10 ئایا باوەڕ ناکەی من لە باوکدام و باوکیش لە مندایە؟ ئەو قسانەی پێتانی دەڵێم لە خۆمەوە نایڵێم، بەڵکو باوک کە لە مندا نیشتەجێیە، ئەو کارەکانی خۆی دەکات. 11 باوەڕم پێ بکەن کە من لە باوکدام و باوکیش لە مندایە، ئەگەر نا بەهۆی کارەکان خۆیانەوە باوەڕ بکەن. 12 ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوەی باوەڕم پێ بهێنێت، ئەو کارانە دەکات کە من دەیکەم، لەمانەش گەورەتر[b] دەکات، چونکە بۆ لای باوک دەچم. 13 هەرچییەک بە ناوی منەوە داوا بکەن دەیکەم، تاکو باوک لە کوڕەکەدا شکۆدار بێت. 14 ئەگەر شتێکتان بە ناوی منەوە داوا کرد، دەیکەم.

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.