Print Page Options
Previous Prev Day Next DayNext

Revised Common Lectionary (Semicontinuous)

Daily Bible readings that follow the church liturgical year, with sequential stories told across multiple weeks.
Duration: 1245 days
Kurdi Sorani Standard (KSS)
Version
دەرچوون 12:1-4

سەری ساڵ و جەژنی پەسخە

12 یەزدان لە خاکی میسر بە موسا و هارونی فەرموو: «ئەم مانگە بۆتان دەبێتە سەری مانگەکان، بۆ ئێوە یەکەمی مانگەکانی ساڵە. لەگەڵ هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل بدوێن و بڵێن، لە دەی ئەم مانگە با هەر پیاوێک لەبری بنەماڵەکەی بەرخێک ببات، بەرخێک بۆ هەر ماڵێک. ئەگەر ماڵێک بچووک بوو و توانای خواردنی بەرخێکی نەبوو، ئەوا ئەو لەگەڵ نزیکترین دراوسێی ماڵەکەی بەگوێرەی ژمارەی کەسەکان، هەریەکە و بەگوێرەی خواردنی لە بەرخەکە حیسابی بۆ دەکرێت.

دەرچوون 12:5-10

دەبێت ئاژەڵێکی ساغ، نێر، یەک ساڵە دانێن بۆ خۆتان، لە بەرخ یان لە گیسک هەڵیاندەبژێرن. لەژێر پارێزگاریتان دەمێنێت هەتا ڕۆژی چواردەی ئەم مانگە، ئینجا هەموو کۆڕی کۆمەڵی ئیسرائیل لە کاتی خۆرئاوابوون سەری دەبڕن. لە خوێنەکەش هەڵدەگرن و لە هەردوو لای دەرگاکان و سەری دەرگاکانی ئەو ماڵانەشی دەدەن کە تێیدا دەیخۆن. گۆشتەکەش لەو شەوەدا بە ئاگر دەبرژێنرێت و لەگەڵ نانی فەتیرە و گیای تاڵ دەیخۆن. نەکەن بە خاوی یان لێنراو بە ئاو بیخۆن، بەڵکو بە ئاگر برژاو بێت، سەری و پێی و هەناوی. 10 لێشی مەهیڵنەوە بۆ بەیانی، ئەوەی لێی دەمێنێتەوە هەتا بەیانی، بە ئاگر بیسووتێنن.

دەرچوون 12:11-14

11 ئاواش دەیخۆن، ناوقەدتان بەسترا بێت و پێڵاوەکانتان لە پێتان بێت و گۆچانەکانتان لە دەستتان بێت، بە پەلە دەیخۆن، پەسخەیە[a] بۆ یەزدان.

12 «من ئەمشەو بە خاکی میسردا تێدەپەڕم و هەموو نۆبەرەیەک لە خاکی میسر دەکوژم، لە مرۆڤەوە هەتا ئاژەڵ، حوکمیش بەسەر هەموو خوداوەندەکانی میسردا دەدەم، من یەزدانم. 13 خوێنەکەش بۆتان دەبێتە نیشانە لەسەر ئەو ماڵانەی ئێوە تێیدان، کاتێک خوێنەکە دەبینم، بەسەرتاندا تێدەپەڕم. ئیتر کارەساتی لەناوچوون ئێوە ناگرێتەوە کاتێک خاکی میسر تووش دەکەم.

14 «ئەو ڕۆژەش دەبێتە یادگاری بۆتان و دەیکەنە جەژن بۆ یەزدان، فەرزێکی هەتاهەتاییە و نەوە دوای نەوە بەردەوام دەبێت.

زەبوورەکان 116:1-2

116 یەزدانم خۆشدەوێت،
    چونکە گوێ لە دەنگ و لە پاڕانەوەم دەگرێت،
چونکە گوێی خۆی بۆم شل کرد،
    هەتا ماوم هەر لێ دەپاڕێمەوە.

زەبوورەکان 116:12-19

12 چی بدەمەوە یەزدان،
    بەرامبەر هەموو چاکەکانی بۆ من.

13 جامی ڕزگاری بەرز دەکەمەوە و
    بە ناوی یەزدانەوە دەپاڕێمەوە.
14 نەزرەکانم بۆ یەزدان بەجێدەهێنم،
    بەرامبەر بە هەموو گەلەکەی.

15 یەزدان مردنی خۆشەویستانی
    لەبەرچاو سەنگینە.
16 ئەی یەزدان، من بە ڕاستی خزمەتکاری تۆم،
    من خزمەتکاری تۆم، کوڕی کەنیزەکەت،
    تۆ کۆتەکانی منت کردەوە.

17 قوربانی سوپاسگوزاری بۆ تۆ سەردەبڕم،
    بە ناوی یەزدانەوە دەپاڕێمەوە.
18 نەزرەکانم بۆ یەزدان بەجێدەهێنم،
    بەرامبەر بە هەموو گەلەکەی،
19 لە حەوشەی ماڵی یەزداندا،
    لە ناوەندی تۆدا، ئەی ئۆرشەلیم.

هەلیلویا!

یەکەم کۆرنسۆس 11:23-26

شێوی مەسیح

23 ئەوەی بە ئێوەم دا لە مەسیحی خاوەن شکۆم وەرگرتووە[a]: ئەوە بوو عیسای خاوەن شکۆ لەو شەوەی تێیدا بە گرتن درا، نانێکی هەڵگرت، 24 سوپاسی خودای کرد و لەتی کرد، فەرمووی: «ئەمە جەستەی منە کە لە پێناوی ئێوەیە. ئەمە بۆ یادکردنەوەی من بکەن.» 25 بە هەمان شێوە پاش نانخواردن، جامەکەی هەڵگرت و فەرمووی: «ئەم جامە پەیمانی نوێیە بە خوێنی من. هەر جارێک دەیخۆنەوە، ئەمە بۆ یادکردنەوەی من بکەن.» 26 جا هەر کاتێک لەم نانەتان خوارد و لەم جامەتان خواردەوە، ئەوا مردنی عیسای خاوەن شکۆ ڕادەگەیەنن، هەتا دێتەوە.

یۆحەنا 13:1-17

عیسا پێی قوتابییەکانی دەشوات

13 پێش جەژنی پەسخە، عیسا دەیزانی کاتی هاتووە ئەم جیهانە بەجێبهێڵێت و بۆ لای باوک بگەڕێتەوە، جا ئەوانەی هی خۆی بوون لە جیهاندا خۆشی دەویستن، تاکو ئەوپەڕی خۆشویستن.

ژەمی ئێوارە بوو، شەیتان خستبوویە دڵی یەهوزای ئەسخەریوتی کوڕی شیمۆن، کە عیسا بەدەستەوە بدات. عیساش دەیزانی باوک هەموو شتێکی خستووەتە ژێر دەستی، لە خوداوە هاتووە و بۆ خوداش دەگەڕێتەوە. لەسەر خوان هەستا، کەواکەی داکەند و خاولییەکی هەڵگرت و لە ناوقەدی بەست. پاشان عیسا ئاوی کردە ناو لەگەنێک و دەستی بە شوشتنی پێی قوتابییەکان کرد و بەو خاولییەی کە بە ناوقەدیەوە بەستبووی پێیانی دەیسڕییەوە.

کاتێک گەیشتە سەر شیمۆن پەترۆس، شیمۆن پێی گوت: «گەورەم تۆ پێی من دەشۆیت؟»

عیسا لە وەڵامدا پێی فەرموو: «ئێستا ئەمەی دەیکەم تێیناگەیت، بەڵام دواتر تێیدەگەیت.»

پەترۆس پێی گوت: «هەرگیز پێم ناشۆیت.»

عیساش وەڵامی دایەوە: «ئەگەر پێت نەشۆم، لەگەڵ من بەشت نابێت.»

جا شیمۆن پەترۆس پێی گوت: «گەورەم، تەنها پێم نا، بەڵکو دەست و سەریشم!»

10 عیساش پێی فەرموو: «ئەوەی خۆی شوشتبێت تەنها پێویستی بە پێ شوشتن هەیە، تەواوی جەستەی پاکە. ئێوەش پاکن بەڵام هەمووتان نا.» 11 عیسا فەرمووی: «هەمووتان پاک نین،» چونکە دەیزانی کێ بە گرتنی دەدات.

12 پاش شوشتنی پێیان کەواکەی هەڵگرت و دانیشتەوە، لێی پرسین: «ئایا لەوە تێگەیشتن کە بۆم کردن؟ 13 ئێوە بە ”مامۆستا“ و ”گەورە“ بانگم دەکەن و ڕاست دەکەن، چونکە من وام. 14 جا کە من گەورە و مامۆستاتانم و پێم شوشتن، ئێوەش لەسەرتانە پێی یەکتری بشۆن. 15 من نموونەیەکم پێدان تاکو ئەوەی بۆم کردن ئێوەش بیکەن. 16 ڕاستی ڕاستیتان پێ دەڵێم: کۆیلە لە گەورەکەی گەورەتر نییە، نێردراویش لەوەی ناردوویەتی گەورەتر نییە. 17 ئەگەر ئەمانەتان زانی، خۆزگە دەخوازرێت بە ئێوە ئەگەر پەیڕەوتان کرد.

یۆحەنا 13:31-35

ڕاسپاردەی نوێ

31 کاتێک چووە دەرەوە، عیسا فەرمووی: «ئێستا کوڕی مرۆڤ شکۆدار کرا و خوداش تێیدا شکۆدار کرا. 32 جا ئەگەر خودا تێیدا شکۆدار کرا، خوداش کوڕەکە لە خۆیدا شکۆدار دەکات، دەستبەجێ شکۆداری دەکات.

33 «ڕۆڵەکانم، ماوەیەکی کورت لەگەڵتاندا دەبم. جا بەدوامدا دەگەڕێن، بەڵام وەک چۆن بە جولەکەکانم گوت، ئێستا بە ئێوەشی دەڵێم: ئێوە ناتوانن بێنە ئەو شوێنەی کە من بۆی دەچم.

34 «من ڕاسپاردەیەکی نوێتان دەدەمێ: یەکتریتان خۆشبوێ. وەک خۆشمویستن، ئێوەش بەو جۆرە یەکتریتان خۆشبوێ. 35 بەمە هەموو خەڵک دەزانن کە قوتابی منن، ئەگەر خۆشەویستیتان بۆ یەکتری هەبێت.»

Kurdi Sorani Standard (KSS)

Holy Bible, Kurdi Sorani Standard ‪Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc‎.‎®‎‎ ‪All rights reserved worldwide‎.