Revised Common Lectionary (Semicontinuous)
زەبوورێکی داود.
143 ئەی یەزدان، نوێژم ببیستە،
گوێ لە پاڕانەوەم بگرە،
بە دڵسۆزی و ڕاستودروستی خۆت
وەڵامم بدەوە.
2 لەگەڵ خزمەتکاری خۆت مەکەوە دادگایی،
چونکە کەس نییە لەبەردەم تۆ بێتاوان دەربچێت.
3 چونکە دوژمن ڕاوم دەنێت،
ژیانمی بەرەو زەوی پێپەست کردووە،
لەناو تاریکی داینیشاندووم
وەک ئەوانەی دەمێکە مردوون.
4 ڕۆحم بێ ورە دەبێت،
لە ناخمەوە دڵم دەبەسترێت.
5 ڕۆژگاری دێرین دێتەوە یادم،
لە هەموو کارەکانت ورد دەبمەوە،
سەرنج دەدەمە کردارەکانی دەستت.
6 دەستم بۆ تۆ پاندەکەمەوە،
گیانم بۆ تۆ وەک خاکێکی وشکە.[a]
7 ئەی یەزدان، زوو وەڵامم بدەوە،
ڕۆحم لەناودەچێت،
ڕووی خۆتم لێ مەشارەوە،
ئەگینا لەوانە دەچم کە دەچنە نێو جیهانی مردووان.
8 با بەیانییان گوێم لە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت بێت،
چونکە من پشت بە تۆ دەبەستم.
ئەو ڕێگایەم پێ بناسێنە کە دەیگرمەبەر،
چونکە گیانی خۆم بۆ تۆ بەرز دەکەمەوە.
9 ئەی یەزدان، لە دوژمنەکانم دەربازم بکە،
هانا بۆ تۆ دەهێنم.
10 فێرم بکە بە ڕەزامەندی تۆ بهێنمە دی،
چونکە تۆ خودای منی.
ڕۆحە چاکەکەت ڕێنماییم دەکات
لە زەوییەکی ڕاست.
11 ئەی یەزدان، لەبەر ناوی خۆت بمژیێنەوە،
بە ڕاستودروستی خۆت گیانم لە تەنگانە دەربهێنە.
12 بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت دوژمنانم دەمکوت بکە،
هەموو ئەوانە لەناوببە کە تەنگم پێ هەڵدەچنن،
چونکە من خزمەتکاری تۆم.
یەرمیا کێڵگەیەک دەکڕێت
32 ئەمە ئەو پەیامەیە کە لەلایەن یەزدانەوە بۆ یەرمیا هات، لە ساڵی دەیەمی سدقیای پاشای یەهودا کە دەکاتە ساڵی هەژدەمینی نەبوخودنەسر. 2 ئەو کاتە لەشکری پاشای بابل گەمارۆی ئۆرشەلیمی دابوو، یەرمیای پێغەمبەریش لە حەوشەی پاسەوانەکانی کۆشکی پاشای یەهودا بەند کرابوو.
3 سدقیای پاشای یەهودا یەرمیای بەند کردبوو، پێی گوت: «بۆچی بەم پەیامە پێشبینیت کرد؟ گوتت: ”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: خەریکم ئەم شارە دەدەمە دەست پاشای بابل و دەیگرێت. 4 سدقیای پاشای یەهوداش لە دەست بابلییەکان دەرباز نابێت، بەڵکو دەدرێتە دەست پاشای بابلەوە، ڕووبەڕوو قسەی لەگەڵ دەکات، چاوەکانی ئەو دەبینێت. 5 سدقیا دەباتە بابل، لەوێ دەمێنێتەوە هەتا سزاکەی تەواو وەردەگرێت. ئەگەر لەگەڵ بابلییەکان بجەنگن سەر ناکەون. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.“»
6 ئینجا یەرمیا گوتی: «فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات: 7 حەنەمێلی کوڕی شەلومی مامت دێتە لات و پێت دەڵێت: ”ئەو کێڵگەیەی لە عەناتۆت هەمە بۆ خۆتی بکڕە، چونکە ماف و ئەرکی تۆیە بیکڕیتەوە[a].“
8 «جا بەپێی فەرمایشتی یەزدان حەنەمێلی کوڕی مامم هاتە لام بۆ حەوشەی پاسەوانەکان و پێی گوتم: ”کێڵگەکەم بکڕە، ئەوەی لە عەناتۆتە لە خاکی بنیامین، چونکە مافی کڕینەوە و خاوەنداریێتیت هەیە، بۆ خۆت بیکڕە.“
«جا زانیم ئەوە فەرمایشتی یەزدانە. 9 منیش کێڵگەکەم لە حەنەمێلی کوڕی مامم کڕی، ئەوەی لە عەناتۆتە، زیوەکەشم بۆی کێشا، حەڤدە شاقل زیو.
36 «ئێوە دەربارەی ئەو شارە دەڵێن: ”بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد دراوەتە دەست پاشای بابل.“ بەڵام یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دەفەرموێت: 37 ئەوەتا من کۆیان دەکەمەوە، لە هەموو ئەو خاکانەی کە بە تووڕەیی و هەڵچوونمەوە و بە پەستییەکی مەزنەوە دەرمکردن بۆیان، دەیانگەڕێنمەوە ئەم شوێنە و بە ئاسوودەیی نیشتەجێیان دەکەم. 38 ئەوان دەبن بە گەلی من و منیش دەبم بە خودای ئەوان. 39 یەک دڵ و یەک ڕێبازیان پێدەدەم، بۆ ئەوەی هەردەم لێم بترسن، بۆ چاکەی خۆیان و چاکەی کوڕەکانیان لەپاش خۆیان. 40 پەیمانێکی هەتاهەتاییان لەگەڵدا دەبەستم، کە خۆمیان لێ نەکێشمەوە و بەردەوام چاکەیان لەگەڵدا بکەم، ترسی خۆم بخەمە دڵیان، بۆ ئەوەی لێم لانەدەن. 41 پێیان شاد دەبم کە چاکەیان لەگەڵدا بکەم، بە دڵنیاییەوە، بە هەموو دڵم و لە ناخمەوە، لەم خاکەدا دەیانڕوێنم.
زیندووبوونەوەی مردووان
23 لە هەمان ڕۆژدا سەدوقییەکان هاتنە لای، کە بڕوایان بە زیندووبوونەوەی دوای مردن نییە، پرسیاریان لێکرد: 24 «مامۆستا، موسا فەرمووی، ئەگەر پیاوێکی وەجاخکوێر مرد، ئەوا براکەی براژنەکەی دەخوازێتەوە و وەچە بۆ براکەی دەخاتەوە. 25 جا لەلای ئێمە حەوت برا هەبوون، یەکەمیان ژنی هێنا و بە وەجاخکوێری مرد و ژنەکەی بۆ براکەی بەجێهێشت، 26 بە هەمان شێوە دووەم و سێیەم تاکو حەوتەم. 27 لەدوای هەموویان ژنەکەش مرد. 28 ئایا لە هەستانەوەدا دەبێتە ژنی کام لە حەوتەکە؟ چونکە هی هەموویان بووە.»
29 عیسا لە وەڵامدا پێی فەرموون: «ئێوە بە هەڵەدا چوونە، چونکە نە لە نووسراوە پیرۆزەکان دەزانن و نە لە هێزی خودا. 30 لە هەستانەوەدا خەڵکی نە ژن دەهێنن و نە مێرد دەکەن، بەڵکو وەک فریشتە لە ئاسمان دەبن. 31 بەڵام دەربارەی هەستانەوەی مردووان، ئایا ئەوەتان نەخوێندووەتەوە کە لە خوداوە بە ئێوە گوتراوە و دەفەرموێ: 32 [من خودای ئیبراهیم و خودای ئیسحاق و خودای یاقوبم][a]؟ خودا خودای مردووان نییە، بەڵکو هی زیندووانە.»
33 خەڵکەکە کە گوێیان لێی بوو، لە فێرکردنەکەی سەرسام بوون.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard Copyright © 1998, 2011, 2016 by Biblica, Inc.® All rights reserved worldwide.