Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
زەبوورێکی ستایش.
100 ئەی هەموو زەوی، هاواری خۆشی بۆ یەزدان بکەن،
2 بە شادمانییەوە یەزدان بپەرستن،
بە هەلهەلەوە وەرنە بەردەمی.
3 بزانن کە یەزدان خودایە،
ئەوە کە ئێمەی دروستکردووە و ئێمەش هی ئەوین.
ئێمە گەل و مەڕی لەوەڕگای ئەوین.
4 بە سوپاسەوە بڕۆنە ناو دەروازەکانی[a]،
بە ستایشەوە بڕۆنە ناو حەوشەی پەرستگاکەی،
سوپاسی بکەن و ستایشی ناوی بکەن.
5 چونکە یەزدان چاکە و
خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە،
دڵسۆزیشی بۆ نەوە دوای نەوەیە.
17 «”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئێوەش ئەی مێگەلەکەم، سەیر بکەن، من لەنێوان مەڕێک و مەڕێکی دیکە دادوەری دەکەم، لەنێوان بەران و نێرییەکان. 18 ئایا بەس نییە بەلاتانەوە لە لەوەڕگای باش بلەوەڕێن، لەوەڕگاکانی دیکەش بە پێ دەپەستنەوە؟ ئایا بەس نییە کە لە ئاوە سازگارەکان بخۆنەوە، ئەوەی دەمێنێتەوە بە پێتان دەیشڵەقێنن 19 هەتا مێگەلی من لە پێپەستی ئێوە بخوات و لە ئاوی شڵەقاوی پێیەکانتان بخواتەوە؟
20 «”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمەیان پێ دەفەرموێت: من لەنێوان مەڕی قەڵەو و مەڕی لاواز دادوەری دەکەم. 21 لەبەر ئەوەی ئێوە هەموو مەڕە لاوازەکان بە کەلەکەتان بەلاوە دەنێن و بە شانیشتان پاڵیان پێوە دەنێن و بە قۆچتان لێیان دەدەن هەتا دووریان بخەنەوە و پەرتەوازەیان بکەن، 22 من فریای مێگەلی خۆم دەکەوم و لەمەودوا نابێت بە تاڵانی، دادوەریش لەنێوان مەڕێک و مەڕێکی دیکەدا دەکەم. 23 یەک شوانی بۆ دادەنێم، کە داودی بەندەمە، ئەو دەیلەوەڕێنێت و ئەو دەبێت بە شوانی.
شوانی مێگەلی خودا
5 داوا لەو پیرانە دەکەم کە لەنێوتاندان، وەک پیرێکی هاوڕێ، شایەتی ئازارەکانی مەسیح و هاوبەشی ئەو شکۆیەی وا ڕادەگەیەنرێ: 2 ئەو مێگەلەی خودا بلەوەڕێنن کە لەنێوانتاندایە، وەک چاودێر خزمەت بکەن، نەک بە ناچاری، بەڵکو بە ویستەوە بەگوێرەی خودا، نەک بۆ دەستکەوتی شەرمەزاری، بەڵکو بە چالاکییەوە، 3 خۆتان بەسەر ئەوانەدا مەسەپێنن کە دراونەتە دەستتان، بەڵکو ببنە نموونە بۆ مێگەل. 4 کاتێکیش سەرۆکی شوانان دەردەکەوێ، تاجی شکۆ وەردەگرن کە کاڵ نابێتەوە.
5 ئەی لاوەکان، بە هەمان شێوە ملکەچی پیران بن، هەمووتان خۆتان بە بچووکی یەکتر بزانن، چونکە:
[خودا بەرهەڵستی لووتبەرزەکان دەکات،
بەڵام نیعمەت دەداتە بێفیزەکان.][a]
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.