Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
پاڕانەوەیەکی داود.
16 ئەی خودایە، بمپارێزە،
چونکە من پەنا دەهێنمە بەر تۆ.
2 بە یەزدانم گوت: «تۆ گەورەی منی،
بێجگە لە تۆ هیچ شتێکی چاکم نییە.»
3 هەموو خۆشییەکم بە گەلە پیرۆزەکەیە کە لەناو خاکەکەن،
ئەوانە شکۆدارن.
4 ئەوانەی بەدوای خوداوەندەکانی دیکە دەکەون،
دەردیان زۆر دەبێت.
خوێنی قوربانییان بۆ ناڕێژم و
ناویشیان لەسەر لێوم نابێت.
5 ئەی یەزدان، تۆ بەشە میرات و چارەنووسی منی،
تۆ پشکی من دەستەبەر دەکەیت.
6 گوریس[a] کەوتە سەر چاکترین خاک بۆ بەشی من،
بە ڕاستی میراتێکی دڵخۆشکەرم هەیە.
7 ستایشی یەزدان دەکەم کە ئامۆژگاریم دەکات،
تەنانەت بە شەویش دڵم ڕێنماییم دەکات.
8 هەمیشە چاوم لەسەر یەزدانە،
لەبەر ئەوەی لەلای دەستەڕاستمەوەیە، ناهەژێم.
9 بۆیە دڵشادم و گیانم خۆشحاڵە،
تەنانەت جەستەم بە ئاسوودەیی نیشتەجێیە،
10 چونکە تۆ گیانم لە جیهانی مردوواندا بەجێناهێڵیت،
هەروەها ڕێگا نادەیت ئەوەی تۆ پیرۆزت کردووە[b] لەناو گۆڕ بۆگەن بێت.
11 ڕێگای ژیانت پێ ناساندم،
تێربوون لە شادی لە ئامادەبوونتدایە،
خۆشحاڵی هەتاهەتایی لەلای دەستە ڕاستی تۆدایە.
6 بمکە مۆر لەسەر دڵت،
مۆر لەسەر بازووت،
چونکە خۆشەویستی وەک مردن بەهێزە،
ئیرەیی وەک گۆڕ سەختە،
خۆشەویستی سووتێنەرە، گڕی ئاگرە،
وەک ئاگرێکی بەهێزە.
7 ئاوە زۆرەکان ناتوانن خۆشەویستی بکوژێننەوە،
ڕووبارەکان نوقومی ناکەن.
ئەگەر مرۆڤ هەموو سامانی ماڵەکەی
لە پێناوی خۆشەویستی ببەخشێت،
بە بێبەها دادەنرێت.
عیسا بۆ مریەم دەردەکەوێ
11 بەڵام مریەم لەلای گۆڕەکە لە دەرەوە ڕاوەستابوو دەگریا. کاتێک دەگریا، دانەوییەوە و سەیری ناو گۆڕەکەی کرد، 12 بینی دوو فریشتە بە جلی سپییەوە لەو شوێنەی تەرمەکەی عیسای لێ دانرابوو دانیشتوون، یەکێک لەلای سەرییەوە ئەوی دیکە لەلای پێیەوە.
13 لێیان پرسی: «خانم، بۆچی دەگریت؟»
وەڵامی دانەوە: «گەورەمیان بردووە، نازانم لەکوێ دایانناوە.» 14 کە ئەمەی گوت ئاوڕی دایەوە، بینی عیسا ڕاوەستاوە، بەڵام نەیزانی عیسایە.
15 عیسا پێی فەرموو: «خانم! بۆچی دەگریت؟ بەدوای کێدا دەگەڕێیت؟» وایزانی باخەوانەکەیە، پێی گوت: «گەورەم، ئەگەر تۆ بردووتە پێم بڵێ لەکوێ داتناوە تاکو بیبەمەوە.»
16 عیساش پێی فەرموو: «مریەم!»
ئەویش ئاوڕی دایەوە و بە عیبری پێی گوت: «ڕابۆنی!» (واتە مامۆستا.)
17 عیسا پێی فەرموو: «دەستم لێ مەدە، چونکە هێشتا بۆ لای باوک بەرز نەبوومەتەوە. بەڵام بڕۆ لای برایانم و پێیان بڵێ: ”من بەرز دەبمەوە بۆ لای باوکم و باوکتان، خودام و خوداتان.“»
18 مریەمی مەجدەلی هات و بە قوتابییەکانی ڕاگەیاند: «گەورەم بینی!» ئەوەشی پێ گوتن کە پێی فەرمووبوو.
دەرکەوتنی مەسیح بۆ قوتابییەکان
19 ئێوارەی هەمان ڕۆژ، کە یەکەم ڕۆژی هەفتە بوو، لە ترسی ڕابەرانی جولەکە ئەو شوێنەی قوتابییەکانی لێبوو دەرگاکانی داخرابوون، عیسا هات و لەناوەڕاستدا ڕاوەستا و پێی فەرموون: «سڵاوتان[a] لێ بێت!» 20 کە ئەمەی گوت، دەستی و کەلەکەی پیشاندان، جا قوتابییەکان کە مەسیحی خاوەن شکۆیان بینی دڵشاد بوون.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.