Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
116 یەزدانم خۆشدەوێت،
چونکە گوێ لە دەنگ و لە پاڕانەوەم دەگرێت،
2 چونکە گوێی خۆی بۆم شل کرد،
هەتا ماوم هەر لێ دەپاڕێمەوە.
3 تۆڕی مەرگ دەوری دام،
ناخۆشی جیهانی مردووان کەوتە سەرم،
دەرد و تەنگانەم چێژت.
4 بە ناوی یەزدانەوە دەپاڕێمەوە:
«ئەی یەزدان، تکات لێ دەکەم، گیانم دەرباز بکە!»
12 چی بدەمەوە یەزدان،
بەرامبەر هەموو چاکەکانی بۆ من.
13 جامی ڕزگاری بەرز دەکەمەوە و
بە ناوی یەزدانەوە دەپاڕێمەوە.
14 نەزرەکانم بۆ یەزدان بەجێدەهێنم،
بەرامبەر بە هەموو گەلەکەی.
15 یەزدان مردنی خۆشەویستانی
لەبەرچاو سەنگینە.
16 ئەی یەزدان، من بە ڕاستی خزمەتکاری تۆم،
من خزمەتکاری تۆم، کوڕی کەنیزەکەت،
تۆ کۆتەکانی منت کردەوە.
17 قوربانی سوپاسگوزاری بۆ تۆ سەردەبڕم،
بە ناوی یەزدانەوە دەپاڕێمەوە.
18 نەزرەکانم بۆ یەزدان بەجێدەهێنم،
بەرامبەر بە هەموو گەلەکەی،
19 لە حەوشەی ماڵی یەزداندا،
لە ناوەندی تۆدا، ئەی ئۆرشەلیم.
هەلیلویا!
گۆرانییەک بۆ ستایش
26 لەو ڕۆژەدا لە خاکی یەهودا ئەم گۆرانییە دەڵێن:
شاری بەهێزمان هەیە،
خودا ڕزگاری دەکاتە
شوورا و سەنگەری.
2 دەروازەکان بکەنەوە
با نەتەوەی ڕاستودروست
پارێزەری باوەڕ بێتە ژوورەوە.
3 تۆ کەسی بیروڕا چەسپاو
بە ئاشتی تەواو دەپارێزیت،
چونکە پشتی بە تۆ بەستووە.
4 هەتاهەتایە پشت بە یەزدان ببەستن،
چونکە یەزدان، هەر یەزدان، تاشەبەردەکەی هەتاهەتاییە.
بانگەواز بۆ پیرۆزی
13 بۆیە با مێشکتان ئامادە بێت بۆ چالاکی، خۆڕاگر بن، هیواتان بە تەواوی لەسەر ئەو نیعمەتە بێت کە لە ئاشکراکردنی عیسای مەسیحەوە دێت. 14 وەک منداڵی گوێڕایەڵ، وەک کاتی نەزانی خۆتان لەگەڵ هەوەسە کۆنەکانتان مەگونجێنن، 15 بەڵکو وەک ئەوەی بانگی کردوون پیرۆزە، ئێوەش لە هەموو هەڵسوکەوتێک پیرۆز بن، 16 چونکە نووسراوە: [پیرۆز بن، چونکە من پیرۆزم.][a]
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.